د. دەرسیم: سوپای تورک زۆربەی جار گازی خنکێنەر بەکاردەهێنێت

دکتور. سەربڵند دەرسیم گەریلای هەپەگە رایگەیاند کە بە بەڵگەی ڕۆن و ئاشکرا، دیارە کە سوپای داگیرکەری تورک چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت و گوتی، " سوپای داگیرکەری تورک گازی خنکێنەر بەکاردەهێنێت. هەرە بەرچاویشیان گازی کلۆرە."

سوپای داگیرکەری تورک ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ هێرشێکی فراوانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا دەست پێکرد. لەگەڵ ئەوەی ٦ مانگ تێپەڕێوە، سوپای داگیرکەری تورک هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە. لەم قۆناگەدا زۆر جار لە بەرانبەر هێزەکانی ئازادی کوردستان چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. زانیاری و دیمەنەکان لەبارەی چەکی کیمیاییەوە لەلایەن هەپەگەوە چەندین جار بۆ رای گشتی بڵاوکرانەوە.

د. سەربڵند دەرسیم گەریلای هەپەگە لەبارەی جۆری چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک و کاریگەریان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا سوپای تورک زیاتر چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت. چەک و گازی کیمیایی بۆچی بووەتە رێبازێکی سەرەکی شەڕ بۆ سوپای داگیرکەری تورک؟

سەرەتا دەمەوێت قسەکانم بە یادەوەری هاوڕێکانم دەست پێ بکەم کە لەم شەڕەی دواییدا شەهید بوون. بە تایبەتی هەڤاڵان باز مۆردەم و هەلبەست کۆچەرین کە بە چەکی کیمیاوی شەهید بوون، بە ڕێزەوە یادی هەموو شەهیدان دەکەمەوە. هەروەها بە ڕێزەوە سڵاو لە هاوڕێکانم دەکەم کە لە تونێلەکانی جەنگدا لە دژی هێرشە دڕندەکانی سوپای تورک شەڕ دەکەن.

وەک دەزانرێت ٤٠ ساڵە شەڕێکی قورس لە نێوان ئێمە و سوپای تورکدا هەیە. بە تایبەت لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا شەڕەکە بەبێ وەستان بەردەوامە. دوو ساڵی ڕابردوو بەتێکۆشان لە دژی چەکی کیمیایی تێپەڕی. مرۆڤ دەتوانێت ئاماژە بەوەبدات کە سوپای تورک لەم پرۆسەیەدا گیری خواردووە. لەبەردەم گەریلاکاندا شکست دەهێنێت. هەروەها بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نیشانەی ئەم شکستەیە. بە واتایەکی تر لەبەر ئەوەی هیچ بژاردەیەکی تیر نییە، چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت.

سوپای تورک ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان و بەها مرۆییەکان پێشێل دەکات و چەکی کیمیایی دژی هەڤاڵانمان بەکاردەهێنێت. لەم ساڵانەی دواییدا هەرچەندە فڕۆکە جەنگییەکان چەندین تۆن تەقەمەنی و موشەکیان بەسەر هێزەکانماندا باراند، بەڵام فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار و بێ چەک ٢٤ کاتژمێر بە ئاسمانەوە لەسەر هێزەکانمان دەسوڕێنەوە. لە هەمان کاتدا بە تانک و تۆپ و هاوەن هەموو ڕۆژێک بەرەکانی شەڕ بۆردومان دەکەن. بەوە قەناعەتیان نەکرد، لە رووی زەمینیەوە سەربازە کڵاوسورەکانیان بەکارهێنا. جگە لەوە، چەتەکانی ئەلنوسرە و داعش لە سوریا کۆکرانەوە و لەڕێگەی ئەو چەتانەوە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانمان. لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا تیمە گەڕۆکەکانمان بە فیداکاریەکی گەورە بەرەنگاری دەکەن، نەک هەر بەرخۆدان دەکەن، بەڵکو بە تاکتیکی گەریلای پیشەگەر گورزی قورسیان لە دوژمن داوە. دوژمن لە بەرامبەر ئەم شەڕەی هەڤاڵانمان بێچارە بووە. لە ئەنجامی ئەم بێچارەییەدا بە چەکی کیمیایی هێرش دەکەن.

هەرچەندە وێنە و داتای زۆر بڵاوکرانەوە، بەڵام دەوڵەتی تورک بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەکی کیمیایی بەکارنەهێناوە. دەتەوێت چی لەسەر ئەم بانگەشە و لێدوانانە بڵێیت؟

بەداخەوە ١٧ هاوڕێمان بەهۆی هێرشی چەکی کیمیاوی شەهید بوون. کاتێک ئەمە بووە رۆژەڤ، دەوڵەت و میدیاکانی تورک بە ترس و دڵەڕاوکێ هەوڵیان دا رەتی بکەنەوە. گوایە لە ڕێگەی هەندێک لە 'شارەزاکانیان'ەوە لەسەر کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانیانەوە هەوڵیان دا رەتی بکەنەوە،. ئەوان وشەی وەک 'سوپای بەڕێزی تورک چەکی کیمیایی بەکارناهێنێت'یان دەگوت. با بە ڕوونی بڵێین ئێمە هیچ کاتێک شتێک لەسەر شەرەفی کەسێک ناڵێین، بەڵام لەم شەڕەدا نە سوپا و نە شەرەف ماوە. سوپایەک کە سەربازەکانی دەسوتێنێت، تەرمی سەربازەکانی دەسوتێنێت، تەرمی سەربازەکانی لە بەرزاییەکان فڕێ دەدات بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی هێزی گەریلا و بۆ ئەوەی هیچ شوێنەواریان نەمێنێتەوە، بە فڕۆکە تەرمی سەربازە کوژراوەکان بۆردومان دەکات، راست نییە باسی شتێکی بەم شێوەیە بکات.

لە هەمان کاتدا ئەم قسانەش دەڵێن، 'ئەگەر سوپای تورک چەکی کیمیایی بەکارهێنابا، جل و بەرگی خۆپاراستنی لەبەر دەکرد'. دەبێت ئەمە بگوترێت؛ سەرباز پێویستی بە جل و بەرگی پسپۆڕی لەناوبردنی بۆمب نییە کاتێک تەقەمەنی، بۆمب یان گولە هاوەن بەکاردەهێنێت. بۆچی؟ لەبەرئەوەی تەقەمەنییان خستووتە ناو کەپسولەکەوە، کراون بە جبەخانە. تەنها بە فیوز یان میکانیزمی تەقینەوە دەتوانرێت بتەقێنرێتەوە. پێویست بە جل و بەرگی خۆپارێزی ناکات. ئەمەش بە ڕوونی لە گرتە ڤیدیۆییەکانی هەڤاڵانماندا دەبینرێت کە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانەوە پەخشکرا. ئەو تەقەمەنیانەی بەم شێوەیە ئامادە دەکرێن لە دوورەوە لەبەردەم تونێلەکانی شەڕ دەتەقێنرێن و گاز دەنێرن بۆ ناو تونێلەکان.

سوپای تورک لە گۆڕەپانی شەڕ گاز ئامادە دەکات

سوپای تورک لەم دواییانەدا چ جۆرە گاز و ماددەیەکی کیمیایی دژ بە هێزەکانی گەریلا لە باشووری کوردستان بەکار دەهێنێت؟ بە تایبەتی لەسەر ئەو گەریلایانەی کە خۆتان پشکنینتان بۆ کردووە، چ داتایەک لەبەر دەستان هەیە؟

هەم بەپێی ئەو داتایانەی کە لە بەرەکانی شەڕەوە هاتبوون و هەم بەپێی ئەو پشکنینانەی کە لەسەر هەڤاڵان ئەنجاممان داوە، لەهەمان کاتدا بەپێی هەندێک داتا کە هەڤاڵانمان ئامادەیان کردووە؛ سوپای تورک بە ڕوونی زۆربەی گازە ژەهراوییەکان بەکاردەهێنێت. گرنگترینیان گازی کلۆرینە. سوپای تورک لە بەرەکانی شەڕدا گازی کلۆر ئامادە دەکات. بۆچی ئەمە دەڵێین؟ لە بەرەکانی شەڕدا چەندین ماددە دۆزراونەتەوە، یەکێک لەوانە ترشی هایدرۆکلۆریکە کە بە شێوەیەکی سەرەکی وەک پاککەرەوە لە ماڵەکاندا بەکاردەهێنرێت. لە هەمان کاتدا مادەی شۆردنە کە بریتییە لە سۆدیۆم هایپۆکلۆرایت. هەردوو ماددەکەدا کلۆر هەیە. کاتێک ئەم دوو مادەیە پێکەوە کۆدەبنەوە دەبێتە گازی کلۆر کە مرۆڤ دەخنکێنێت و چاو و قوڕگ دەسوتێنێتەوە. ئەمەش یەکسەر دەبێتە ماددەیەکی کیمیایی کە مرۆڤ دەخنکێنێت و دەکوژێت.

سوپای تورک دەڵێت، هیچ چەکێکی کیمیایی لە جبەخانەکانی ئێمەدا نییە. بەڵام لەگەڵ هەندێک مادەی کیمیایی ناسراودا گازی کلۆر لە بەرەکانی شەڕ بەرهەم دەهێنێت. هەندێک لەوانە لە ڕێگەی بۆرییەوە دەنێردرێنە ناو تونێلەکانی جەنگ. هەموو ئەمانە بە وێنە پیشاندراون.

ئەو گازەی کە کاریگەری لەسەر هەڤاڵی شەهیدمان باز مۆردم دروست کرد، گازێکی لەم جۆرەیە. ئێمە تێدەگەین؛ ئەو شوێنەوارانەی بە جەستەی هەڤاڵانمانەوە دروست ببوو، دەریدەخەن کە ئەم جۆرە گازە ژەهراوییە. چونکە ئاوی سوور و پەمەیی و قاوەیی لە دەمی هەڤاڵانمانەوە دەهاتە دەرەوە. ڕوون بوو کە ئەم ئاوە بەهۆی ڕشانەوەوە نەبووە، لە جگەرەوە دەهات. دەتوانین ئەمە بە ڕوونی بڵێین.

هەروەها دەمەوێت چەند زانیارییەک بخەمە ڕوو لەبارەی ئەو گازەی کە دژی هاوڕێمان شەهید هەڵبەست کۆچەرین بەکارهات. ئەو گازەی لەوێ بەکارهاتووە لەچوارچێوەی گازی ماددە هۆشبەرەکاندایە. لەنێو ئەمانەدا گازێک هەیە کە کۆدی" BZ 'Buzz 15' "ی لەسەرە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە یەکێک لە مادەکانیش مادەی هوشبەری (LSD) بێت. کاتێک ئەم مادەیە وەک گازێک ئامادە دەکرێت، دەبێتە مادەیەکی کوشندە. ئەمە یەکێک بوو لەو گازانەی کە لە دژی ئێمە بەکارهاتووە. بێگومان جۆری جیاوازی گازی مادەی هۆشبەریش هەیە. هاوشێوەی فێنتانیڵ. نامەوێت زۆر باسی وردەکاری تەکنیکی بکەم، بەڵام ئەم گازە چی بەسەر مرۆڤدا دەهێنێت؟ مرۆڤەکان هۆشیان لەدەست دەدەن، ناتوانن شەڕ بکەن. هەر ئەم جۆرە کیمیایە بوو کە کاریگەری لەسەر هەڤاڵ هەڵبەست دروست کرد. هەڤاڵمان بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو ماددە کیمیاییە بێهۆش ببوو، وەک ئەویە لە خەودا قسە بکات. هەندێک شتی دەکرد و دەگۆت کە هەرگیز لە ژیانی ڕۆژانەدا نایکات. دڵخۆشیەکی زۆر، یان غەمگینیەکی زۆر. ئەمەش بە ڕوونی دەریخست کە کاریگەری ئەو جۆرە گازەی لەسەر بووە.

سوپای تورک بە تەنها چەکی کیمیایی دروست ناکات

لە بەرانبەر هێرشی چەکی کیمیایی، ئایا گەریلا رێوشوێنی چۆن دەگرێتەبەر؟

وەک گوتمان، سوپای تورک بەهۆی ئەوەی ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت. بڕوای بەو هەیە کە بەم چەکە کیمیاییانە دەتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. بێگۆمان لە بەرانبەر ئەو هەموو چەکانە رێوشوێنی هەڤاڵانمان کەمە. لەو ناوچانەی کە دەرفەت کەمە، کێشە هەیە. بەداخەوە لەبەر ئەو کێشەیە هەڤاڵانمان شەهید دەبن. بەڵام هەڤاڵانمان لەگەڵ ئەوەی بۆردومانی کیمیایی هەیە، لەدژی سوپای داگیرکەری تورک بەرخۆدان دەکەن، گورزی گەورە لە دوژمن دەدەن. ئێمە دەتوانین بڵێین کە سوپای داگیرکەر جارێکی دیکە تێکچووە. بێگۆمان کاتێک دەڵێین، سوپای تورک بە تەنها چەکی کیمیایی دروست نکات. بەشێک لەو ماددانە لە وڵاتانی ناتۆ بەدەست دەهێنێت. بۆ نمونە گازی فرمێسکڕێژ بەکار دەهێنێت. ئەو گازە کۆدی (CS) ی بەریتانیانی لەسەرە. گازێکە کە لێرە پەیدا نابێت. سوپای داگیرکەری تورک بە پشتگیری ناتۆ بەدەستی دەهێنێت. بەم شێوەیە لەدژی ئێمە هێرشی چڕ ئەنجام دەدات.

بانگەوازی ئەم دواییەی ئێوە بۆ رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان چییە؟

لە هەندێک میدیادا لەبارەی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی کیمیایی، یان بە قسەی هەندێک کەس کە دەستەواژەی 'ئەگەر یان گوایە' بەکاردەهێنن. بەڵام دۆخەکە لەبەرچاوە و پێویستی بە دەستەواژەی 'ئەگەر' نییە. بە بەڵگە ئاشکرا بووە کە سوپای داگیرکەری تورک چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت. بۆیەش بانگەوازیمان بۆ دەزگا سەربەخۆکان و رێکخراوەکانی نێونەتەوەیی ئەوەتە کە بێن و لێکۆلینەوە بکەن. لەم بارەیەوە هێزەکانی هەپەگە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری دەکەن. بۆیەش جارێکی دیکە بانگەوازیان بۆ دەکەین کە بێن و لە گۆڕەپانی شەڕ، لە تونێلەکانی شەڕ لێکۆلینەوە بکەن و ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی ئاشكرا بکەن.

ف.ق