لە کرماشان گردبوونەوەیەک لە دژی سزای لە سێدارەدان ڕێکخرا

لە سنووری شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئازادیخوازان و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی دژی سزای لەسێدارەدان گردبوونەویەک ئەنجامدرا و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدان کرا.

دوێنی لە پارکی سەرابی شارۆچکەی سونقور سەر بە شاری کرماشان بە بەشداری ئازادیخوازان و بنەماڵەی زیندانیانیی سیاسیی وەحید بەنی عامریان و پوویا قووبادین، کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە گردبوونەوەکەدا چالاکوانانی گردبووەنەوەکە نیگەرانی خۆیان دەربری و داوای هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی زیندانیانیی سیاسییان كرد.

هاوکات، ئەمڕۆ ٦٠ـەمین ڕۆژی هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان”ە، کە ئەو کامپەینە لە لایەن زیندانیی سیاسیی کورد و ئێران پێکهاتووە و چالاکوانان و ئازادیخوازان پشتیوانی دەکەن، هەروەها لەم ڕۆژەدا ئەندامانی کامپەینەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن وەک ناڕەزایەتی دەربرین دژی سزای لەسێدارەدان.