پەژاک: رەشکردنی پارتەکەمان لەلایەن هەندێک راگەیاندن و دووبەرەکی نانەوە هەر لەئێستاوە شکستی خواردووە

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەی راپەڕینی گەلانی ئێران و هەوڵەکان بۆ رەشکردن و کردەوەی دووبەرەکی سازکردن راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی پەژاک:

رەشکردنی هەندێک دەزگای راگەیاندن و کردەوەی دووبەرەکی سازکردن لە دژی پەژاک هەر لە ئێستاوە شکستخواردووە

راپەڕینی گەلان لە دژی سیستمی فاشیست و داگیرکەری ئێران لە ٦٦ مین رۆژیدا بەو پەڕی شکۆوە بەردەوامە و شەقام لە ماکۆوە تا سنوورەکانی بەختیاری شایەتی شەپۆلی خرۆشاوی ژنان و گەنجانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازە.

لەسەرتاسەری ئێران و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان راپەڕینی گەل گەیشتووەتە ئاستێکی هیوابەخش و پڕ دەستکەوت و هیوای هەمووان بۆ گەیشتن بە ئازادی تەواوەتی زیاتر بووە. سەرهەڵدێران ئازایانە و بەورەوە شەقامیان چۆڵ نەکردووە، بە مشتەکانیان بە ورەیەکی پتەو و بە گیانبازی و لەخۆبوردەییەوە لە دژی دوژمن خۆڕاگری دەکەن و لە پێناو ئازادییەکی شکۆمەند شەهیدی زۆر بەخشراون. لەم رۆژانەی دواییدا و بەتایبەتی لە ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی ١٣٩٨ (٢٠١٩) رژێمی داگیرکەر جارێکیتر لەشکرکێشی کردووەتەسەر شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەستی کردووە بە کوشتاری خۆپیشاندەران و راپەڕیوان. پەژاک ئەم کردەوە چەپەڵ و ستەمکارانەیەی رژێمی فاشیست بە توندی شەرمەزار دەکات.

لەم راپەڕینە گەورەیەی گەلاندا کە بە هەزار هیوا و ئاواتەوە لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و ئافراندنی ژیانی بەهادار و واتادار گیانبازی دەکەن، بۆ یەکەم جار سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگا لە دەستکەوتەکانی سودمەند دەبن.

هەر لە سەرەتای راپەڕینی و بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" هەڵوێستی ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پەژاک بە ئاراستەی خزمەت بە گەل و بەدەستهێنانی ئازادی تەواوەتی روون و بەرچاوبووە و هەیە. هەروەها بەتەواوەتی رێزمان لە بیرکردنەوە، بڕیار و داواکاری گەلەکەمان گرت و لە پێناو بەهێزکردن و پتەوکردنی زیاتری لە هیچ گیانبازییەک درێخی ناکەین. تەواوی هەڵوێست و هەنگاوەکانمان لەو پەڕی شەفافیەت و روونیدابووە و لەمەودواش هەر وا دەبێت.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ بەسەر راپەڕین کە بەرەو لوتکە لە هەڵکشاندایە، پێویستە یەکگرتوویی و هاوپشتی سەرجەم رەوتەکان بە ئاراستەی دەربڕینی پێزانین بەرامبەر سەرهەڵدێران کە رۆژانە لە گۆڕەپانەکاندا گیانبازی دەکەن، زۆر زیاتر بێت. سەرباری یەکگرتوویی گەورەی گەلەکەمان بەڵام بەداخەوە هەندێک رەوتی دووبەرەکی سازکەر کە گۆڕەپان و دۆخی تێکۆشانیان بۆ کەرەستەیەک لە پێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندی خۆیان گۆڕیوە پەنا بۆ رەشکردنی میدیایی و کردەوە روخێنەرانە لە دژی پارتەکەمان دەبەن. ئەم رەوتانە هەم لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە دەرەوە بە پلانی لەپێشدا داڕێژراو بەردەوامن، کە بێ گومان ئامانجەکەی جگە لە زەبر وەشاندن لە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان ئەنجامی دیکەی نابێت. داوا لە گەلەکەمان دەکەین بە سەرجەم بیر و باوەڕی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینییەوە کە لەسەر بنەمای ئەندێشە و کردەوە و هەنگاوەکانمان هەڵسەنگاندن بۆ پارتەکەمان بکەن و رێگە بەو دووبەرەکی سازکردنانە نەدەن کە دڵی دوژمنیان پێ شاد دەبێت. رێگە راستەکە ئەوەیە کە بە ئاراستەی بەرەنگاربوونەوەی ئەوانەی ئازادییەکانیان زەوت کردووە هاوئامانج بین و لە رێگەی پڕۆپاگەندەی خراپەکارانەی دوژمنەوە ئاراستە نەکرێین.

دووبەرەکی نانەوەی ئەم رەوتە دەسەڵاتخوازە لە دژی پارتەکەمان و وڵاتپارێزانمان لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی رژێمە فاشیستەکانی ئێران و تورکیا هم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانیان دژی گەلەکەمان و بزوتنەوەی ئازادی بەردەوامە. هەر بۆیە لەم قۆناغە هەستیارەدا، رەشکردن لە دژی پەژاک ئاوکردنە ناو ئاشی دوژمنە و دەبێتە هۆی لاوازکردنی راپەڕین و بە خۆشحاڵیشەوە دەڵێین ئەو هەنگاوانە لە ئێستاوە شکستخواردوون.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای شەرمەزارکردنی کردەوەکانی هەندێک رەوت و لایەن لەسەر بنەمای رەشکردن لە دژی خۆی، کردەوەکانی رژێمی فاشیستی تورکیاش، کە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی گەریلاکانی پەژاک، لە چوارچێوەی هەمان دوژمنایەتی و هەمان ئامانجدا لێکدەداتەوە. ئەمانە دوژمنن و ئامانجی کردەوەکانیان دیارە. ئەم کردەوەوانەی دووبەرەکی نانەوە لە کاتێکدا لە عەفرینەوە تا قەندیل، ئاسۆس و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەشکرکێشی دوژمنان و هێرشەکانیان زیادی کردووە، لە لایەن گەلەکەمان بزوتنەوەی ئازادیخوازییەوە مایەی قەبوڵکردن نییە. لە بەردەم گەلەکەمان بەڵێن دەدەین لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی تەواوەتی گەلەکەمان بە گیانبازی و لەخۆبووردووییەوە درێژە بە تێکۆشانمان بدەین. لەسایەی هەنگاوەکانی گەلەکەمان وردە و هیوامان بە رەوتی شۆڕشی گەلەکەمان زیاتر و زیاتر بووە و بە دڵنیاییەوە تێکۆشانی راستگۆیانە و گیانبازانە ئاوات و هیواکانی گەلەکەمان دەهێنێتەدی.

هـ . ب