هەپەگە: پارتی لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەوەی بەشداری لە شەڕدا بکات!

هەپەگە هۆشداری دا، کە پارتی (پەدەکە) لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەوەی بەشداری "شەڕی مێژوویی" نێوان گەلی کورد و داگیرکاریی تورکیا بکات. هەپەگە داوای لە هێزە کوردییەکان کرد بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەستن و ڕێگری لەو هێرشە بکەن.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەرپرسێکی پارتی (پەدەکە) بە ناوی جێگری وەزیری پێشمەرگە و لێدوانی پارێزگاری دهۆک و بەپێی چەند زانیارییەکی هەواڵگریی بەردەستمان، هێزەکانی پارتی (پەدەکە) لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەى دەستوەردان لەو شەڕە ستراتیژییەی نێوان ئێمە و دەوڵەتی تورکدا بکەن".

شەڕ لە ئاڤاشین تاوەکو مەتینا

ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە لەوبارەیەوە:

"دەزانرێت لە ئاڤاشینەوە بۆ مەتینا و لە ناوچەیەکی بەرفراواندا ئێمە لە شەڕێکی قورسداین لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر. بە تایبەتی لە ٢٥ی ئایارەوە لە شاخی مەتینا - ئامێدی شەڕێکی گەورە لە نێوان هێزەکانمان و سوپای تورکی فاشیستدا ڕوودەدات. دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر هێزەکانماندا تەکنەلۆژیای سەردەم و چەکی کیمیایی قەدەغەکراو بەکار دەهێنێت و سەرباری ئەوەش بە بنبەست گەیشتووە و نائومێدە و ناتوانێت پێشڕەوی بکات.

پارتی (پەدەکە) ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بەشداری لە شەڕ دا بکات

ئەم شەڕە شەڕێکی زۆر مێژووییە لە نێوان گەلی کورد و داگیرکاریی تورک دا، بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوی بەرپرسێکی پارتی (پەدەکە) بەناوی جێگری وەزیری پێشمەرگە و لێدوانی پارێزگاری دهۆک و بەپێی چەند زانیارییەکی هەواڵگری بەردەستمان، هێزەکانی پارتی (پەدەکە) لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەى دەستوەردان لەو شەڕە ستراتیژییەی نێوان ئێمە و دەوڵەتی تورک دا بکەن. لە باکوری مەتینا شەڕ لەنێوان هێزەکانمان و دەوڵەتی تورکدا هەیە و لە ڕۆژهەڵاتی مەتیناش شەڕێکی زۆر قورس بەردەوامە. کاتێک هێزەکانی پارتی (پەدەکە) بەری باشووری مەتینا بگرن، ئەوا پلانەکەى دەوڵەتی تورک بۆ گەمارۆدان و لەناوبردن تەواو و کامڵ دەبێت، کە دەیەوێت بەسەر هێزەکانماندا بیسەپێنێت. بەمەش پارتی (پەدەکە) بەشداری لەم پرۆسەی لەناوبردنەدا دەکات. ئەم پلانە مەترسیدارەی پارتی (پەدەکە) لەسەر مەتینا بۆ ئێمە بە مانای ڕاگەیاندنی شەڕە، چونکە لە شوێنە گرنگەکانی سەر مەتینادا هێزی ئێمەى لێیە. دەستبەسەرداگرتنی ئەو شوێنانەش تەنها بە ئەنجامدانی هێرش دەبێت. ئەمەش مانای دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ دەگەیەنێت، کە هەرگیز بە خواست و بە دڵی ئێمە نییە.

مەترسیی ئەوە هەیە شەڕەکە بڵاوە بکات

ئەو دۆخە مانای ئەوەیە، کە پارتی (پەدەکە) ئەو پشتیوانییەى لە دەوڵەتی تورکی دەکات ئێستا دەیگەنێتە ئاستێکی بەرز. ئەمەش بە مانای جێبەجێکردنی پلانی دەوڵەتی تورکە، کە لە کۆنەوە دەیەوێت و هەوڵ دەدات شەڕ لە نێو کورداندا هەڵبگیرسێنێت. پێویستە بزانرێت، بەشداریی (پەدەکە) لە شەڕێکی ئاوادا، واتە هێرشکردنە سەر هێزەکانمان لە مەتینا، ئەوەش تەنها لە مەتینادا نامێنێتەوە و مانای هەڵگیرساندنی شەڕێکی گشتی دەگەیەنێت، بۆیە داوا لە هێزە سیاسییە بەرپرسەکان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، رێکخراوەکان و  دامودەزگا نیشتمانپەروەرەکانی باشووری کوردستان دەکەین، کە بە بەرپرسیاریی خۆیان هەستن و ڕێگە لە هێرشێکی لەو جۆرە بگرن.

بانگەواز بۆ هێزە کوردستانییەکان: ڕێگری لەو هێرشە بکەن

بۆ ڕێگریکردن لە شەڕی نێوان کورد تا ئێستا لە بەرزترین ئاستدا بەرپرسیارێتیی خۆمان جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان لە سەنگەرەکاندا هێزەکانمان خۆیان دەپارێزن. لەبەر ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە پرۆسەکە بەرەو ئاستێکی زۆر مەترسیدار دەڕوات. بۆیە داوا لە گەلەکەمان و هەموو هێزە وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرەکان دەکەین، کە لەم بوارەدا بە ئەرک و بەرپرسیاریی خۆیان هەستن".

ژ.ت