موعینی: پێویستە خۆپیشاندان بەردەوام بێت، دەرفەتی گۆڕان لەدەسەڵاتی رژێمدا نەماوە

سیامەند موعینی هاوسەرۆكی پژاک، رایگەیاند، لەم دەسەڵاتەی ئێستای ئێراندا هیچ دەرفەتێك بۆ گۆڕانكاری نەماوە و چاوەڕوانی دیموكراسی لەو سیستەمە، خەیاڵێكی خاو و بەفرێودانی مێژوویە. موعینی دەڵێتیش؛ بۆ گۆڕانكاری دەبێت، خوپیشاندانەكان بەردەوام بن.

هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پژاک"، لەدیدارێكیدا لەگەڵ رۆژنیوز، تیشكی خستووەتە سەر دۆخی هەنووكەیی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و پرۆژەی پژاک بۆ وەرچەرخانی دیموكراتیك لە ئێران و یەكهەڵوێستی لایەنە كوردیەكانی رۆژهەڵات.

سیامەند موعینی دەڵێت؛ وەكو پژاک هەر لەرۆژی یەكەمی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتیە كۆمەڵگە هاوشانی گەلەكەمان لەنێو تێكۆشانداین و تا سەركەوتن لەسەنگەری گەلەكەمان و گەلانی ئازادیخوازی ئێرانیشدا دەمێنینەوە.

هاوسەرۆكی پژاک؛ ئاماژە بەنزیكبوونەوەی هەندێ هێز و لایەن دەكات كە گۆایا دەیانەوێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی كۆمەڵگە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە ئاخاوتووە و دەڵێت؛ كوڕی شای پێشوی ئێران دەیەوێت بەهەندێ درۆشمی پۆپۆلیستی گەل فریو بدات، بەڵام گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی كورد ئەزموونیان لەسیاسەتی پاشایەتی و ئەم بنەماڵەیە هەیە و هیچ پێگەیەك و شوێنێك لەنێو گەلانی ئێران بۆ ئەم جۆرە كەسایەتی و رەوتانە نابێت".

لەسەر پرسی یەكگرتوویی كوردان لەم دۆخەدا، سیامەند موعینی پێوایە كە كورد یەكگرتووە و پشتیوانی یەكترن. ئەگەر حزبە سیاسیەكان لەبەرچاو نەگرین، كور یەكگرتووە و پشتیوانی یەكترن، سەرهەڵدانی خەڵكی شاری سەقز لەدژی كۆشتنی ژینا ئەمینی، زۆر بەخێرایی پشتیوانی شارەكانی تری رۆژهەڵاتی كورستاندا بەدوادا هات، نەتەنیا شارەكانی كوردستان، بەڵكو شارەكانی تاران، تەبریز، شیراز، ئەهواز و تەنانەت ئەم خۆپیشاندانانە بوو بە سەرهەڵدان لەهەموو شارەكانی ئێران و تەنانەت كوردانی هەندەرانیش و چالاكانە لەدژی رژێم و سەركوت لەگۆڕەپانەكان بوون و هەموو هێزە سەركۆتكەرەكانی رژێمی ئێرانیان تووشی شۆك كرد.

هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان بانگەوازی لەهێزە دیموكراسیخوازەكان لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات تا لەبەرەیەكی هاوبەشدا دژی ئەو رژێمە بەیەكگرتوویی بوەستنەوە و كار بكەن.

موعینی لەم بارەیەوە دەڵێت؛ لە ٢٠١٦ەوە لەسەر دوو پرۆژەی بنەڕەتی كار دەكەین، یەكیان لەچوارچێوەی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەوی دیكەشیان بۆ هەموو ئێرانە، ئێمە دەمانەوێت هەموو هێزە دیموكراسیخوازەكان لەبەرەیەكی هاوبەش و یەكگرتوودا لەدژی ئەو رژێمە تۆتالیتارە بەیەكگرتوویی كاروخەبات بكەن. لەئێستاشدا گرنگە كە ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوام بێت و بگاتە قۆناغێكی نوێ و سەركەوتن، وەكو پژاک لەرۆژی یەكەمەوە لەپەنای گەلەكەمان و شانبەشانیان لەناو تێكۆشانداین و تا سەركەوتن لەسەنگەری گەلەكەمان و گەلانی ئازادیخوازی ئێراندا بەهەموو هێزمان دەمێنینەوە.

ف.ق