لە چەندین شار هێرشەکانی سەر کوردان شەرمەزارکرا

هێرشەکان بۆ سەر زمانی کوردی لە چەند شارێک شەرمەزار کرا، دووپاتکرایەوە کە هێرشەکان بەرئەنجامی دوژمنایەتیی سەد ساڵەیە دژی زمان و کەلتوور و ناسنامەی کوردی.

لە ناوچەی بایرام پاشای ئیستەنبوڵ، بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانی کوردی، خێزانێک ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەوە. هێرشەکان لە چەند شارێک شەرمەزارکران، دووپاتکرایەوە ئەم هێرشێکە بۆ سەر ژنان و زمان و کەلتووری کوردی.

ئیستەنبوڵ

لە ئیستەنبوڵ، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی بەرەوپێشبردنی کەلتوور و زمانی کوردی (KURDÎ-GEH) چالاکییەک ئەنجامدرا و زۆر کەس بەشداربوون.

بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە، گۆکهان ئیشک ڕایگەیاند هێرشەکە تەنها ئەشکەنجە و لێدان نەبووە، بەرئەنجامی زیهنیەتی باوکسالاری و دەوڵەتە و هەرگیز قبووڵی ناکەین. گوتی: "هەر هێرشێک بۆ سەر زمان و کەلتووری کوردی، هێرشێکە بۆ سەر ناسنامەی گەلەکەمان".

ئەنقەرە

دەم پارتی و تەژەئا و کۆمەڵەی زمان و کەلتوور و هونەری ئانکا (ANKA-DER) ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان خوێندەوە.

بەڕێوەبەری کۆمەڵەی زمان و کەلتوور و هونەری ئانکا (ANKA-DER) دۆغان شەنسس ڕایگەیاند لەنێو خێزانەکەدا ژنێکی دووگیان ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، کۆرپەلەکە لە بەشی چاودێری چڕە. جەختی کردەوە ئەم هێرشە بەرئەنجامی زیهنیەتی دەوڵەتی هێرشکارە.

شەرناخ

بە پێشەنگایەتی دەم پارتی و دەبەپەی قلەبان ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، جەماوەر لەبەردەم بینای دەم پارتی ناوچەکە کۆبوونەوە، درووشمی "بێ زمان ژیان نابێ"یان بەرزکردەوە. هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەکە عەبدوڵا گون ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

سەمسور

کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و کەلتووری فورات (Ferat-Der) لە سەمسور ڕاگەیاندراوی خوێندەوە. پانکارتی "زمانی کوردی هێڵی سوورە" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی کۆمەڵەکە کازم تورهال ڕایگەیاند ئەم هێرشە ڕووداوێکی تاکەکەسی نییە، بەرئەنجامی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی ١٠٠ ساڵەیە، بەرئەنجامی دوژمنایەتی درێژخایەنە بەرامبەر زمان و ناسنامەی کوردی. زمانی کوردی هێڵی سوورە.

سێرت

لە سێرت بە پێشەنگایەتی تەژەئا و کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و کەلتووری بۆتان ((BOTAN-DER ڕێپێوانێک ڕێکخرا. لە ڕێپێوانەکەدا جەماوەر پانکارت و درووشمیان دژی هێرشکردنە سەر زمانی کوردی بەرزکردەوە.

ئەندامی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و کەلتووری بۆتان ((BOTAN-DER محەمەد سەعید تۆپراک ڕایگەیاند بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ نابن، گوتی: "دەبێت لە هەموو جێیەک زمانی کوردی بپارێزین. بانگەواز لە گەلی کورد دەکەین: لە هەموو جێیەک گوێ لە گۆرانی کوردی بگرن".

چالاکییەکە بە چەپڵە و بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.

ئێلح

لە ئێلح بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە.

بەڕێوەبەری کۆمەڵەی لێکۆڵینەوە و کەلتووری زمانی ئاری (Arî-Der) لەیلا کایماز ڕایگەیاند ژنان دژی ئەم هێرشانە تێدەکۆشن، گوتی: "زمانی کوردی ناسنامەی کوردە. هێرشەکانی سەر زمان و کەلتوورەکەمان قبووڵ ناکەین و شەرمەزاری دەکەین".

چالاکییەکە بە چەپڵە و بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.

ئامەد

پلاتفۆرمی ڕێکخراوە دیموکراتیکەکانی ئامەد ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. هاوسەرۆکانی دەبەپە و دەم پارتی و ئەندامانی ڕێکخراوەکان و زۆر کەس بەشداربوون. پانکارت و درووشم دژی هێرشەکانی سەر زمان و کەلتووری کوردی بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد، گوڵشەن ئۆزەر گوتی: "ئێمە باسی ئاشتی دەکەین، کەچی زمانی کوردی ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە. ئەمە قبووڵ ناکەین و پێکەوە ئاشتی دەڕەخسێنین".