لە کەرکوک، پانێڵێک سەبارەت بە گرنگی پاراستنی ژینگە بەڕێوەچوو
لە شاری کەرکوک، بەبۆنەی رۆژی جیهانی وزەی خاوێن پانێڵێک سازکرا بۆ تاوتوێ کردنی گۆڕانی کەش و هەواو گرنگی پاراستنی ژینگەیەکی تەندروست و خاوێن.
لە شاری کەرکوک، بەبۆنەی رۆژی جیهانی وزەی خاوێن پانێڵێک سازکرا بۆ تاوتوێ کردنی گۆڕانی کەش و هەواو گرنگی پاراستنی ژینگەیەکی تەندروست و خاوێن.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە پەیمانگای قەڵەم لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە رۆژی جیهانی وزەی خاوێن بەدروشمی "بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وەز بۆ ژینگەیەکی تەندروست" پانێڵێک بەڕێوەچوو کە تێیدا باس لە گۆڕانی کەش و هەوا و دۆخی ژینگە کرا و هەروەها باس لەو ڕێکارانە کرا کە پێویستە بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ژینگەیەکی تەندروست و خاوێن.
جێگای ئاماژەیە، لە پانێڵەکەدا سەدان کەس لە ژینگەپارێز و چالاکوان، مامۆستا و قوتابیان ئامادەبوون، هەروەها پانێڵەکە لەلایەن هەریەکە لە ئەندازیار" ئایا موفەق، گەشبین ئیدریس، سەعدولا موحسین و عەلی محەمەد) ئەندازیارانی بواری ژینگە و وزە پێشکەش کرا.
گەشبین ئیدریس، چالاکوان و سەرۆکی ڕێکخراوی هەسارە، کە ناوبراو سەبارەت بە رۆڵی رێکخراوەکان و گەنجان لە پاراستنی ژینگە و بواری وزەی نوێ لە پانێلەکە قسەی کرد، سەبارەت بە پانێڵەکە گەشبین ئیدرسی بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "پێویستە لە بەرکاهێنانی وزە کلاسیکییەکان دەربچین و بەرەو وزەی خاوێن هەنگاو بنێن لەپێناو پاراستنی ژینگە، هیوادارم ئەم پانێڵەی ئەمڕۆ کە بەبۆنەی رۆژی جیهانی وزەی خاوێن سازمان کرد ببێتە هۆی هۆشیارکردنەوەی زیاتری خەڵکی تاوەکو زەمینەیەکی باشتر بڕەخسێنین بۆ پاراستنی ژینگە، ئەمرۆش لێرە ئامادەبووم بۆ قسەکردن لەسەر پێشەنگایەتی گەنج و ڕێکخراوەکان لەم بوارەدا، ئەتوانین بلین لەلایەن ناوەندە ئەکادیمییەکان، گەنجان، ڕێکخراوەکان و حکومەت دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ بەرەو پێشچوونی ژینگە بەڵام هێشتا وەکو پێویست نیە چونکە بابەتی ژینگە و گۆڕانی کەش و هەوا کارەساتێکی گەورەیە و کاریگەری لەسەر هەمووان هەیە، بەهیوای ئەوەی هەموو ڕۆژیک بکەینە رۆژی پاراستنی ژینگە".
سارە نازم کچە خوێندکارێکی زانکۆیە و وەکو میوانێک بەشداری لە پانێڵەکە کردبوو، سەبارەت بە دۆخی کەش و هەوای عێراق، سارە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: "لە ووڵاتی ئێمەدا زۆر پشت بە بەرهەمەکانی نەوت دەبەسترێت بۆ دابین کردنی وزە کە ئەمەش ژینگەی پیس و ناتەندروست کردووە، بۆیە گرنگە زیاتر پشت بە وزەی خاوێن ببەستین وەکو دابین کردنی وزە لە ڕێگەی وزەی خۆر و با، خاکی عێراق ناسراوە بە خاکێکی بەپیت، پێویستە چاندنی سەوزایی زیاتر بکرێت و پشتێنەی سەوزایی بە چواردەورەی شارەکان دروست بکرێت بەتایبەتی شارێکی وەکو کەرکوک کە دەولەمەندە بە بەرهەمی نەوت و بڕی پاشماوەی سوتاندنی گاز و نەوت زۆرە لە بەرگە هەوای شارەکەدا".
هەروەها سارە نازم لە درێژەی قسەکانیدا ووتیشێ: "بەداخەوە عێراق زۆ پشتی بە کەرتی نەوت بەستیوە کە ئەمەش بۆتە هۆکاری پیسبوونی زیاتری ژینگەکەی، پێویستە پشت بە کەرتەکانی دیکەی وەکو کشتوکاڵ، سامانی ئاژەڵ، وزەی خاوێن و پیشەسازی ببەستێت تاوەکو کاریگەری پیس بوونی ژینگە بەهۆی پشت بەستن بە نەوت لەسەر ووڵات کەمبکرێتەوە، هەروەها پێویستە عیراق پارێزگاری لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات بکات لە پاشماوەی مادە زیان بەخشەکان کە دەکرێنە ناو ئەو دوو ڕووبارەوە".