١٢٢ ڕۆژ بەرەنگاری لە تونێلەکانی وەرخەل دا
گەریلای یەژا ستار زەریان ئەسمەر بۆتان باسی لە ١٢٢ ڕۆژ جەنگ و بەرەنگاری لە تونێلەکانی وەرخەل دا کرد.
سوپای تورک لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢ هێرشی داگیرکەریی بۆ سەر زاپ و ئاڤاشین و مەتینا دەستپێکرد. گەریلاکان لەو ناوچانەدا قارەمانانە و ئەفسانەیانە بەرخۆدانیان کرد. سوپای تورک بۆ ڕێگریکردن لە شکستەکەی دەستیکردووە بە بەکارهێنانی شێوازەکانی دژی مرۆڤایەتی. سوپای تورک سەرەتا لە تونێلەکانی جەنگی وەرخەل لە هەرێمی ئاڤاشین گازی کیمیایی بەکارهێنا، پاشان چەندین تۆن تەقەمەنیی تەقاندەوە، بەوەش هیچی دەستنەکەوت، ئەمجارە قورساییەکی زۆری خستە سەر بەکارهێنانی گازی کیمیایی.
زەریان ئەسمەر بۆتان گەریلای یەژا ستار، کە خۆی بەشداری ئەم شەڕەی کردووە، باسی لە ١٢٢ ڕۆژ بەرەنگاری و بەرخودان لە قەڵای وەرخەل دا بۆ کردین.
'چاوەڕێی هێرشێکی داگیرکاری بووین'
زەریان ئەسمەر بۆتان ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢ پێش دەستپێکردنی شەڕ لە شاخی وەرخەل لە هەرێمی ئاڤاشین بووە و وتی: "بە ڕاهێنان و پەروەردەی ڕێکخستنی، ئایدیۆلۆژی و سەربازی، هەمیشە خۆمان بۆ شەڕ ئامادە دەکرد. لە جبەخانەوە بۆ لۆجستی، ئێمە هەوڵمان دەدا لە زۆر خاڵدا ئامادەکاریەکانمان تەواو بکەین. هاوڕێیان لە تونێلەکانی جەنگ لە وەرخەل لەسەر ئەو بنەمایە لە تێگەیشتنێکی قوڵدا بوون و ئامادەکاریان دەکرد. شاخی وەرخەل شوێنێکی ستراتیژییە لە ناوچەکەدا. هەم بەسەر بەری ئاڤاشین و هەم بەسەر بەشێک لە زاپ و هەرێمی سیدا زاڵە. هەڤاڵان لەوە ئاگادار بوون. ئەو جەنگە قورسە، کە ڕوویدا وایکرد ئێمە گفتوگۆ لەسەر شێواز و چۆنیەتیی و پلانسازی بکەین. قوڵبوونەوەیەک و ئامادەکاریەکی باش بۆ شەڕی گشتی لە زاگرۆس هەبوو. ئەمە بۆ ئێمە پرۆسەیەکی زۆر گرنگ بوو. هەموو هەڤاڵانی سەر شاخەکە پێشبینی ئەوەیان دەکرد، کە ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام بدرێت و هەر هەڤاڵێک پەرۆشییەک و جۆش و خرۆشێکی گەورەی هەبوو. ئەم جۆش و خرۆشە لە چاوی شەڕڤانان لە تونێلەکانی جەنگی وەرخەلدا هەبوو".
'ئەوە بۆ من یەکەم جار بوو'
زەریان ئەسمەر بۆتان ئاماژەی بەوەکرد، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ئێوارەی ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و وتی: "ڕۆژێک پێش ئەوە، بۆردومانێکی ئاسمانی قورسی ناوچەکەیان کرد. لە ئێوارەدا یەکەم هێزی خۆیان لەسەر شاخی وەرخەل لە هەرێمی زاپ دابەزاند. پێش ئەمە هەموو هەڤاڵان لە شوێنەکانی خۆیاندا جێگیر ببوون و لە ئامادەباشیدا بوون.
من و هەڤاڵێک لە شوێنێکی دوور لەهەموو هەڤاڵان دانیشتبووین و گفتوگۆمان لەسەر ئەوە دەکرد، کە کەی ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێدەکات. ئێمە چاوەڕوانی ئۆپەراسیۆنەکە بووین، لە میانەی ئەو گفتوگۆیەدا هەڤاڵان پێیان ڕاگەیاندین، کە ئۆپەراسیۆنەکە دەستی پێکردووە، کاتێک ئێمە ڕۆیشتین بۆ هێنانی چەکی بی-٧ و ئێمە زۆر بە پەرۆش و پڕ لە جۆش و خرۆش بووین. ئەم جەنگە بۆ من یەکەم جەنگ بوو. لەنزیکەوە بینینی دوژمن و بەشداریکردن لەشەڕدا جۆش و خرۆشێکی گەورەی بە مرۆڤ دەدا. مرۆڤ لەو ساتەدا بیر لەوە دەکاتەوە، کە دەبێت وەڵامدەرەوەی پرۆسەکە بێت، چونکە ئێمە لە پرۆسەیەکی زۆر هەستیاردا بووین. دوای ئەوەی دوژمن هێزەکانی لە وەرخەل دانا، گروپێک لە هەڤاڵان دوای پلاندانانی چالاکی دەستیان بە جموجوڵ کرد.
'سەرکەوتنی یەکەم چالاکی ورەی پێداین'
چالاکییە سەرەتاییەکانمان جۆش و خرۆشی بە هەموومان دا. سەرکەوتنی چالاکییەکە ورە بوو بۆ هەموو هەڤاڵان و لە هەمان کاتدا پێداگری و سووربوونێکی گەورە هەبوو بۆ ئەوەی، کە ئێمە لێرە دوژمنی تێکدەشکێنین. سەرەتا چالاکییەکانی دژ بە دوژمن بە بێ ڕاوەستان بەردەوام بوون. سوپای تورک، کە گورزی قورسی بەرکەوت، قورسایی خستە سەر هێرشەکانی بۆ سەر وەرخەلی ئاڤاشین. دوای ئەوەی دوژمن هات بۆ شاخەکەى لای ئێمە، لەوێش چالاکییەکان بەردەوام بوون. لە قۆناغ و پڕۆسەی چالاکییەکاندا ئێمە ئیرادەیەکی سەربازیمان نەبینی، کە لە دژی ئێمە شەڕ بکات. ئەوان نەهاتبوون، کە سینگ بە سینگ و دەستەویەخە شەرمان لە دژی بکەن، هەرگیز ناوێرن ئەو کارە بکەن. بۆ ئەوەی بڕۆنە ناو تونێلێک لەگەڵ یەک دەبێت بە شەڕیان. لە یەکێک لەو حاڵەتاندا سەربازێک بە سەربازێکی تری وتی، تۆ بڕۆ، ئەوی تر وتی، نا تۆ بڕۆ، چونکا نەیاندەزانی بۆ چی دەجەنگن و هاتوون بۆ کوێ.
'دەستیان بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کرد'
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی داگیرکاری و هاتنی بۆ سەر ئەشکەوتەکەمان، دوژمن دەستی کرد بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کرد. لە سەرەتادا لە هەموو دەرگاکان بەکاریانهێنا. لەبەر ئەوەی ئێمە لە ناوەوە ڕێشوێنمان گرتبوەبەر کاریگەری لەسەر ئێمە نەبوو. هەر کاتێک دوژمن دەهاتە بەر دەمی تونێلەکان گەریلاکان بە چالاکی وەڵامیان دەدانەوە. دوژمن دەیویست سیاسەتی شەڕی تایبەت پەیڕەو بکات و هەر کات تەنگاو دەبوو داوای خۆبەدەستەوەدانی دەکرد و پەنای بۆ هەموو ڕێگایەک دەبرد بۆ ئەوەی ئیرادەی گەریلا تێکبشکێنێت. ئەو ڕێگا و شێوازانەى بەکار دەهێنا، کە بە بیری مرۆڤدا نایەت، بەڵام لەو کاتانەدا مرۆڤ خۆی باشتر دەناسێت و دەچێتە ناو قوڵایی تێکشکاندنی دوژمنەوە. هەر هەڤاڵێک لەم قووڵبوونەوەیەدا بوو. هەر هەڤاڵێک خاوەنی هەڵوێستێکی فیدایی بوو و ئازایانە و قارەمانانە لە دژی دوژمن چالاکییان ئەنجام دەدا.
'ئامانجمان ئەوە بوو بۆ دوژمنی بەجێ نەهێڵین'
ئەم وەڵامانە، کە تونێلەکانی جەنگ لە وەرخەل بە دوژمن درایەوە، بەڕاستی دوژمنی زۆر تەنگەتاو کرد. لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە تا ڕۆژی دوایی دوژمن بە قورسی هێرشی دەکردە سەر تونێلەکانی شەڕ. دوژمن ویستی بە خێرایی وەرخەل بەدەست بهێنێت، ئامانجی ئێمەش ئەوە بوو، کە وەرخەل بۆ دوژمن بەجێنەهێڵین. لەبەر ئەوەش دوژمن لە قەڵای بەرخۆدانماندا زۆر تەنگاو بوو. ئەو هەمیشە بەشێوازی جیاواز هێرشی دەکرد، هەندێک جار دەرگاکەی لەسەر ئێمە دەگرت، هەندێک جار لە ناوەوە تەقەمەنی دەتەقاندەوە، هەندێک جار بە بەکارهێنانی گازی کیمیایی هەوڵی دەدا هەناسەمان ببڕێت. دەیخواست هەم لە ڕووی جەستەیی و هەم لە ڕووی ئیرادەوە و هەم لە ڕووی دەروونییەوە ئیرادەیمان تێکبشکێنێت، لەبەر ئەوەش زۆر جار پەنای بۆ ڕێگا و شێوازی زۆر هەرزان دەبرد. بۆ نموونه; لە شوێنێک لە نزیک دەرگای ئەشکەوتەکە کۆکاکۆلای دەخواردەوە و قتوی کۆکاکەى هەڵدەدایە ناو تونێلەکە و دەیخواست بە کۆکایەک یان ئەو خواردنەی، کە دەیخوارد بە شێوەیەک سوک و هەرزان کاریگەریمان لەسەر دروست بکات.
درێژەی هەیە