لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا، دەربارەی سەرچاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نێونەتەوەیی و کەلتووری لە ڕۆژئاوا، کۆنفرانسێک ئەنجامدرا. ئەکادیمی و ڕۆژهەڵاتناس و کوردۆلۆگ و پسپۆڕی بوارە جیاوازەکان بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕۆژئاوا، ئیلهام ئەحمەد و بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی نەواف خەلیل و هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەمیرە حاجی عەلی بە ئۆنلاین بەشداری کۆنفرانسەکەیان کرد و وەڵامی پرسیاری ئەکادیمییەکانیان دایەوە.
نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕوسیا، ڕەشاد بێناڤ تیشکی خستەسەر گرنگی بنیاتنانی پردێکی زانستی و کەلتووری، گوتی: "بەرنامەیەکی وەها دەچێتە خزمەتی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا و تەواوی هەرێمەکە".
ئەکادیمییەکان لە بەشی کوردناسی، ڤادیم ماکارینکۆ و کریل ڤێرتایڤ و پرۆفیسۆر ستانیسلاڤ ئیڤانۆڤ، تیشکیان خستەسەر ڕۆڵی کوردان لە هەرێمەکە و شیکارییە مێژووییەکان و پێشبینییەکان دەربارەی ڕەوشی ئێستە.
هەروەها لە زانکۆکانی ڕوسیاوە، مارینین ئەلێکسی و تەیمور ڤاسیلنکۆ و شۆڕش ئابی، تیشکیان خستەسەر گرنگ و کێشەکانی زمان و تۆمارکردنی ئەرشیف و ئامارەکانی پەیوەست بە ڕۆژئاوا و پێویستی خەباتی زانستی و بەرەوپێشبردنی زانکۆکان لە ڕۆژئاوا.
فۆلکلۆریست و کوردۆلۆگ تاتیانا ئۆدینتسۆڤا ئاماژەی کرد بە بابەتی هەڵپەڕکێ لە ڕۆژئاوا و مەترسییەکانی سەر کەلتوور و بەتایبەت هەڵپەڕکێی کوردی، دووپاتی کردەوە پاش داگیرکردنی عەفرین وێرانکاری کەلتووری ئەنجامدراوە، بە دیمەن و داتا ئەمانەی خستەڕوو.
ئیلهام ئەحمەد بە کورتی ڕەوشی ئێستە شرۆڤە کرد و وەڵامی پرسیارە جیاوازەکانی دایەوە.
هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە سەمیرە حاجی تیشکی خستەسەر سیستەمی پەروەردە و زانیاری.
لەکۆتاییدا نوێنەری ڕۆژئاوا لە ڕوسیا ڕەشاد بێناڤ ڕایگەیاند ئەم چالاکییانە پێویستن بۆ ناساندنی ڕۆژئاوا بۆ کۆمەڵگەی ڕوسیا و بنیاتنانی پردێکی کۆمەڵایەتی و زانستی و کەلتووری. ڕایگەیاند هەموو دیالۆگ و گفتوگۆ و بۆچوونەکان بۆ چارەسەری پرسەکانن.