نوسەر عەلی کەریمی: هەوڵ هەیە بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی -١-

عەلی کەریمی باس لە چۆنیەتی بەلاڕێدابردنی شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئێران، سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و لۆبیی ئێران لەو وڵاتانە، هەوڵەکان بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕشی ئێستای 'ژن، ژیان، ئازادی' دەکات.

 عەلی کەریمی نووسەر و کەسایەتیی سیاسی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران (شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی)، هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئەو شۆڕشە و تێڕوانین و دونیا بینیی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتگیریی ناڕاستەوخۆی ئەو وڵاتانە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)  قسەی کرد. ئەو وتوووێژەی عەلی کەریمی بە دوو بەش بڵاو دەکەینەوە.

 لە بەشی یەکەم دا باس لە سەرەتای بەلاڕێدابردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ لە شۆڕشێکی چەپ و دیموکراتیکەوە بۆ مەزهەبی و هاتنە سەر دەسەڵاتی  مەزهەبچیەکان و مەلاکان و سینارێوی پشتی بەلاڕێدابردنی ئەو شۆڕشە و ئەو لۆبی پشتگیرییە، کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بۆ دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی هەیە و هەوڵەکانی بەلاڕێدابردنی شۆڕشی نوێی ئێستای گەلانی ئێران لە ژێر دروشمی ژن، ژیان ئازادی، کە ئەویش نوسەر بەناوی ( شۆڕشی ژینا) ناوی دەبات.

لەسەرەتادا پێم خۆشە تۆزێ چاو بە باکگراوندی ئێراندا بخشێنین، لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران، کە دەکاتە ٤٤ ساڵ پێش ئێستا، ئەو کاتە من خۆشم یەکێک بووم لەو گەنجە چالاکانە بە شداریی ئەو بزوتنەوە چەپ جەماوەرییە ببووم لە دژی دەسەڵاتی شای ئێران، بە واتایكی تر من لە شاری تەبرێز دەمخوێند، کە ئەو شارە یەکێک بوو لە شارە گرینگەکانی ئێران لە بواری بازرگانی و جوڵەی سیاسی  و جەماوەری لە دژی دەسەڵاتی شای ئێران، بە تایبەتیش زانکۆی ئازەر ئابادەگان (زانکۆی تەورێز) یەکێک بوو لە باشترین شوێنەکان و جوڵانەوەی زۆری خوێندکارانی تێدابوو، هەڵبە من خوێندکاری ئەو زانکۆیە نەبووم، بەڵام زۆر سەردانی ئەو زانکۆیەم دەکرد و هاوڕێم لەوێ زۆر بوو.

دروشمی 'یەکێتی، تێکۆشان، سەرکەوتن' هەبوو

لە ڕاستیدا کاتێک لە ساڵی ١٩٧٨ شۆڕشی گەلان لە شاری تەورێز دەستی پێکرد من باشم لە بیرە هەموو خوێندکارەکان هاتنە سەر شەقەمان درووشمەکانیان بریتی بوو لە ( یەکێتی، تێکۆشان، سەرکەوتن) ئەوە درووشمی کۆمەنیست و چەپەکان بوو، بە واتایکی تر ئەوەی ڕابەرایەتیی خۆپێشاندانی دەکرد هێزی چەپ و کۆمەنیست بوو.

کاتێک خوێندکاران چوونە سەر شەقامەکان تەواوی شاری تەورێز خرۆشا بە سەدان هەزار کەس ڕاژبوونە شەقامەکان، لەو کاتەدا هێزەکانی ڕژێم ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە، دەستڕێژی گولەیان لە خۆپێشاندەران کرد، یەکێک لە هاوڕێکانم، کە پێکەوە لە ماڵێکی خوێندکاریدا دەژییاین برینداربوو، مەبەستم لە باسکردنی ئەو نموونانە لەوەیە، کە پێتان بڵێم شۆڕشی گەلانی ئێران بە خوێندکار و ڕەوتی چەپ دەستی پێکرد بە تەواوەتی ڕەنگی چەپی پێوە دەیاربوو، بەڵام لەو کاتەدا چەند کەسێکی زۆر کەم و نەناسراو دەنگیان بەرز کردەوە درووشمێکی جیاوازیان گوت، کە من پێشتر قەت گوێم لێ نەببوو و درووشمەکەیان بریتی بوو لە (مەزهەبی ئێمە حوسێنیە، ڕێبەرمان خومەینیە) ئەم درووشمە ناکۆکیی دروستکرد. ئێمە وەک خوێندکاران وتمان ئێمە درووشمی ئیسلامی ناڵێن، چونکا دروشـمی ئێمە چەکوش داس بوو، خوێندکاران سەدان لافیتەو لاپەڕەیان بە دەستەوە بوو، کە هەمووی درووشمی چەپ و کۆمەنیستی بوو.

'شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ ڕووخانی شا ١٣ مانگ بەردەوام بوو'

شۆڕشی گەلانی ئێران لەو کاتەدا بە گەشتی لە ڕۆژی دەستپێکردنەیەوە ١٣ مانگی خایاند، کە تەپڵی سەرکەوتن لێدرا. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو هێزە، کە درووشمە ئیسلامیەکەیان گوت، زیاتر گەشەیان دەکرد و زیاتر دەستیان بە سەر خۆپێشاندانی ڕەوای گەلدا دەگرت، لە ڕاستیدا ئەوە لە سیناریۆیەک دەچوو، کە هێزێکی گەورەتر پشتگیریی ئەو هێزەی دەکرد، بۆ نموونە ئێمە ئەگەر بمان ویستایە هەواڵێک لە بارەی ماڵەومان بزانین لە مەهاباد دەبوو چوباین بۆ تەلەفۆنخانە لەوێش دوو کاتژمێر چاوەڕێمان دەکرد ئینجا دەمانتوانی چەند خولەکێک لەگەڵ ماڵەوە قسە بکەین و درەنگ درەنگ لە دۆخی یەکتر ئاگادار دەبووینەوە، تاوەک شتێک بڵاودەکرایەوە زۆری دەخایاند، بەڵام لەو کاتەدا بە پێچەوانەی ئێمە ڕۆژانە کەناڵی بی بی سی بە نێو کاتژمێر تەواوی پەیامەکانی خومەینی بڵاو دەکردەوە بۆ تەواوی گەلانی ئێران، یاخود کاتێک کاسێتی دەنگی خومەینی دەهات دەیان هەزار دانەی لێ کۆپی دەکرا بە خێرایی بە هەموو ئێراندا بڵاو دەکرایەوە، ئەوەش ئەوە دەگەینی هێزێکی گەورەی ئابوری لە پشت ئەو ڕێکخستنەوە بوو،  واتا خومەینی لە ئاستی نێو دەوڵەتی پشتگیری دەکرا و کەسانی ئەکادیمی نێودەوڵەتی کارەکانیان بۆ رێک دەخست و ئامادەیان دەکرد بۆ ئەوە دەست بەسەر خۆپێشاندانەکانی ئێراندا بگرێت.

'وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لە پشت خومەیینییەوە بوون'

ئەو کاتە لە ئێران ژمارەیەکی زۆری دەزگای سیخوری و جاسوسی نێودەوڵەتی هەبوون، وێرای ئەوەی شا ئەو کاتە بە دۆستێکی نزیکی ئەمریکا هەژمار دەکرا و ئەمریکا شای بە جەندرمەی خۆی دەزانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی فارسی پێ کۆنترۆڵ دەکرد و ئێران لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئۆپیک مانۆڕی دەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسی سەفارەتی ئەمریکا لە تاران کەسێک بوو ناوی سولیڤان لە پەیوەندی دابوو لەگەڵ گروپی سەر بە خومەینی و ئەو خەلایانەی کە خۆیان دروستیان کردبوون، سولیڤان لە بیرەوەریەکانی خۆی ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕۆژانە چاوی بە ڕەفسنجانی و بەهەشتی کەوتوە، ئەو کاتە کە مەبەستم لە ساڵی ١٩٧٩ یە ئەمریکا پێی وابوو ئەگەر شۆرشی چەپ و دیموکراتیک لە ئێران سەربکەوێت یەکێتیی سۆڤیەت زیاتر گەشە دەکات و دوونیا دەخوات، بۆیە بە پێوستی دەزانی دەسەڵاتی شای ئێران بگۆڕێت بۆ برەودان بە پشتێنەی سەوز بۆ دژایەتیکردنی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ ئەوەی پێش لە فراونبوونی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بگرێت، لەسەر ئەو بنەمایە ئەو هێزەی خومەینیان دروستکرد و پشتگیرییان کرد.

کاتێک عبدولکەریم قاسم شۆڕشی لە عێراق کرد، ئەمریکا لەوە تۆقیبوو، بۆیە هەر زوو شۆڕشەکەیان سەرکوت کرد، ئەمریکا و وڵاتانی زلهێز نەیان دەویست جارێکی دیکە لە ئێران شۆڕشێکی دیکەی چەپ و کۆمەنیزم سەربکەوێت و لە ناوچەکە بڵاو ببێتەوە. وێرای ئەوەی شای ئێران گوێگرێکی باشی ئەمریکا بوو، بەڵام شا ئەو هێزەی نەمابوو، کە خۆپێشاندان کۆتای پێ بێنێت و پێش لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکان بگرێت، بە واتایکی تر شا بۆ خۆی تۆقیبوو، بۆیە ئەمریکا باوەڕی بە شا نەمابوو، کە سیاسەت و کارەکانیان جێ بەجێ بکات، بۆیە لەبەرامبەردا کەسێکی وەک خومەینیان هێنایە پێشەوە.

ئەو کاتە ئەمریکا باوەڕی وابوو، کریملن زۆر بە هێزە وردە وردە بەرەو باکوری ئەفریقای و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاوە گەرمەکان گەشە دەکات و هەموو وڵاتانی ناوچەکەی بە چۆکدا هێناوە، پێیانوابوو سۆڤیەت چەکی ئەتۆمی هەیە و مەترسییە بۆ ناوچەکە، بەڵام دوای دە ساڵ لە شۆڕشی گەلانی ئێران سۆڤەیەت لە ساڵی ١٩٨٩ هەڵوەشانەوەی تێکەوت، ئەگەر ئەمریکا پێی وابووایە سۆڤەیەت بەو زووانە هەڵدەوەشێت بە هیچ شێوەیەک دەستی لە شا بەر نەدەدا.

لە ماوەی شۆڕشدا بە بەردەوامی هێزی چەپ لە پێشەوە بوو، لە دوای ١١ مانگ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و شۆڕش، شای ئێران هەڵات ‌بەشێکی زۆری ئێران ئەو کاتە بەدەستی چریکی فیدای خەڵقەوە بوو، ئەو کاتە چریک لە ناو خەڵک زۆر خۆشەویست بوو، بەشێوازێکی وا بەهێزبوون ڕادیۆ و تەلەفزێۆنی ئێران بە شێوەیکی بە فەرمی بە دەستی چریکەوە بوو، زۆربەی داموو دەزگاکانی دەوڵەت بە دەستی چریکەوە بوون، بەڵام لە ناکاو وەک چۆن شێر هەڵدەچی بەو شێوەیە خومەینی هەڵچوو و بەرز کرایەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر هەموو کەسە تەکنۆکراتە ڕابردوو پیسەکان لە دەوری خومەینی کۆبوونەوە، لە گوندی (نوفڵ لوشاتوو – لە پاریس) دەوڵەتێکیان دروستکرد، پاریس خۆی بە دەوڵەتێکی دیموکرات دەزانی، بەڵام لەو کاتەدا دەمی خۆی بەست و هیچ ڕێگرییەکی نەکرد لەو دەوڵەت، بەڵکوو نەک هەر دەمی خۆی بەست پشتگیری تەواویشی لێکردن، لەدوای ئەوە خومەینیان گەڕاندەوە تاران پێشوازییەکی گەورەیان بۆ رێکخست وەک ڕێبەرێک پێشانی هەموو دونیان دا.

لە ڕاستیدا سێ مانگ پێش شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ئەڵمانیا، فەرەنسا، و ئینگەرا لە گواتالۆپ کۆبوونەوە و لەسەر ئەوە ڕێکەوتن، کە شا کۆتایی پێ بێت و لەبەرامبەردا خومەینی بەرنە پێشەوە، بۆیە لە ناکاو ئەو جوڵانەوە گەورەیەی ئێران، کە ڕەوتی چەپ پێشڕەویی دەکرد لە ماوەیەکی کەمدا هەمووی گۆرا بۆ ئیمام حوسێن و شیعە، کە ئەوەش بە پشتگیری هێزە جیهانیەکان بوو، هەموو خەڵک بوونە موریدی خومەینی، ئەو ژنانە، کە تاران وەک پاریس دەسوڕانەوە، ژنان هەموو قژ ڕووت بوون و تەنورەی کورتیان لەبەر دەکرد، بەڵام لە ناکاو هەموویان چونە ژێر چارچیف و عەبا، دەبێت شایدی ئەوەش بکەین، کە لە ساڵانی سەرەتا عەبا بە زۆر نەبوو، بەڵکو وەک مەکتەب وەریان دەگرت، من دڵنیام لەوەی ئەم بیرۆکەیە بیرۆکەی ئاخوند و مەلا نەبوو، بەڵکو ئەوە لە ئاستی نێودەوڵەتی دەزگای جیهانی و سیخوڕی پشتگیرییان دەکرد و ڕی و ڕێبازیان پێشان دەدان بۆ کارکردن، چونکە کاتێک خومەینی لە گوندەکەی فەرەنسا (نوفڵ لوشاتو) بوو بە بەردەوامی ئەمریکیەکان سەردانیان کردوە، جیاواز لەوەش فەرەنسیەکان بە بەردەوامی بە دەوریەوە بوون، جگە لەوەش لۆبییەکی تەکنۆکراتی کۆنی ئیرانی بە بەردەوامی ئیشیان بۆ دەکرد.

"شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەموو شۆڕشەکانی تێپەڕاندووە و بووە بە هی هەموان"

دەبێت لەوانە ئەزموون وەربگرین و ئەمڕۆ سەیری ئێستای ئێران بکەین، کە شۆڕشی گەلان بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' تا دێت گەشە دەکات، کە ئەو شۆڕشە شۆڕشی ژینایە، درووشمێکی بەهێزی هەیە، کە هەموو گەلانی ئێران بە درووشمی خۆیانی دەزانن، دەبێت ئێمە شرۆڤە بۆ  ئەو درووشمە بکەین، کە ئەو درووشمە درووشمەکەی باستیلی شۆڕشی فەرەنسا و هەموو درووشمە کۆمەنیستیەکانی تێپەڕاندووە و فراوانترە، لەو درووشمەدا کەس ناکوژرێت، کەس کۆمەڵکوژ ناکرێت، توندوتیژیی تێدا نییە، ئەو درووشمە تۆ بەهی خۆتی دەزانیت، منیش بە هی خۆمی دەزانم، ژنانی لادێ بە هی خۆیانی دەزانن، ژنانی قومیش بە هی خۆیانی دەزانن، ڕەنگە ژنە ملاکانی قوم لە هەموو کەس زیاتر زووڵمیان لێکرابێت، بۆیە لە هەموو کەس زیاتر بە درووشمی خۆیانی دەزانن.

'ئێستا هەوڵ دەدرێت شۆڕشی ژن بە لاڕێدا ببرێت'

ئەمڕۆ ئەگەر سەیری شۆڕشی ژینا بکەین جیاواز لەوەی، کە ئامانجی سەرەکیی هەیە، هەموومان ڕۆژانە دەی بینین، هاوڵاتیان لە شارەکانی کوردستانەوە بگرە تا شیراز، تاران بلوجستان وخۆزستان ڕۆژانە دێنە سەر شەقام، بەڵام جیاواز لە ئامانجە سەرەکیەکان، هەندێک ئامانجی تر لە پشتەوە کاریان بۆ دەکرێت بۆ خۆ خزاندنە ناو ئەو شۆڕشە، چونکا هەوڵ دەدرێت شۆڕشی ژینا بە لاڕێدا ببرێت، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕێکخراویك بە ناوی نایاک لە ئەمریکا لە سەر دەستی تریتا پارسی دروستکراوە و جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش پشتگیریی لێ کردووە، ئەو رێکخراوە کار بۆ دەسەڵاتی ئێران دەکات و لۆبی بۆ دەکەن، بۆ نموونە کەسێکی وەک جەواد زەریف، کە لە حکومەتی پێشوودا بووە وەزیری خاریجەی ئێران پێشتر لە ئەمریکا خوێندویەتی و ژیاوە، ئەوەندە لەو وڵاتە ژیاوە بە تەواوەتی ئاسیمیلەی ئەمریکا بوە، ئەو ڕێکخراوەیەی دروستیشیان کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٢ کار دەکات، ئەوەمان پێشان دەدات کە ئەوە ئەقڵی مەلا نیە، بەڵکوو دەسەڵات و هێزێکی تر لە پشت ئێرانەوە هەیە، تریتا پارسی، کە ئەو ڕێکخراوی دروست کرد بەناوی ڕێکخراوی مەدەنی بەرژەوەندیی ئیران لە ئەمریکا دەپارێزێت، بەڵام ئەگەر چاو لێبکەین لەناکاو زۆر پشتگیری کراو فراون کرا، بە شێوازێک لە ماوەیکی کەمدا لەگەڵ کەسانی باڵا کۆبوونەوەی کرد و لە کۆشکی سپی سەری دەر هێنا، لە کاتی دەسەڵاتی ئۆباما ئەوانە، کەسێکیان کاندید کرد بۆ بەرپرسی شورای ئەمنەیتی کۆشکی سپی، کە ئەو دەسەڵاتە لە ئەمریکا لە دەسەڵاتی وەزیر گەورەترە، هاوکات لە لایکی تر ئەو ڕێکخراوە لۆبی بۆ ئێران دەکات، لە ژێر ناوی نا بۆ شەڕ، نا بۆ حەسارخستنە سەر ئێران و هاتوو چۆی ئێرانیش دەکەن، هاوکات لەگەڵ کەسانی بەپرسی باڵای ئەمریکای و تەکنۆکراتی ئەمریکی هاتووچۆی خێزانییان هەیە، ئەوە چۆن دەکرێت کاری مەلای ئیرانی بێت، ئەوە چۆن دەکرێت کاری مەلابێت، کە لەناو دەزگایەکی ڕاگەیاندنی گەورەی وەک بی بی سی کە سانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئیران بوونی هەبێت، لە کاتێکدا بی بی سی ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت سەربەخۆ و بێ لایەن بێت، بەڵام بی بی سیی فاراسی بووەتە هێلانەی جەماعەتی کۆماری ئیسلامی، بۆیە خەڵک ناوی نابوو ئایەتوڵای بی بی سی، بۆیە ناکرێت چاو لە ئێران بکەین وەک چوار پێنج مەلا، بەڵکوو کارەکە لەوە گەورەترە، ناکرێت بە چوار پێنج مەلا بۆ ماوەی چل ساڵ حوکم بکەن و لە ناوچەکە لە کێبڕکێ و ئاڵۆزیدا بن، پێموایە ئەو دەسەڵاتەی ئێران هەر بەدەستی غەرب دروست کراوە، ئەگر سەیری کارەکانی ٤٠ ساڵی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین وەک پانۆرامایەک لە ماوەی ئەو ساڵانەدا هیچ دەسەڵاتێک هێندەی کۆماری ئیسلامیی ئێران خزمەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای نەکردوە، بۆیە قابیلە ئێستا ئەو بەرژوەندیەی خۆیان بڕووخێنن!.

 بۆ نموونە ئەگەر چاوێک بخشێنین بە ڕابردووی ئەو کەسەی، کە پێشتر ناومان هێنا بە ناوی تریتا پارسی، کە لە سەردەمی شا باوکی گیرا، بێگومان لە کاتی شادا دەستگیرکرابایت یان چەپ و چریکی بویت، یان مەزهەبی دەبویت، کە ژمارەیان کەمیش بوو، بێگومان ئەوان لە خانەوادەیەکی مەزهەبی بوون، بۆیە لە ساڵی ١٩٧٠دا خیزانی تریتا پارسی کۆچ دەکەن بۆ سوید، ئەو کاتەی خێزانی تریتا پارسی کۆچ دەکەن بۆ سود تریتا پارسی تەمەنی تەنها ٤ ساڵ بوو، لە خێزانێکی مەزهەبی شیعی، بەڵام لە سوید خۆیان وەک خێزانێکی زەردەشتی دەناسێنن تا ئیقامە وەردەگرن، دواتر ئەو کوڕە خۆی پێدەگەیەنێت، لە زانکۆی ئۆبسالای شەهادەی ماستەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی وەر دەگرێت، لە ڕاستیدا ئەوەی لێکۆڵینەوە لە تریتا کراوە ئەو ناوە ناوی تەواوی خۆی نییە، ناوی ئەسڵی خۆی ئەبولفەزەلە و ناوی ئەسڵی خۆی گۆڕیوە، ئەمە نەوەی نەوابی سەفەوییە، نەوابی سەفەوی کوڕی نەبووە، بەڵکو سێ کچی هەبووە، ئەوە کوڕە (تریتا - ئەبولفەزەل) کوڕی کچێکی نەوابی سەفەویە، بە ناوی زەهرا، زەهرا کچە بچووکی نەوابی سەفەوییە. ئەم کەسە دواتر بووەتە یەکێک لە لۆبیکەرانی ئێران لە ئەمریکا و ئەوەشی لە ڕێگای ڕێکخراوی نایاک کردوە، کە دواتر ئاغای زەریفیش دەستێوەردان دەکات و کاری لۆبی و بازرگانی بە یەكەوە بەڕێوە دەبەن. کەسانێک، کە ڕۆژانە بە ناوی ئۆپۆزسێۆنی ئێرانی لە دەزگا ڕاگەیاندنە جیهانیەکانەوە قسە دەکەن خۆیان بە کەسی غەربی پێشان دەدەن لە ئەسڵدا سەر بەو ڕێکخراوەن بە ناوی نایاک.

'گەنجان لەگەڵ ژنان ڕیگای شۆڕشیان گرتووە'

لە ئەنجامدا کۆمەڵێک کەسیان کۆکردۆتەوە، کە خۆیان بە سیکۆلار مۆدێڕن و رۆژئاوایی پێشان دەدەن و  بۆینباغ لەمل دەکەن و بە ڕووتی وێنەکانیان لەسەر دەریا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا کار بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و پشتگیری ئەو دەوڵەتە دەکەن. واتا لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتە، کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە تا ئێستا لەسەر دەسەڵات ماوە تەنها بە ئەقڵی ملا نییە، بەڵکوو ئەو لۆبییە رۆژئاوایی و پشتگیرییە نێو دەوڵەتییە، کە کارەکانی ئەو دەوڵەتە بەڕێوە دەبات، پشتگیری ئەو دەوڵەتە دەکات لەسەر پێی دەهێڵێتەوە، ئەوەش بووەتە بەڵایەک بۆ گەلانی ئێران، تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ بەسەر شۆڕشی ژینادا تێپەر دەبێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەو گەرم و گوڕیەیان نیە بۆ پشتگیری ئەو شۆڕشە، لە کاتێکدا گوایە ئەو وڵاتانە ٤٠ ساڵە بەدەستی دەسەڵاتی مەلاوە دەناڵێنن، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا هەر هیچ نەبێت زیاتر لە ٢٠ ساڵە باسی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن، باشە ئێستا، کە دەرفەتێک هەیە و هەڵکەوتوە و دەرفەت هەیە، بۆ موداخەلە ناکەن، لەو جۆرەی کە دەبوو دەسەڵاتی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت و گەرم بێت لەگەڵ شۆڕشی ژینا ئێمە نای بینین، بەڵام شادیکە لەوەدایە، کە ئەمڕۆ لە سەر شەقامەکان و کۆڵانەکان خەڵک لەسەر جادەن و حیساب بۆ ئەو موراعەتانەی ئەمریکا ناکەن لەگەڵ ئێران، بەڵکوو هەموویان ژینان، من دەمەوێت لێرەوە باسی ئەوە بکەم کە کۆمەڵگای ئێرانی ٩٠ ملێۆن بێت ئەوە ٦٠ ملێۆنی گەنجە، بۆیە ئەو نەوەیە ناچێتە ناو سیاسەتی قوڵی ئەمریکا و مەلاکان، بەڵکو هەموویان ژینان و رێگای شۆڕشەکەى خۆیان گرتووە.

ژ.ت