کۆدار: رژێمی ئێران بەرپرسە لە پاراستنی ژیانی زیندانیانی ئازادیخواز و ڕاپەڕیوانی زیندان

کۆدار لەبارەی ڕووداوەکانی زیندانی ئێوین لە تاران ڕاگەیاند، "رژێمی ئێران بەرپرسە لە پاراستنی ژیانی زیندانیانی ئازادیخواز و ڕاپەڕیوانی زیندان" و داوای لە گەلی کورد و گەلانی ئێران کرد بۆ پاراستنی زیندانیان بڕژێنە گۆڕەپانەکان.

کۆمیتەى زیندانیان لە کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لەبارەی ڕووداوەکانی زیندانی ئێوین لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەى کۆمیتەى زیندانیانی کۆدار:

"رژێمی ئێران بەرپرسە لە پاراستنی ژیانی زیندانیانی ئازادیخواز و ڕاپەڕیوانی زیندان

کارەساتی هێرشی چەکدارەکانی رژێمی فاشیستیی ئێران بۆ سەر زیندانی ئێوین و هاوکات لێکەوتنەوەی ئاگری گەورە و تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە زیندانیان، لە ئاستێکدایە، کە هێشتا لایەنەکانی بەهۆی قەدەغەکاریی میدیاکانی رژێم و نەبوونی شەفافیەت لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری دا بە ناڕوونی ماوەتەوە. زیندانی ئێوین لە شەوی ٢٣ی ڕەزبەر / ١٥ی تشرینی یەکەم هێرشی سەرکوتکارانە و کوشتاری بە ئەنقەست تیایدا دەستیپێکرد، چەقی دەسەڵات، گەندەڵی و ستەمی چەند هێندەیە لە دژی هەموو گەلان و ئازادیخوازان.

زۆر ڕوون و ئاشکرایە، کە رژێم بۆ سەرکوت و دروستکردنی کەشێکی سەرکوتکاری و بێدەنگی لە دژی زیندانیان، بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی و چالاکوانانی مەدەنیی زیندانیکراو، بە مەبەستی سەرکوتکردن دەست بۆ ئامڕازی سیناریۆی دروستکردنی بشێوی دەبات.

لە بەردەوامیی ڕاپەڕینی ٢٨ رۆژی رابردوودا، چەندین هەزار گەنجی ئازادیخواز دەستگیرکراون و براونەتە زیندانەکان، بۆیە بێگومان رژێم لە دژی ئەو زیندانیانە سیناریۆی مەترسیداری داڕشتووە، بەڵام رژێم بە باشی دەزانێت، کە بەمجۆرە سیناریۆ سەرکوتکارییانە ناتوانێت ڕای گشتی گەل و سەرنجی بەردەوامی گەل لەسەر ڕاپەڕینەکان بە لاڕێدا ببات.

 زیندان بە درێژایی ٤٣ ساڵی ڕابردوو بووەتە شوێنی سەرکوت بۆ ڕژێم و بەرەنگاری و بەرخودان بۆ ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازان. سیناریۆەکانی ڕژێم لە دژی زیندانی ئێوین لە شەوی ٢٣ی ڕەزبەر بە تەواوەتی درێژەدانە بە کوشتار و کۆمەڵکوژیەکانی ساڵی ١٣٦٧ / ١٩٨٧ لە دژی زیندانیانی سیاسی. ئیدی هەموو گەلانی هەمە رەنگ و بەرفراوان و ئازا و بوێری ئێران یەکگرتوانە و هۆشیارانە لە ڕاپەڕین دان و رژێم توانایی کۆنترۆڵکردنی ئەم ڕاپەڕینەى بە بڵاوکردنەوەی ئەمجۆرە ترس و تۆقاندنانە نییە.

بە سەرنجدانە ڕووداوەکانی زیندانی ناوەندیی سنە لە ٩ی رەزبەر، لاکانی ڕەشت و ئەمدواییەش زیندانی ئێوین لە تاران، بێشک هەموو زیندانیانی شارەکانی سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە پڕ کراوان لە زیندانیانی سیاسی و هەڵوسوڕاوان و چالاکوانی مەدەنیی ژن و پیا، لەلایەن رژێمەوە مەترسییان لەسەر دروستکراوە.

 بۆیە ئێمە وەک "کۆمیتەى زیندانیان" هۆشداری دەدەین. لەم نێوانەدا رژێم بە بەرپرسی پاراستنی گیانی زیندانیانی سیاسیی کورد و بە تایبەت زینەب جەلالیان دەزانین.

 بانگەوازمان بۆ هەموو گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازای ئێران ئەوەیە، کە بۆ پاراستنی شکۆ و کەرامەت، ژیان و گیانی زیندانیانی سیاسی و پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەم ٢٨ ڕۆژەی ڕاپەڕین، بڕژێنە هەموو گۆڕەپانەکان. یەکگرتوویی گەلان دەبێتە هۆی پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی رژێم بۆ کوشتاری بەردەوام و پلان بۆ دانراوی ڕاپەڕیوان و زیندانیان".

ژ.ت