له‌ هێرشه‌كانی ئێراندا ١٥ كه‌س ژیانیان له‌ده‌ستدا، یه‌كێكیان ژنێكی دووگیان بوو

به‌پێی ئاماره‌كان له‌ هێرشه‌كانی ئێران به‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان و موشه‌ك بۆ سه‌ر باشوری كوردستان ١٥ كه‌س ژیانیان له‌ده‌ستدا، كه‌ یه‌كێكیان ژنێكی دووگیان بووه‌. لانیكه‌م ٥٨ كه‌س برینداربوون.

له‌كاتێكدا كه‌ گه‌ل له‌ ئێران له‌ سه‌رهه‌ڵداندایه‌، هێزه‌كانی ئێران هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و كه‌سانی مه‌ده‌نی له‌ باشوری كوردستان.

له‌ ناوچه‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر، بۆردومانێكی قورس كرایه‌ سه‌ر باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)، كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕیی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و پارتی ئازادی كوردستان (پاك).

به‌پێی ده‌زگای دژه‌تیرۆری باشوری كوردستان له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌دا ١٣ كه‌س ژیانیان له‌ده‌ستدا، كه‌ یه‌ك له‌وانه‌ ژنێكی دووگیانه‌. هه‌روه‌ها ٥٨ كه‌س كه‌ زۆرینه‌یان مه‌ده‌نین بریندارن. له‌ ناو برینداره‌كاندا سێ په‌یامنێری كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی كه‌ی ٢٤ هه‌یه‌.

هاوكات چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاویان كرده‌وه‌ دوو له‌ بریندارانی تریش ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و به‌م پێیه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و هێرشانه‌دا ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ١٥ كه‌س.

هێرشه‌كه‌ به‌ موشه‌كی بالستی و به‌ ده‌یان درۆن ئه‌نجامدرا

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، كه‌ ناوچه‌كان به‌ موشه‌كی بالستی و درۆنی بۆمبڕێژكراو زیاتر له‌ ٧٠ جار بۆردومان كراون.

به‌پێی حكومه‌تی به‌غدا به‌ ٢٠ درۆنی بۆمبڕێژكراو ئه‌و هێرشانه‌ ئه‌نجامدراون.

هه‌ر دوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێر هێرشه‌كانیان شه‌رمه‌زار كردووه‌، فه‌رمانده‌یی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (سێنتكۆم)یش رایگه‌یاند، رۆژی چوارشه‌ممه‌ دوانیوه‌ڕۆكه‌ی درۆنێك كه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر ده‌چوو و 'هه‌ڕه‌شه‌بوو بۆ سه‌ر هێزه‌كانی سیچنتكۆم' خرایه‌ خواره‌وه‌.

وانشتۆن 'هێرشه‌ كوشنده‌"كان بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری خاكی عێراقی شه‌رمه‌زار كرد. له‌نده‌نیش داوای له‌ تاران كرد كه‌ بۆردومانه‌كه‌ رابگرێت.

به‌رلین ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ی وه‌ك 'دۆخێك كه‌ مایه‌ی قبوڵ نییه‌' پێناسه‌ كرد. پاریسیش 'پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق' له‌ لایه‌ن ئێرانی شه‌رمه‌زار كرد.

هـ . ب