سەید حەسەن شێخانی چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە بەشی یاسا، دەربارەی پەیامە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە پرۆسەیی نوێ و دەرەنجامەکانی دوای ئەو بانگەوازییە مێژووییەکە، هەروەها گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر دۆزی کورد و چەند پرسێکی گرێدراوی ئەو بابەتە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) قسەی کرد.
حەسەن شێخانی لە هەڵسەنگاندنەکەیدا بۆ پەیامە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ، ئاماژەی بەوەکرد جەوهەری پەیامەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردە بە ڕێبازێکی ئاشتیانە. وە پەیاماکە ڕێگە خۆشکەرە بۆ کردنەوەی دەروازی دیالۆگی سیاسی.
'بەرپرسیارێتی مێژووی دەکەوێتە سەر حیزبەکانی کوردستان'
لە سەرەتای قسەکانیدا، حەسەن شێخانی، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، باسی لە گۆڕانکارییەکانی نوچەکە و رۆڵی کورد لەم قۆناغە هەستیارەدا کرد، ڕایگەیاند: "بێ گومان ئەم گوڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات کورد لێی بێ بەش نیە بەباشی بێت یان بە خراپی، وە بەرپرسیارێتی مێژووی، نەتەوەیی و ئەخلاقی دەکەوێتە سەر شانی هەموو حزبەکانی سەر گۆرەپانی هەر چوار پارچەی کوردستان، چونکە ئێستا ١٠١ ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر لۆزاندا جگە لە سایکس بیکۆ، هەروەها جەنگی سێهەمی جیهان بەرۆکی وڵاتانی زلهێز و ئەوانی دیکەی گرتووەتەوە، بارودۆخی جیهانی گۆڕاوە، توندوتیژی چیتر ئامرازێکی گونجاو نییە بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکان، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سەرکردایەتی کورد مامەڵە لە گەڵ هەلومەرجە مێژووییەکان دەکات و لەو باوەڕەدایە کە کاراکتەری هاوکێشە نێونەتەوەیییەکان ڕۆڵی گرنگی هەیە بۆ چارەنووسی گەلان".
'پەیامەکەی ئۆجالان دۆزی کوردی بە نێونەتەوەیی کرد'
سەبارەت بە گرنگی پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان و کاریگەری لەسەر ئاشتی وسەقامگیری ناوچەکە و بە نێونەتەوەیی کردنی دۆزی کورد، حەسەن شیخانی، گووتی: "گرنگترین خاڵ کە بەڕێز ئۆجالان کردی ئەوەیە لەپێناو ئاشتی و سەقەماگیری و پێکەوە ژیاندا هەموو قوربانییەک دەدەین، ئەمەش وایکرد نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، وڵاتانی رۆژئاوا و دەیان وڵاتی زلهێزی هێنایە سەر ئاخافتن و هەڵوێستە کردن، کەئەمەش تۆپەکەی فڕێ دایە ناو گۆڕەپانی تورکیا و وڵاتانی زلهێز، ئەمەش ئاماژادانە بەوەی 'وەرن کورد لەتورکیا ئاشتی دەوێ ئێوە چیتان پێ دەکرێ؟ ".
'تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی، ناوچەکە ڕووبەڕووی جەنگێکی بێ ئاکام دەکاتەوە'
هەروەها ناوبراو، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئۆجالان لە پەیامەکەیدا، داوای کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دەکات و داوای پێکەوژیانی گەلان دەکات. هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و بێدەنگ کردنی چەک دەکات، کە ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە، ئەمە بەڕای من قورسترین بریارە دوای نسکۆی ساڵەکانی ١٩٧٥ کە کورد بڕیاری لەسەر دابێت بەجیاوازی هەلومەرجی ئەوکات و ئێستا کە زۆر جیاوازە. دوای نیوسەدە لە تێکۆشان و بەرخودانی بێ وچان و قوربانییەکی زۆر. دەبێت ئاماژە بەوە بدەم کە ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە کە هێشتا لەیەکەم هەنگاویداین تێک بچێت زۆر خراپتر لەجاران ڕوبەڕووبونەوە و دەستێوەردان و جەنگێکی بێ هودە ڕوو دەکاتە ناوچەکە".
'ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو پارچەکانی کوردستان بوو'
سەبارەت بە گواستنەوە خەباتی چەکداری بۆ قۆناغی خەباتی سیاسی، حەسەن شێخانی گوتی: "گرنگە جەخت لەسەر چارەسەری دیموکراسی بکرێت نەک خەباتی چەکداری لە چوار چێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتداری تورکیادا کە ڕەنگە ڕێگە بۆ دانوستانی سیاسی نوێ بکاتەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئۆجالان وەک سەرکردەیەکی کوردی هەرچوار پارچەکە خۆی شوناس نەکرد و باسی کوردستانی گەورەی نەکرد بەڵکوو وەکو سەرۆکی پەکەکە خۆی ناساند ئەمەش من بەباشی دەزانم بۆ باشووری کوردستان و ڕۆژئاوا و بێ گومان ڕۆژهەڵاتیش، ئەمەش لە پێناو ئەوەیە ئەم پەیامە ڕێگەر خۆشکەر نەبێت تاوەکو داگیرکەرانی کوردستان داوای چەکدانان لە هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بکەن. چونکە پەیامەکەی بۆ خودی پەکەکە بوو نەک تەنانەت پژاک و قەسەدەش و هاو تەریبەکانیان، ئەمەش دەبێتە هۆی بنبڕکردنی بیانوەکانی تورکیا بۆ دەستوەردان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. بەتایبەت بینیمان هەریمی کوردستان پێشوازی گەرمی لەپەیامەکە کرد و هەرجی قەسەدەش ووتیان پەیوەندی بەئێمەوە نیە ".
دروست کردنی پەیوەندییەکی نوێ لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانە'
لە بەردەوامیدا حەسەن شێخانی باسی لە گرنگی پێکەوەژیانی نێوان کورد و تورک لە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: "ئۆجالان لە پەیامەکەیدا، جەختی لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و تورک کرد و جەختی لە گرنگی خوشک وبرایەتی نێوان هەردوو گەل و پێویستی دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێ لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانە کردەوە. ئەم پەیامە ئاشتییە لەکاتێکدایە کە بەرانبەر هەوڵی داوە هەمو شوناسی کورد بسڕێتەوە ".
'نابێت چارەنووسی گەلان بکەوێتە ژێر دەستورێکی فاشستی وەکو دەستوری تورکیا'
حەسەن شێخانی باس لەوەش کرد، "پەیامەکەی ئۆجالان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و کردنەوەی ڕێگە بۆ دانوستانی نێوان کورد و حکومەتی تورکیا، بەشێوەیەک لایەنی سێهەم بۆ سەرپەرشتی دیالۆک و وتوێژ بێنە ناو پرۆسەکەوە بە ئامانجی بەرەو گەرەنتی نێونەتەوەیی پرۆسەکە. چی دیکە چارەنووسی زیاتر لە ٣٠ ملێۆن کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا نابێت بکەوێتە ژێر چەند دەقێکی دەستورێکی فاشیست و شۆڤێنی دەوڵەتی تورکیاوە کە هەمو پیرۆزییەکی گەلانی دیکە جگە لە تورک دەسڕێتەوە و نکۆڵی لێدەکات".
'بێ گۆمان لە بەرژەوەندی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەیە'
لە کۆتایی قسەکانیدا، حەسەن شێخان چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، بە گرنگەوە، باسی لە مەرجەکانی پرۆسەی ئاشتی کرد و ڕایگەیاند: "بابەتی هەموارکردنەوەی دەستور، ناناوەندی دەسەڵات، گەرەنتی مافی زمان، هونەر و کولتووری کوردی و دابەشکردنی دەسەڵات لەتەواوی هەرەمی حکومڕانی لە تورکیا و ئازادی و بەدەستهێنانی دەیان مافی دیکەی کورد لە چوارچێوەی مەرجەکانی پرۆسەی ئاشتی زۆر گرنگە بۆ چارەسەری دۆزی ڕەوای گەلی کورد. دەتوانین بڵێین کە لە چەند مانگی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە ئاخۆ تورکیا چارەسەری ڕاستەقینەی بۆ دۆزی کورد دەوێت یان نا. بەڵام گومانم نیە کە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە دەبێت، ئاشتی تەنها ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەگشتی و باکوری کوردستان بە تایبەتی."