قەرەیلان: شەڕی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بانگەوازە بۆ هەمووان
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، پەکەکە بۆ بوون و ئازادیی گەلی کورد دەجەنگێت و وتی: بەرخۆدانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بانگەوازە بۆ هەمووان، پێویستە هەموو کەسێک بەپێی ئەو بانگەوازە هەڵسوکەوت بکات".
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە هەڕەشە و گوشارەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر وڵاتانی ئەسکەندەناڤی، دۆز لە ئەڵمانیا بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی 'ڕێکخستنە تیرۆریستیەکان'، هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەشداریی جەردەوانان لە هێرشەکانی دژ بە گەریلا دا کرد.
دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکاتە سەر کەرکوک و مەخمور و ڕۆژاڤا و چەندین ناوچەی تر. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا چەندین هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە. لەم دواییانەدا لە چەمچەماڵ و بامەڕنی ٤ کەس شەهیدبوون، کە دوانیان منداڵ بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. ئەو هێرشانە مانای چیە؟ ئێوە دەتوانن لەو بارەیەوە چی بڵێن؟
پێش هەموو شتێک ئاشکرایە دەوڵەتی تورک تیرۆری دەوڵەت لە دژی گەلەکەمان بەڕێوەدەبات. سەرنج بدەن لە کەرکوکەوە بۆ عەفرین و شەهبا یەک جۆر هەڵسوکەوتیان هەیە. واتە دوژمن خەڵکی ئێمە لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیان دا، یان لە ناو ماڵەکانیاند، یان لەسەر کارەکانیاندا دەکاتە ئامانج و هێرشیان دەکاتە سەر. پێشتر لە شەنگال زۆرێک لە پێشەنگە هێژا و بەنرخەکانی گەلی ئێزدیمان وەک مام زەکی و سەید حەسەن و بەم دواییانەش دژار و زەردەشت شەهید بوون. لەکوبانێ و لە قامیشلۆ هێرشیان ئەنجامدا، ئەو جۆرە هێرشانە لە سەرتاسەری ڕۆژئاوادا ئەنجام دەدەن. وەک ئێوەش وتتان، لەم ڕۆژانەی دواییدا لە چەمچەماڵ و مەخمور و بامەڕنی ئەو جۆرە هرشانە ڕوویاندا، سەرەتا لێرەدا یادی هەموو شەهیدەکانمان دەکەمەوە، کە لە ئەنجامی هێرشی دوژمندا گیانیان لە دەست داوە.
ئەوانە هەموویان شەهیدی شۆڕشەکەمانن. هەندێکیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەندێکی تریشیان لە ڕێگەى سیخوڕەکانەوە بۆ دروستکردنی کۆنترۆڵی خۆیان لە سلێمانی تیرۆریان ئەنجامدا، بۆیە پێش هەموو شتێک یادی محەمەد زەکی چەلەبی و هەروەها جارێکیتر یادی ئەنجوومەن ئارام حاجی خەڵکی چەمچەماڵمان و خزمەکەى ئیسماعیل ئیبراهیم و یادی هەموو شەهیدانی مەخمور و شەهیدە گەنجەکانمان و یادی منداڵانی بامەڕنی دەکەمەوە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و خێزانەکانیان دەکەم. ئێمە خۆمان بە هاوبەشی ئازارەکانیان دەزانین و دەمانەوێت لەڕێگەی کار و خەبات و تێکۆشانەوە خاوەندارییان لێ بکەین و خوێنیان بە فیڕۆ نەڕوات. پێویستە لە دژی ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی دەوڵەتی تورک تێبکۆشین. ئێستا ئەوە لایەنێکی تر هەیە. دەوڵەتی تورک چۆن دەتوانێت تاوەکو کەررکوک بڕوات و هێرش ئەنجام بدات.
لایەنەکانی ئەمەیە؛ یەک، ئەو هێزانەی کۆنترۆڵی ئاسمانی ئەم هەرێمەیان لە دەستدایە هێزی وەک ئەمریکا بەرپرسیارییەتی خۆیان لە ئەستۆدایە. لە ڕۆژئاوا ئەمریکا و ڕوسیا بەرپرسیاریەتیی خۆیان هەیە، ئەگەر ئەمان قبوڵی نەکەن و رێگا نەدەن ئەوا ناتوانن هێرش بکەن. لە لایەکی ترەوە سیخوڕ هەیە، بێگومان سیخوڕی کوردن و ئەوانەیان هەیە. ئەم هێرشانە هێرشە تیرۆریستین. بەداخەوە هێزە هەژمونگەراکان هاوبەشن لەگەڵیدا، هەرچەندە بە قەسە دەڵێن، پێویستە بوەستێنرێت، بەڵام وادیارە دەوڵەتی تورک سوود لە بۆشایی وەردەگرێت و ڕەزامەندیی خۆی وەرگرتبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کردەوانە. واتە کاری دەوڵەتی تورک چیە، کە بڕوات لە ٢٥٠ کیلۆمەتری قوڵایی ناو خاکی عێراق دا خەڵک شەهید بکات. ئەو دەسەڵات و رێگەپێدانەی لە کوێ پێدراوە؟ بەڵام هیچ کەسێک نییە وەڵامی بداتەوە، بۆیە دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی دڕندانە نزیک دەبێتەوە و خەڵکەکەمان شەهید دەکات.
ئەمە مەسەلەیەکی خەبات و تێکۆشانە. نادادپەروەری و ناهەقییەکی گەورە لە تێکۆشانی ئازادیی کورددا هەیە. مرۆڤی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر دەکەنە ئامانج، ئەمانە هەموویان نیشتمانپەروەرن، ڕەنگە ئەو منداڵانەی بامەڕنی بە شێوەیەکی جەماوەری و بە کۆمەڵ کرابنە ئامانج و دەیانەوێت لە ناو کۆمەڵگەدا ناکۆکی دروست بکەن. بە تایبەتی دەیانەوێت لە دژی بزووتنەوەکەمان خەڵک سارد بکەنەوە، ناڕەزایەتی دروست دەکەن ڕەنگە بیانەوێت شەڕێکی ناوخۆیی لەنێوان کورددا دروست بکەن، واتە لە هێرشکردنە سەر هاوڵاتیان ئامانجی خۆیان هەیە. سەرەڕای ئەوەش دەوڵەتی تورک بە فەرمی دەوڵەتێکە، بەڵام ئەم کوشتنانە ئەنجام دەدات و تیرۆر بەڕێوەدەبات، پێویستە هەمووان دژی ئەمانە هەڵوێست وەربگرن و تێکۆشان ئەنجام بدەن. ئێمە خاوەنداری لە یادی ئەو شەهیدانەمان دەکەین و ڕێگا نادەین خوێنیان بە فیڕۆ بڕوات.
نابێت گەلەکەمان لە بەرامبەر ئەمانەدا بێدەنگ بێت. بانگەوازمان بۆ گەلەکەمان، گەلی وڵاتپارێزی باشوری کوردستان، خەڵکی خۆشەویستی سۆران، خەڵکی بادینان هەیە، کە لە بەرامبەر ئەو کردەوانەی تورکیادا بێدەنگ نەبن. هەروەها گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستان. هێزی ئێمە گەلە. ئێمە بە کاردانەوەکانی گەل، بە جووڵەی گەل دەتوانین دژ بە دوژمن ببینە هێز و ئیرادە. پێویستە گەلەکەمان زیاتر لە دژی ئەو هێرشانە کاربکەن و ڕێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر و بەرامبەر ئەو هێرشانە بوەستنەوە و ناڕەزایی خۆیان نیشان بدەن.
لەم ڕۆژانەی دواییدا سوید و فینلاند ویستیان بچنە ناو ناتۆ، بەڵام تورکیا ئەو داواکارییەى ڤیتۆ کرد. سەرنج و شرۆڤەى زۆر لەسەر ئەو بابەتە هەیە. ئێوە ئەم بابەتە چۆن هەڵدەسەنگێنن و ئامانجی دەوڵەتی تورک چییە؟
لەسەد ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک هەمیشە لە ناکۆکیی هێزە هەژموونگەراکان سوودی وەرگرتووە و لە دژی گەلی کورد کۆمەڵکوژی و کوشتاری ئەنجام داوە. ئێستاش دەیەوێت سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت. ئێستا مشتومڕێک لەنێوان ڕوسیاو ناتۆ سەبارەت بەجەنگی ئۆکرانیا هەیە و دەیەوێت سوود لەمەش وەربگرێت، بەڵام ئەو ڕاستییەی لێرەدا ڕوون بوویەوە، ئەوەیە کە جیهان تێگەشتووە، دەوڵەتی تورک سیاسەتی خۆی لەسەر بنەمای دوژمنایەتی بەرامبەر بە کورد بەڕێوەدەبات. هەموو دەرفەتێک بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی هەندێک پشتیوانی تاوەکو دژایەتیی کورد و کوشتار لە دژی کورد ئەنجام بدات. لە سکاندیناڤیا و لە وڵاتانی سکاندیناڤیا هەندێک دیموکراسی هەیە، دەوڵەتی تورک لێی دەترسێت. ئەو لە دیموکراسیی سکاندیناڤییەکان دەترسێت. بۆچی دەوڵەتی تورک چەکی ڤیتۆ بەکاردەهێنێت؟ تێبینی و لێکدانەوەی زۆر لەسەر ئەم بابەتە هەیە، بەڵام من دەڵێم دوو تایبەتمەندیی گرنگی هەیە.
دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەمانە بخاتە دەستی خۆی و ئەوەش زۆر مەترسیدارە، پێویستە ڕای گشتی بزانێت، پێش هەموو شتێک، سوید و فینلاند بزانن، کە دەوڵەتی تورک ئێستا چەکی کیمیایی لە دژی ئێمە بەکاردەهێنێت. ئەم چەکانە چەکی قەدەغەکراون، تاوانن لە جیهاندا و تاوانێکی گەورەن. بۆ ئەوەی کەسی دەنگ نەکات قەرەباڵغیی دروست کرد و وتی: "من دژی تیرۆر شەڕ دەکەم، پێویستە پشتگیریم بکەن". یەک؛ دەیەوێت ئەو تاوانانە پەردەپۆش بکات. لە ئێستاوە ڕێگریی لێ بکات، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک دەستوەردان لە تاوانەکەیدا نەکات، چونکە ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک لە زاپ و مەتینا و ئاڤاشین تاوانی جیهانی و گەردوونی ئەنجام دەدات. ئەمە گەورەترین مەترسییە. واتە دەیەوێت ڕێگری لە دەستوەردانی هەموو کەسێک بگرێت تاوەکو بتوانێت کیمیایی بەکاربهێنێت و گەریلاکای ئەوێ لەناوببات و بە ئەنجامەکانی خۆی بگات. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بوو، کە بەو ڕادەیە قەرەباڵغیی دروستکرد.
دووەم، دەیەوێت ئابڵوقەی سەر چەکە سەربازییەکان، کە بەسەر تورکیادا سەپێندراوە، ناتۆدا ئەو ئابڵوقەیە لاببات. بۆچی؟ چونکە دەوڵەتی تورک بە چەکی ناتۆ شەڕ دەکات. بۆ نمونە ئێستا بەو ڕادەیەک کاری تیرۆریستی و تیرۆریزم لە باشوور و لە ڕۆژئاوا بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان ئەنجام دەدات، کە هەموو پارچەکانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە ئەڵمانیا و ئینگلتەرا و کەنەدا و وڵاتانی ترەوە بۆی هاتوون، واتە تورکیا مۆنتاژی دەکات و ئەوە تەکنیک و تەکنە لۆژیای ناتۆیە، وڵاتانی ناتۆ ئێستا تۆزێک ئابڵۆقەیان لەسەر دروست کردووە و بەو هۆیەوە لاواز بووە. ئەو دەیەوێت ئابڵۆقەکە هەڵبوەشێتەوە. لەبنەڕەتدا ئەم دوو ئامانجەیان هەیە: لەکاتی بەکارهێنانی کیمیایی دا کەس هەڕەشەی لێ نەکات و دووەمیان ئەوەیە ئابڵۆقەکەی لەسەر هەڵبگیرێت، یانی شتی تری وەک ئەوەى، یەپەگە ئەوە دەکات و نازانم هاوپەیمانیی چی... ئەوانە هەموویان قسەن و تورکیاش دەزانێت ئەوە ڕوونادات.
واتە هەموو کەسێک دوای بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکەوێت، هێزەکانی سەر بە ڕۆژئاوا بەرژەوەندی خۆیان هەیە و لەوەدا سازش لە گەڵ دەوڵەتی تورک ناکەن، بەڵام دەوڵەتی تورک لە بنەڕەتدا بۆ ئەم دوو بابەتە بەو ڕادەیە دەنگە دەنگ دروست دەکات و مشتومڕێکی زۆر دروست دەکات. دەیەوێت بەو شێوەیە جیهان کەڕ بکات و لە کوردستان درێژە بە کوشتارەکانی خۆی بدات. ئامانجەکەی ئەوەیە، چەک بەدەست بهێنن و بەو چەکانە درێژە بە کۆمەڵکوژیەکانی بدات و چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت. لەم بارەیەوە بەڕاستی هەڵوێستی هێزەکانی ناتۆش زۆر سەرنج ڕاکێشە، بەتایبەتی سکرتێری ناتۆ و بەرپرسێکی ئەمریکا لەو بارەیەوە قسەیان کرد بۆ نموونە دەڵێن: "دەتوانین هەستیارییەکانی تورکیا لەبەرچاو بگرین" هەستیاریی تورکیا چییە؟ هەستیاریی تورکیا ئەوەیە، کە دەیەوێت گەلی کورد پاکتاو بکات و لەناوی ببات. ئەوە هەستیاریی ئەوە. لەبەر ئەوەیە ئەو وتەیە، کە دەڵێن، دەبێت ئێمە ڕەچاوی بکەین، وتەیەکی ڕاست نییە.
دیارە ئەو دەوڵەتانە، یان سیستەمی ناتۆ دەیەوێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی کوشتارکردن و کۆمەڵکوژکردنی کورد نەبینێت، یان هەر بە نەبووی بزانێت و فەرامۆش بکات، یان پشتیوانێی لێدەکەن. ئەمە زۆر مەترسیدارە دەوڵەتی تورک هیچ هەستیارییەکی نییە. ئەویش هەموو کوردێکی ئازادیخواز و ئەو کوردانەی مافی سروشتیی خۆیان دەوێت بە تیرۆر دەزانێت و ڕۆژئاواش بە تیرۆر دەزانێت. ئێستا ٥ ملیۆن کەس لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژین. ئایا هەموویان تیرۆریستن؟ سەرەڕای ئەوەش دەیەوێت هەموو نەتەوەکان و خەڵکی ئەوێ دەربکات و نەتەوەیەکی تر بهێننە ئەوێ. لەم سەردەمەدا دەیەوێت تاوانی پاکتاوی نەتەوەیی ئەنجام بدات. واتە، میانڕەوی و نزیکبوونەوەی وەک 'پێویستە هەستیاریی لەبەرچاو بگیرێت' هەموو شتەکان پێچەوانە ئەوە نادروستە. هیوادارین ئەو دەوڵەتانە گەلی کورد نەکەن بە قوربانی. سەیر بکەن، ئێمە بەرەنگاری کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا دەبینەوە. ئەو شەڕەی ئێمە دەکەین ئەوەیە و ئەوە بەرخودانی ئێمەیە.
ئێمە بە دوای مافێکی ڕەواوەین و مافێکی ڕەوا بەڕێوەدەبەین. ئێمە شەڕ لە دژی ناتۆ ناکەین، ئێمە لە دژی ئەمریکا شەڕ ناکەین، ئێمە لە دژی کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا تێدەکۆشین، بەڵام ئەوان پشتگیری لەم کۆمەڵکوژییانەی تورکیا دەکەن، ئێمە دەمانەوێت ئەوان پشتگیری لەو کۆمەڵکوژییانەى تورکیا نەکەن. بەسە، ئێوە تا ئێستا لەگەڵ تورکیا هاوبەشیتان کرد لەمەودا نەبنە هاوبەشی کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا لە کوردستان، ئەمە داواکاریی ئێمەیە و بە تایبەتیش دەوڵەتەکانی سکاندیناڤی نابێت سازش لەگەڵ تورکیا بکەن و باج بە تورکیا بدەن. دەوڵەتی تورک دەیەوێت سێبەر بخاتە سەر دیموکراسییەکەیان. بۆ ئەوەی بچنە ناو ناتۆ دەیانەوێت باجیان لێ بستێنن. نابێت ئەوان باجیان پێ بدەن. ئێمە لە کوردستان دۆزێکی مافدارانە بەڕێوەدەبەین، دەوڵەتی تورک درۆ دەکات و هیچ مەترسییەک بۆ ئەوان نییە، بەڵکو دەیانەوێت ناوچەکانی میساقی میلی داگیر بکات و سیاسەتی داگیرکاری و جینۆساید لەسەر کوردستان پەیڕەو بکات. پێویستە هەموو کەسێک دژی ئەمە بوەستێتەوە، ئەو دەنگە دەنگەی دەوڵەتی تورک دروستی دەکات لە بنچینەدا بۆ ئەوەیە بتوانێت لەم سیاسەتەیدا سەربکەوێت.