فاتیح پۆڵات: ئەوەی لەبەرچاومان ڕوویدا، هێزی حەقیقەتی مێژوویی بوو

ڕۆژنامەنووس فاتیح پۆڵات مەراسیمی لەناوبردنی چەکەکانی لە ئەشکەوتی جاسەنە هەڵسەنگاند و گوتی: "ئەوەی لەبەرچاومان ڕوویدا، هێزی حەقیقەتی مێژوویی بوو".

فاتیح پۆلات

گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە چوارچێوەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ لە ١١ـی تەمموز لەبەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبولیک مەراسیمی سووتاندنی چەکیان ئەنجامدا. ٣٠ گەریلا، ١٥ پیاو و ١٥ ژن، لەنێویاندا هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، بەسێ هۆزات بەشداربوون. چەندین سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس لە مەراسیمەکەدا ئامادەبوون.

یەکێک لە ئامادەبووانی مەراسیمەکە، ڕۆژنامەنووس فاتیح پۆڵات بوو. سەرنجەکانی خۆی سەبارەت بە مەراسیمەکە گێڕایەوە.

فاتیح پۆڵات ڕایگەیاند یەنەکە کە میوانداری ئەم ساتە مێژووییەی کردووە، بەپێی توانا بە هەستیاری و بەرپرسیارانە جووڵاوەتەوە.

جان پۆڵات باسی ساتی دەسپێکردنی مەراسیمەکەی کرد و ئەم ڕووداوەی وەک هێزی حەقیقەتی مێژوویی پێناسە کرد، گوتی: "لە سەرووی ئەشکەوتی جاسەنەوە کە لەڕووی میتۆلۆژیی و مێژووییەوە واتایەکی گرنگی بۆ کورد هەیە، بەسێ هۆزات لەپێشەوەی گرووپێکی ٣٠ کەسی گەریلا دەرکەوت، ١٥ ژن و ١٥ پیاوبوون، چەکەکانیان بەدەستەوە گرتبوو، بەخێرایی هاتنەخوارەوە. ئەمە ساتێکی مێژوویی بوو. تەڤگەرێکی گەریلایی بەشێوەیەکی سیمبولیک چەکەکانی خۆیان لەناودەبەن، تەڤگەرێک نەوەک تەنها لە وڵاتێک، بەڵکو ٥٠ ساڵە کاریگەری لەسەر تەواوی هەرێمەکە هەبووە، بەهۆی ئەم کاریگەرییەوە، هێزە نێونەتەوەییەکان ناچاربوون بەوریاییەوە چاودێریی ئەم ڕووداوە بکەن. لەبری ڕادەستکردن، سووتاندنی چەکەکان، هەروەها ئەنجامدانی لەلایەن گرووپێکی گەریلاوە کە بەسێ هۆزاتی تێدایە، بێگومان تابلۆیەکی پێشوەختە ئامادەکراوە.

ئەوکات خەیاڵم بۆی نەچوو بوو، بەڵام ئێستە تێی دەفکرم، دەڵێم تەنانەت دیمەنی فیلمێک کە پارەیەکی خەیاڵیشی تێچوو بێت، ناتوانێت ئەم هەستە بە مرۆڤ بدات. حەقیقەت و ڕاستی دەتوانێت ئەم هەستە بە مرۆڤ بدات. وەختێک ڕاگەیاندراوەکە خوێنرایەوە و چەکەکان سووتێنران، گرووپەکە بەدوای بەسێ هۆزاتدا هێدی هێدی گەڕانەوە بۆ نێو ئەو ئەشکەوتەی کە لێیەوە هاتبوون. پاش ئەوەی بە ئیرادەی ئازادیی خۆیان ئەو چەکانەیان سووتاند کە ساڵانێک هەڵیانگرتبوو، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەمە لە ڕێپێوانێکی گەریلایەک دەچوو کە نەیدەزانی دەستی لەکوێ دابنێت. یان، ڕێپێوانی گەریلا بوو کە بەهۆی ئامادەنەکردنی "یاساکانی ئەنتیگراسیۆن"ـەوە گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. ئێمە دەزانین ئەنقەرە و میدیای دەسەڵات بۆ ئەوەی "هاوشێوەی خابوور نەبێت" و هاوسۆزیی بۆ گەریلا درووست نەبێت، فشاری لە پرۆسەی ئامادەسازیی مەراسیمەکە کرد. بەڵام دەقە دوور لە پرۆپاگەندەکە و مەراسیمەکە کورتەکە، کاریگەرییەکەی لە خابوور کەمتر نەبوو. ئەوەی لەبەرچاوی ئێمە ڕوویدا، هێزی حەقیقەتی مێژوویی بوو".

فاتیح پۆڵات هەڵسەنگاندنی بۆ وتەکانی ئەردۆغان کرد لەپاش پاش مەراسیمەکە، گوتی: "لەسلێمانییەوە تا سنووری تورکیا، پاسەوانەکان و ئۆتۆمبیلەکانی پرۆتۆکۆل لەگەڵ ئێمەدا بوون. ئەوەندەی من تێگەیشتم، بۆ بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە، هەستیارییەکی مەزن هەبوو. هەم بۆ پەدەکەی نزیک لە ئەنقەرە، هەم بۆ یەنەکە کە لەڕووی مێژووییەوە نزیکە لە تەڤگەریی ئازادیی کوردەوە، میواندارییکردنی سەرکەوتووانەی ئەم مەراسیمە، واتای تاقیکردنەوەیەکی دیپلۆماسی گرنگ بوو.

سەرلەبەیانی شەممە، کاتێک هاتینەوە ئامەد، تەماشای وتەکانی ئەردۆغانمان کرد. پاشان ڕەخنەمان لێ گرت. شرۆڤەی جیاواز خرانەڕوو. خاڵی هاوبەش ئەوە بوو ئەردۆغان ئەو پەیامە 'مێژووییە'ـی نەدا کە لێی چاوەڕوان دەکرا. بەڵام کاتێک بەراورد کرا بە هەڵوێستی ئەردۆغان کە بۆ ماوەیەکی زۆر پشتیوانی و لێکدانەوەی بۆ ئەم پرۆسەیەی نیشان نەدابوو، لەڕێگەی ئەم وتارەوە زیاتر بەشداری پرۆسەکەی کرد. دەکرێ بڵێین لە وتارەکەیدا وەک 'سەرۆک' بە فشارەوە جووڵاوەتەوە. لە لایەک ئەم وتارە هەڕەشەی لەخۆگرتبوو.

دەتوانین ئەمە بەڕوونی بڵێین، وەک بەسێ هۆزات لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی پێ کرد، پرۆسەکە لەمەودوا زەحمەتتر دەبێت، ئەمە بۆ ئەردۆغانیش ڕاستە. ئەگەر گەلانی تورکیا و هەرێمەکە بەدرووستی لە پرۆسەکە تێبگەن، ئەمە دەرفەتێکی ئاشتی بە هەمووان دەبەخشێت. بەگوێرەی ڕاپرسییەکانی ڕای گشتی، ئەگەر بگوترێت "ئەم پرۆسەیە سوودی بۆ من نابێت" و هەوڵی تێکدانی بدرێت، ئەوا دەبێت مایەی داڕمان و هەڵوەشانەوەیەکی سەراپاگیر. لە دەقی 'گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'دا، ئەم ڕستەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم پرۆسەیە تەنیا لە نێوان تەڤگەری سیاسیی کورد و دەوڵەت/ئاکەپەدا نییە: "بەتایبەت ژنان و گەنجان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، بانگەواز لە گەلان و هێزە دیموکراتیک و سۆسیالیستەکان و ڕۆشنبیران و نووسەران و ئەکادیمییەکان و پارێزەران و هونەرمەندان و سیاسەتمەداران دەکەین کە بە دروستی لەم هەنگاوە مێژووییە تێبگەن و پشتیوانی لە ئێمە و گەلەکەمان بکەن".