محەمەد چاکاس لە ژێر هەڕەشەی دیپۆرت کردنەوە دایە
محەمەد چاکاس چالاکوانی کورد لە ژێر هەڕەشەی دیپۆرت کردنەوە دایە بۆ تورکیا. لەوانەیە دەستبەجێ لە زیندانی ئوێلزنی ئاڵمانیاوە دیپۆرت بکرێتەوە.
محەمەد چاکاس چالاکوانی کورد لە ژێر هەڕەشەی دیپۆرت کردنەوە دایە بۆ تورکیا. لەوانەیە دەستبەجێ لە زیندانی ئوێلزنی ئاڵمانیاوە دیپۆرت بکرێتەوە.
محەمەد چاکاس لەژێر هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە دایە بۆ تورکیا. دادگای باڵای ناوچەی جەلێ بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە پەکەکە سزای ١٢ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی بەسەر محەمەد چاکاسدا سەپاند. چاکاس لە زیندانی ئوێلزن لە ویلایەتی ساکسۆنی ژێرین دەستبەسەرە و بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ئازاد بکرێت.
چاکاس لە تورکیاش بە ئەندامیەتی لە پەکەکە تۆمەتبار کراوە و دۆسیەی بۆ کراوەتەوە.
پارێزەر ئەلبێرلینگ: "تا ئێستا شتی وەها نەبینراوە کەسێک سزای بەسەردا سەپێنرابێت دیپۆرت بکرێتەوە.
پارێزەر دکتۆر ئەلبێرلینگ لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد وتی: "لە مێژه دەزانرێت کە ئەو کەسانەی بە ئەندامێتی لە پەکەکە تۆمەتبارن، لە تورکیا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی ناکرێن، بۆیە ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین قەت حاڵەتێکی وەها لە ئەڵمانیا نەبووە کە کەسێکی سزادراو دیپۆرت بکرێتەوە بۆ تورکیا."
محەمەد چاکاس داوای مافی پەنابەری کرد، بەڵام فەرمانگەی فیدراڵ سەبارەت بە کۆچ و کۆچبەران (BAMF) داواکارییەکەی ڕەتکردەوە. چاکاس لە ڕێگەی پارێزەرێکەوە تانەی تۆمار کرد و داوای پاراستنی یاسایی بەپەلەی کرد. دادگای ئیداری لۆنێبۆرگ لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بەڵگانەی کە لەلایەن پارێزەرەکانیەوە پێشکەشکرابوون، داواکارییەکەی ڕەتکردەوە. پارێزەرەکەی لەسەر ئەم بڕیارە تانەی تۆمار کردووە. دانیشتنەکە لە٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ بەڕێوەدەچێت.
'لە هەر کاتێکدا دەتوانن چاکاس دیپۆرت بکەنەوە'
بە وتەی پارێزەر ئەلبێرلینگ، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا پلانیان هەیە پێش وادەی دانیشتنەکەی دادگا چاکاس دیپۆرت بکەنەوە و دەڵێت: "داواکاری گشتی جەلێ لە سێی تەمموز بڕیاریدا کە ئەگەر محەمەد چاکاس دیپۆرت بکرێتەوە، سزای زیاتری بەسەردا ناسەپێنن. یانێ لە راستیدا ئەمە مانای ئەوەیە کە محەمەد چاکاس لە ژێر هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیە بۆ تورکیا و ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر کاتێکدا دیپۆرت بکرێتەوە.