ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لە ٣ شاری سوید پیرۆزکرا

کوردانی سوید لەگەڵ هاوڕێکانیان یادی ٤٤ ساڵەی دامەزراندنی پەکەکەیان پیرۆز کرد. ئاهەنگەکان لە ستۆکهۆڵم و یۆتۆبۆری و بۆرلانگ بەڕێوەچوون.

لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید و لە شاری یۆتۆبۆری باشووری سوید و لە شاری بۆرلانگ لە باکووری ئەو وڵاتە، ٤٤مین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە پیرۆزکرا. ئاهەنگەکان بە پێشەنگایەتی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتی کورد لە وڵاتانی سکاندیناڤیا (NCDK-Scandinavia) بەڕێوەچوون.

لە ستۆکهۆڵم دوای خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، حەمید ئامەد، هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتی کورد لە وڵاتانی سکاندیناڤیا قسەی کرد. حەمید ئامەد بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە پیرۆزبایی لە کەسوکاری شەهیدان و عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و گەریلاکانی ناو سەنگەرەکان و تەواوی گەلی کوردستان کرد.

حەمید ئامەد وتی، "مێژووی پەکەکە، مێژوویەکە کە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد لەخۆدەگرێت. سەرۆک ئاپۆ لە پایتەختی دوژمن، ڕێگایەکی بۆ ئازادی بۆ گەلی کورد کردەوە کە ملیۆنان کەس بەوپێیە تێدەکۆشن". گەلەکەمان ئەمڕۆ لە هەموو ناوچەیەکی کوردستان لەسەر پێیە، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور و باکور و لە ئەوروپاش لەژێر فەلسەفە و باوەڕی پەکەکە کە ئەمڕۆ بەرخۆدان دەکات و بووەتە نموونە و هێمای بەرەنگاربوونەوەی گەلی ناوچەکە و جیهان”.

دانیال ڕیازات پەرلەمانتاری پارتی چەپی سوید، لە ئاهەنگەکەدا قسەی کرد و وتی، "بە ناوی خۆم و پارتەکەمەوە ساڵیادی ژیانەوە پیرۆز دەکەم. ئەو ئەوروپیانەی کە بە پارەکانیان پشتیوانی تیرۆریستان دەکەن و لەگەڵ ساختەچی و دوژمنی کورد و گەلانی ناوچەکە کار دەکەن، ئەو کەسانەی لە بەرانبەر کردەوەکانی کەسانی وەک ئەردۆغان بێدەنگن، پێویستە شەرم بکەن. بەرخۆدانی گەلی کورد سەلماندی کە خەباتی کورد بۆ مافە ڕەواکانی خۆی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان مسۆگەر بووە. من وەک کەسێکی فارس تاوەکو کۆتایی لەگەڵ گەلی کورددا دەبم."

لە هەر سێ شار کە ئاهەنگەکانی تێدا بەڕێوەچوو، هۆڵەکان بە ئاڵای پەکەکە، پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان، وێنەی شەهیدە قاڕەمانەکانی کوردستان ڕازێنرانەوە

لە ئاهەنگەکاندا، هاوکات لەگەڵ بەرخۆدانی گەریلا، پشتگیری لە راپەرینی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کرا و بانگەوازێک بۆ بەهێزکردنی شۆڕشی ڕۆژاڤا کرا. لە کاتی ئاهەنگەکاندا فیلمێک لەسەر مێژووی پەکەکە نمایشکرا.

ئاهەنگەکان بە دروشمی "پەکەکە گەلە، گەل لێرەیە"، "بژی ڕێبەر ئاپۆ"، "بژی بەرخۆدانی گەریلا"، "ژن، ژیان، ئازادی"، بە بەرهەمی زۆرێک لە هونەرمەندان و هەڵپەڕکی کۆتایی هات.

ف.ق