شاندەکەی ئەورووپا: دەبێت بەبێ مەرج ئۆجالان ئازاد بکرێت

شاندی ئەورووپا کە لە چوارچێوەی کەمپینی "دەمەوێت لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دیدار بکەم"ـدا هاتە ئەستەنبوڵ، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و داوایکرد ڕێبەر ئاپۆ و زیندانیانی تری سیاسی بەبێ مەرج ئازاد بکرێن.

لە وڵاتانی جیاوازی ئەورووپاوە ٣٩ کەس لە چوارچێوەی کەمپینی "دەمەوێت لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دیدار بکەم" دوێنێ هاتنە ئەستەنبوڵ. شاندەکە کە لە ڕۆژنامەنوس، نوسەر، ئەکادیمی، سەندیکاوان، پەرلەمانتار و یاساناسان پێکهاتبوو، لە هۆتێلێکی تەقسیم مێزگردێکییان ڕێکخست. لە هۆڵی کۆبوونەوەکە پانکارتی "دیداری نێونەتەوەیی بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری" دانرا.

هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) مەراڵ دانش بەشتاش، هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) کەسکین بایندر و لە تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)وە سەباحەت تونجەلیش چەندین کەسی دیکە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون. دوای کۆبوونەوەکە، دەقی پەیامی هاوبەش خوێندرایەوە. پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا فەرهاد کۆچاک پەیامە هاوبەشەکەی بە تورکی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی CUPـی کەتەلۆنیا  ئیولالیا ڕێگوانت کورا پەیامەکەی بە ئینگلیزی خوێندەوە.

فەرهاد کۆچاک ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان پشتیوانی لە گەلی کورد دەکەن و گوتی: "ئێمە بانگەواز لە دەسەڵاتدارانی تورک دەکەین بۆ دیالۆگێکی بونیاتنەر و ڕاست و دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ تەواوی کۆمەڵگەی کورددا، هەنگاوی کاریگەر بنێن. ئێمە جارێکی تر بانگەوازی کاری هاوبەش بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە لە هەموو تەڤگەر و پارتە پێشکەوتووخوازەکان و گەلانی تورکیا دەکەین. تەنها بە پابەندبوونی لەو شێوەیە دەکرێت گۆڕانکارییەکی هەمیشەیی و بەردەوام جێبەجێبکرێت، لەم ڕووەوە بەڕاستی ڕێگە بۆ تورکیایەکی دیموکراتیکی بکرێتەوە."

کۆچاک لە بەردەوامیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پێویستە تورکیا ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و بەرپرسیارێتییە نێونەتەوەییەکانی جێبەجی بکات و وتی: "لە کاتێکدا کە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی زیاتر بەرەو ململانێ و شەڕانگێزی دەڕوات، دەرفەتێکی مێژووییە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە پرسی کورد چارەسەر بکرێت. لە سەردەمێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێو ئاگردایە و زۆرێک لە وڵاتان کەوتوونەتە پێشبڕکێیەکی بێسنووری بەکار هێنانی چەکەوە، بەڕێز ئۆجالان یەک لە بەهێزترین دەنگەکانی بەرگریکردن لە ئاشتی و چەکدانانە."

هەروەها کۆچاک ئاماژەی بەوەدا کە ئایدیای "کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک"ی رێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ تورکیا بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکەش مۆدێلێکی گونجاوە و وتی: "بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیموکراسی بگاتە ئاستی پێویستی تواناکانی، دەبێت دەستبەجێ و بێ مەرج بەڕێز ئۆجالان و هەموو زیندانیانی سیاسی کە مافە مرۆییەکانیان پێشێل کراوە ئازاد بکرێن، ئەمە شتێکی بنەڕەتییە، درێژبوونەوەی دەستگیکردنیان نیگەرانیەکی جدییە. ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە کاتی زیندانیکردنییدا هەنگاوێکی بنەڕەتیە، بە تایبەتی گۆشەگیری سەپێنراوی ٢٦ساڵەی سەر بەڕێز ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی و هەروەها قەدەغەکردنی نایاسایی مافە بنەڕەتییەکانی، پێشێلکردنێکی ئاشکرای پێوەرە یاساییە ناوخۆیی و جیهانیەکانە."

لە کۆتایی قسەکانیدا کۆچاک ڕایگەیاند: "داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین بەپێی بنەماکانی دادپەروەری، دیموکراسی و ئاشتی مامەڵە بکات، ئێمە چاودێری هەنگاوەکانی حکومەت دەکەین و هیوادارین تورکیا بچێتە ناو پرۆسەیەکی دیموکراتیک و کۆمەڵگەیەکی فرەچەشنەوە."