لە ئێران سزای لە سێدارەدان بە سەر بەشداربوویەکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سەپێندرا

دادگای شۆڕشی ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەر ڕزگار بەگزادە بابامیریدا سەپاند کە یەکێکە لە دەستگیرکراوەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی".

پارێزەری ڕزگار بەگزادە بابامیری بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرنای ڕایگەیاند، لە لایەن دادگای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدان بەسەر ڕزگار بەگزادە بابامیری (٤٧ سال) سەپێندرا. ئەو پارێزەرە دەستنیشانی کردووە، تا ئێستا ڕوون نییە ئەو زیندانییە بە کام تۆمەت سزا دراوە.

عوسمان موزین ئاماژەی بەوەشکردووە موەکیلەکەی یەکێکە لەو کەسانەی لە شۆرشی "ژن، ژیان، ئازادی"یدا دەستگیرکراوە و گوتی: "ڕزگار بەگزادە بابامیری، کە یەکێکە لە دەستگیرکراوەکانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. تا ئێستا ڕوون نییە، کە ڕزگار بەگزادە بابامیری بە کام تۆمەت سزا دراوە."

هاوکات، لە ١٧ـی نیسانی ٢٠٢٣، ڕزگار بەگ زادە بابامیری تەمەن ٤٧ ساڵ، كە باوکی سێ منداڵە و دانیشتووی بۆکانە، بە هۆی بەشدارییکردن لە خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و دابینکردنی پێداویستی تەندرووستیی بۆ قوربانییانی خۆپیشاندانەکە لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە بێ فەرمانی دادوەر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکە دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.

جێگای ئاماژەیە، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەلایەن لقی ١٠ـی داواکاری گشتیی و شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی "چەکداری، یاخیبوون، کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی، پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت و سیخوڕی کردن"،  تۆمەتبار کراوە و بۆ ماوەیەکی زۆر دۆسێیەکەی ڕاگیرا، دواتر لە لایەن دادگای تاوانەکانی ورمێ بە ١٥ ساڵ زیندانی سزا درابوو.