کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" کە بە پێشەنگایەتی زیندانیانی ئێران ٧٧ هەفتەیە بەردەوامە، بە بەشداربوونی زیندانی یەزد لە ٤٨ زیندان بڵاوبووییەوە. زیندانیان لە چوارچێوەی کەمپەینەکەدا ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە و تیشکیان خستەسەر لەسێدارەدانی سیستەماتیکی ڕژێمی ئێران و بانگەوازیان کرد بۆ مەزنکردنی بەرخۆدان.
زیندانیان ڕایانگەیاند لە دوایین سزاکانی ئێران، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەهواز سزای لەسێدارەدان بۆ سێ زیندانیی سیاسیی بە ناوەکانی فەرشاد ئیعتمادی فەر، مەسعوود جامەعی و عەلیڕەزا مورادسی دەرچووە، هەروەها سێ هاوڵاتیی عەرەب بە ناوەکانی عەلی موجەدەم، موعین خونفەری و محەمەد ڕەزا موقەدەم کە سزای لەسێدارەدانیان پەسەند کراوە لە زیندانیی ئەهواز بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە کە مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ جاری چوارەم داواکاری بۆ دووبارە دادگایی کردنی مەهدی حەسەنی و بێهروز ئیحسانی دوو زیندانی سیاسی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، ڕەتکرایەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کەیسەکەیان ناڕوونی یاسایی تێدایە و پێشتر بە بیانووی نهێنی بوونی کەیسەکە ڕێگرییان لە پارێزەرەکە کردووە لە دەستگەیشتن بە وردەکارییەکانی، کە پێچەوانەی یاسایە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"دا هاتووە، لە ماوەی ئەم مانگەدا ٤٤ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون کە یەکێکیان ژن بووە، ئەوە دەردەخات لە ڕۆژێکدا دوو کەس لەسێدارە دەدرێت. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازان و چالاکوانان دەكەن دژی سزای لەسێدارەدان بووەستنەوە .
جێگای ئاماژەیە، هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو ڕۆژانی سێشەممەیەك ئەندامانی هەڵمەتەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.