بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بەدەستی ناوەندی نووچەی فورات نیوز گەیشتووە، دوابەدوای بەربڵاوبوونی سەرهەڵدانەکان بۆ ناو مەدرەسەکان و بەشداری چالاکانەی خوێندکاران تێیدا، دەزگای پەروەردەیی کۆماری ئیسلامی لەشارەکانی سەردەشت، پیرانشار، مەهاباد و ... زنجیرە کۆڕ و کۆبوونەوەی بۆ مامۆستایان و بەرپرسانی پەروەردە ساز کردووە. لە کۆبوونەوەکانەدا بەرپرسانی رژێم تیشکیان خستووەتە سەر بەشداری بە خرۆشی خوێندکارانی ناوەندی و دوا ناوەندی و ترس و دڵەڕاوکێی خۆیان سەبارەت بەو بابەتە دەربڕیوە و هەڕەشە و گوڕەشەیان لەمامۆستایان و بەپرسانی خوێندنگاکان کردووە کە رێگری لەبڵاو بوونەوەی درووشمی ژن ژیان ئازادی بگرن.
ئەو بابەتەی کە لەکۆبوونەوەکەدا بە چڕی جەختی لەسەر کراوە و شرۆڤەی بۆ کراوە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بووە. لەو کۆبوونەوانەدا کەسانی سەر بە ناوەندەکانی ئەمنی بە ناوی شارەزا و پسپۆر لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی قسەیان کردووە. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و چۆنێتی دەرکەوتنی و بڵاوبوونەوەی بۆ مامۆستایان باس کراوە. گوتراوە کە ئەو دروشمە هی عەبدوڵا ئۆجاڵانە و یەکەم جار لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بەکارهێنراوە.
سەرەڕای ئەوەش بەرپرسانی رژێم هەوڵیان داوە بە هەموو شێوەیەک کەسایەتی رێبەری گەلی کورد عەبدوللا ئۆجەلان رەش بکەن و بە چەواشەکاری هەوڵبدەن دەسکەوتەکانی بخەنە ژێر پرسیارەوە. هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا گوتراوە "کە ئەو دروشم و بانگەشانەی کە بزووتنەوەی ئازادیخوازی بۆ سەربەستی و ئازادی ژن و دژ بە کۆمەڵگای رەگەزپارێز دەیکا، دەبێ چەواشەکاری تێدا بکرێت و شک و گومان لەسەریان درووشت بکرێت کە نەبنە جێ متمانەیی و باوەڕی کۆمەڵگا. ".
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە داوە کە هەمان بەرپرسانی دەزگای تواندنەوە و داگیرکەری رژێم بەو جۆرە ویستوویانە دیمەنێکی رەش و قێزەون لە سەر رێبەر ئاپۆ و پژاک پێشکەشی مامۆستایان بکەن. لەو دیدارەدا هەوڵدراوە بە کۆمەڵێک تۆمەتی هەڵبەستراو و بەرچەسپی ناڕەوا دەستکەوتی جیهانی رێبەر ئاپۆ بە لاڕێدا بدەن و راستیەکان چەواشە بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە خوێندنەوە و پەیدا کردنی کتێب و بەرهەمەکانی رێبەر ئاپۆ تایبەت لەسەر ئازادی ژن و کۆمەڵگا رووی لەزیادبوون کردووە.
ئاماژە بەوەدراوە کە کۆبوونەوانە بە زۆری لە هەرێمی موکریان بەڕێوە چووەو دام و دەزگاکانی شەڕی تایبەتی رژێم بەو رێ و رێبازەوە دەیانەوێت رێگری لەگەشەدان و بەربڵاوبوونی شۆڕشی ئازادی ژن لەکوردستان و ئێران بگرن.
هـ . ب