ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەكەم، كۆمەڵێك لە ژنانی خەڵكی وڵاتانی عەرەبیی، كە بەشێكیان ئەندامی ڕێكخراوەكان و بەشێكیشیان سەربەخۆبوون، كۆبوونەوەیەكی ئۆنلاین-یان سەبارەت بە چۆنیەتی پشتیوانییكردن لە سەرهەڵدانە ناڕەزایەتیەكان بە پێشەنگایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و ناڕەزایەتیی ژنانی ئەفغانستان، سازكرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، ئەو ژنانە بڕیاریانداوە، هەڵمەتی جیهانیی ‘من ژیانم’ دەستپێبكەن و بەشێوەی هاشتاگ لەپاڵ دروشمی ‘ژن ژیان ئازادیی’دا، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی بكەنەوە.
هەروەها بڕیاریانداوە بە پشتیوانییكردنی سەرجەم ئەو چالاكییانەی بۆ سەرهەڵدانی ژنان ئەنجام دەدرێن، لەوانەش خۆپیشاندانی جیهانیی ڕۆژی ٢٩ و ٣٠ تشرینی یەكەم، كە بۆ پشتگیریی لە خوێندكارانی ئێران بەڕێوەدەچێت و چالاكیی ڕۆژی ٢٢ی تشرینی یەكەم، كە لەلایەن گروپی ژنانی ‘بەرلین فێمێنیستا’، لەبەردەم دیواری بەرلین بەڕێوەدەچێت.
ڕێكخستنی چالاكیی بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەكێكی دیكە بوو لە بڕیارەكانیان، هاوكات، ڕووماڵكردنی ڕاپەڕینی ژنان لەسەر ماڵپەڕی تەونی جڤاكیی و نووسین و بڵاوكردنەوەی وتار، بە زمانەكانی عەرەبیی، كوردیی، فارسیی، ئینگلیزیی و زمانە ناوچەییەكان.
كۆتا خاڵی بڕیارنامەكەشیان، ئامادەكردنی ڤیدیۆ بوو لە ناوچە عەرەبییەكان، بە زمانەكانی عەرەبیی، كوردیی، فارسی، ئینگلیزی و زمانەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفغانستان، بۆ ئەوەی سەرنجی ژنانی دیكە ڕابكێشن و بەشداریی لە هەڵمەتەكەدا بكەن.
ف.ق