ڕۆژنامەوانانی کوردستان بەهۆی هەواڵ و بابەتەکانیانەوە دەبنە ئامانجی چەتەکان. بەتایبەتی کارمەندانی ڕاگەیاندنی ئازاد بەهۆی هەواڵەکانیانەوە لەلایەن چەتەکانەوە دەکرێنە ئامانج. پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA) زەینەب دوگورت لە شڕنەخ 'چەتەی لەشفرۆشی' ئاشکراکرد، بەڵام بنەماڵەی کەنعان تاتار کە لە دۆسیەکەدا تۆمەتبارن، هەڕەشەیان لە زەینەب دوگورت کرد.
ڕۆژنامەوان زەینەب دوگورت کە ‘چەتەی لەشفرۆشی’ هەڕەشەیان لێکردووە، وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF)ـی دایەوە و ڕایگەیاند:
"لە مێژووەوە تا ئەم سەردەمە میراتێکی ڕاستی هەیە و لە ئاپێ موساوە تا دەگاتە غوربەتەلییەکان. ڕۆژنامەوانی بۆ ئێمە پاراستنی ڕاستییە، گرتنەبەری ئەم ڕێگایەیە. ڕۆژنامەوانی بۆ ئێمە گەشتکردنە بە ڕاستیدا.
لەنێو ڕاستیی کۆمەڵایەتیدا هەمیشە توڕەییەک بەرامبەر ڕاستی هەیە. لەبەرئەوەی ڕاستی ترسێنەرە، توڕەکەرە و ڕوونکەرەوەیە. یان هەڕەشە لە ڕۆژنامەوانان دەکرێت، یان دەستگیردەکرێن، یانیش دەخرێنە زیندانەوە. ئەگەر ئێوە ڕۆژنامەوان بن لەم وڵاتە لەهەر ئانوساتێکدا دەشێت شتێکتان بەسەربێت، دەبێت بەو شێوەیە کاربکەن.
سەرەڕای مافەکانیشمان پارێزراو نین، تاوانباران دەدۆزرێنەوە و سزادەدرێن. بەڵام شتێک هەیە کە باوەڕمان پێیەتی، ئەو قەڵغانەی دەمانپارێزێت خودی ڕاستی خۆیەتی. بە لێخۆشبوون لە کوشتن، بە پاراستنی تاوانباران لە دادگاییکردن و سزای سووک، هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژنامەوانان هاندەدرێت. لە شوێنێک کە سەربەخۆیی دادوەریی لاوازە ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت.
لەو وڵاتانەی کە ئازادیی ڕۆژنامەوانی تێیاندا سنووردار دەکرێت، فشار لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین هەیە، هەڕەشە زیاد دەبێت. لەبەرئەوەی ڕۆژنامەوانی میکانیزمێکی کۆنترۆڵە، دامەزراوە تاکڕەوەکان تووڕە دەکات. لەبەرئەوەی دامەزراوە میدیاییەکان لەگەڵ هەندێک گرووپی سیاسیدا یەکدەگرن، ڕۆژنامەوانان وەکو 'نوێنەری لایەنێک' سەیردەکرێن. ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆئەوەی هەڕەشە و هێرشی هەندێک کەس یان گرووپ ڕەوایەتی پێبدرێت.
لەبەرئەوەی ڕۆژنامەوانان بەپێی پێویست پشتیوانی لە یەکتر ناکەن، لەبەرئەوەی یەکێتیی پیشەیی لاوازە و کاریگەریی نییە، هێندەی تر ڕۆژنامەوانان تەنیا و ناپارێزراو دەبن."
کاتێک دێتە سەر ڕۆژنامەوان، دادگا بێدەنگ دەبێت
زەینەب دوگورت ئاماژەی بەوە کرد، فشار و هەڕەشەی جددی لەسەر کارمەندانی میدیای ئازاد هەیە و وتی، "لە گەلێک لە وڵاتان و بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە مەیلی سەرکوتکەرییان تێدایە دادگا کەوتۆتە ژێر دەستی دەسەڵات. ئەم بارودۆخەش دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم دادگاییکردنی ئەو تاوانبارانەی کە تاوانیان بەرامبەر ڕۆژنامەوانان ئەنجامداوە. گروپ یان ئەو کەسەی هەڕەشەی کردووە، ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ هێزی سیاسی هەبێت، دۆسیەکە یەکسەر پەردەپۆش دەکرێت و بەبڕیاری داخستنی کۆتایی دێت.
کاتێک ڕۆژنامەوانان دەکرێنە ئامانج 'کاردانەوەی یاسایی' بە پەرۆشەوە ڕوونادات، بەڵام کاتێک ڕۆژنامەوانێک بەهۆی هەواڵێکەوە دەبێتە ئامانجی دادگاکان، هەمان میکانیزمی دادوەری بەپەلە دەخرێتە کار. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە دادگا بە گوێرەی کۆنجۆنکچەری سیاسی کاردەکات. دەتوانین بەسادەیی بڵێین بە گوێرەی کۆتستانداردی کاردەکات.
بۆئەوەی دادگا بکەوێتە جووڵە و کردارەوە فشاری ڕای گشتی گرنگە. بەڵام لەنێو ئەو کۆمەڵگایانەی کە دەبنە دوو بەرەو لێک هەڵدەستن، هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژنامەوانان لە پانتاییەکی بەرفراواندا ڕەوایەتی پێدەدرێت. میدیاش لە بەرامبەر ئەمە بێدەنگ دەبێت. ئەمەش دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم دروستبوونی فشار لەسەر دادگا.
'ئێمە ڕاستی دەنووسین'
زەینەب دورگوت تیشکی خستە سەر گرنگیی پشتیوانیکردن و وتی، "لەبەرامبەر فشار، هەڕەشە، دەستگیرکردن، گرتن و سانسۆر بۆ سەر ڕۆژنامەوانان، مانادارترین تێکۆشان کە برەوی پێبدەین، پێویستە ئەوە بێت کە هەواڵی زیاتر سازبکەین، ڕاستی زیاتر بخەینە پێش چاو و خراپەکان زیاتر ئاشکرا بکەین. تێکۆشان بەم شێوەیە دەبێت.
بۆ ئێمەی ڕۆژنامەوان دەبێ هەموو جێیەک گۆڕەپانی تێکۆشان بێت. ئەگەر ئێوە لە ئاشکراکردنی ڕاستیدا بەبڕیار بن، ڕاستیش لەگەڵتان دەبێت؛ ڕاستەقینەکان لەگەڵتان دەبن.
بۆیە ئێمەی ڕۆژنامەوان هەم لە گۆڕەپان و هەمیش دەرەوەی گۆڕەپاندا پێویستە پشتیوانی یەکتر بین. پشتیوانیکردن بەهێزمان دەکات.
ڕۆژنامەوانان پێویستە ئەوە بزانن: خۆمان نەبین کەس نامانپارێزێت. لەبەرئەوەی ئێمە خەریکی پیشەیەکی واین کە بە هەواڵەکانمان هەرکەسێک نیگەران دەکەین؛ ڕاستی دەنوسین. بۆیە ئەو تێکۆشانەی ئێمە هێشتا زیاتر پێویستی بە خواستن و بڕیارداری هەیە."