سەرۆکایەتیی ڕۆحانی دروزەکان داوای کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی کرد

سەرۆکایەتیی ڕۆحانی کۆمەڵگەی موسڵمانانی موەحیدین (دروز) لە شاری سوەیدا ماتەمینی ڕاگەیاند و بۆ پاراستنی دروزەکان داوای کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی بەرەو ناوچە کوردییەکان و وڵاتی ئوردن کرد.

سەرۆکایەتیی ڕۆحانی کۆمەڵگەی موسڵمانانی موەحیدین لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، لە سوەیدا کارەسات ڕوودەدات و داوای کردنەوەی ڕێڕەوەێکی مرۆیی لەگەڵ کورد و ئوردن کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ڕێگە مرۆییانە بۆ مرۆڤایەتی گرنگن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لەدژی خەڵکی سوەیدا ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هێرشێکی ترسناکی دەستپێکردووە و بەشێوەیەکی دڕندانە هاووڵاتیان تیرۆر دەکات و باس لەوە کراوە: "لەم ساتەوەختە بەئازار و سەختەدا، دوای ئەوەی سوەیدای دوور لە تیرۆر، لە ئێستادا بە دۆخێکی کارەساتئامێزدا تێدەپەڕێت، وەک دڵسۆزی بۆ شەهیدان ماتەمینی گشتی ڕاگەیاندرا."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز بۆ دروزییەکان کرا کە یەکگرتوو بن، پشتیوانی بنەماڵە شەهیدەکان بکەن، لەبەرامبەر یەکدی بە خۆشەویستی و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن.

سەرۆکایەتییەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا داوایکرد، پێویستە دەرفەت بە تیمە پزیشکییەکان و تیمەکانی تۆمارکردنی تاوان بڕەخسێنرێت تاوەکو کارەکانی خۆیان بکەن، هەروەها داواکرا ڕێڕەوەی مرۆی بۆ هەرێمە کوردییەکان و ئوردن بکرێتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا سەرۆکایەتییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هیوادارن هەنگاوی بەپەلە بۆ ئاسانکردنی پەیوەندییەکان و هاوکاریکردنی هاووڵاتیان بنرێت.