ڤیان: بۆ ئازادی پێویستە راپەرین بەردەوام بێت

پەیمان ڤیان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار رایگەیاند کە ئەگەر ئێران وڵامی داواکاریەکانی ژنان و گەلان نەداتەوە دەڕوخێت و گوتی، " پێویستە راپەرین بەردەوام بێت."

پەیمان ڤیان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار لەبارەی راپەرینی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورای (ANF) قسەی کرد.

پەیمان ڤیان رایگەیاند، گەلەکەمان بۆ ئازادی رژاوەتە نێو گۆڕەپانەکان. لەم رێگەیەدا باجێکی زۆری داوە. سڵاو لەم بەرخۆدانە دەکەین. بەڕێزەوە یادی ژنە شەهیدەکان و شۆڕشێ ئازادی دەکەینەوە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

پەیمان ڤیان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار دەشڵێت: "ئەم پریشکە ئازادییەی کە لەگەڵ شەهیدبوونی ژینا ئەمینی ڕوویدا، لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە. بەڵام پێش ژینا، لە مەریوان، راستی شلێر ڕەسولی هەیە، کە بوو بە هێمای بەرخۆدان لە دژی عەقڵیەتی دواکەوتووی سیستەمی نێرینەی باڵادەست. هەڵوێستی بەرخۆدان، هەڵوێستی شکۆمەندانەی شلێر ڕەسولی لەلایەن گەلەکەمانەوە بووە داواکاری ئازادی و شەقامەکانی مەریوانی بۆ گۆڕەپانی بەرخۆدان گۆڕی. رژێمی ئێران کە ٤٣ ساڵە لەسەر دەسەڵاتە، بە نەژادپەرستی و ئایین و رەگەزپەرستی، هەموو کایەکانی ژیان بەڕێوە دەبات. بەم عەقڵیەتە هێرش دەکاتە سەر هەموو بەها کۆمەڵایەتییەکان و جەستەی ژن. هێرشی (پۆلیسی ئەخلاق) بۆ سەر ژینا ئەمنی هێرشێک بوو دژی کۆمەڵگا و ژنان و بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکانی گەل. گەلانی ئێران بە تایبەت کورد و ژنان بەم شێوەیە لەم هێرشە تێگەیشتن و هەڵوێستی خۆیان نیشان دا. ئەوەی رژێمی ئێران بەناوی ئەخلاقەوە بەسەر کۆمەڵگا و ژناندا دەیسەپێنێت، لە ڕاستیدا بێ ئەخلاقییە. ڕژێم بە هێرشی سەر ژینا ئەمینی هەوڵیدا ترس لە هەموو وڵاتدا بڵاوبکاتەوە. بەڵام ئەم پلانە سەرکەوتوو نەبوو، توڕەیی و ناڕازیبوونی ژنان و کۆمەڵگا بۆ ماوەی ٤٣ ساڵ لە دژی دەسەڵات تەقیەوە."

پەیمان ڤیان لەبارەی ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا گوتی، " ژنان قژیان دەبڕن، ئەو حیجابانە دەسوتێنن کە ڕژێم بەسەریاندا دەسەپێنێت. هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە توڕەیی ژنان چەندە گەورەیە بەرامبەر بە راستی دەسەڵاتی ئێستا. گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ هێزێک ناتوانێت توڕەیی ئەم ژنە بوەستێنێت. ژنان بڕیاری ئازادی و پێشەنگایەتی شۆڕشیانداوە. پێشەنگایەتی ژنان بۆ شۆڕش، هێز و مۆڕاڵ بە کۆمەڵگای ئێران دەبەخشێت. ئێستا گەلەکەمان بە خاوەندارێتی لە هەبوونی خۆی و ئیرادەی ئازادی تۆڵەی ژینا دەکاتەوە. ئازادی ژنان ئازادیی هەموو گەلان مسۆگەر دەکات. گەلی ئێران هەموو بەو تێگەیشتنە دەجووڵێنەوە. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە سەقز دەرکەوت، لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بڵاو بووەوە، گۆڕا بۆ دروشمی ئازادیی گەل و رژێمی ئێرانی هەژاند. گەل و ژنان بەم هەڵوێستەیان نیشانیاندا کە ژیانێکی دیموکراسی و یەکسان دەپارێزن."

لەبارەی جیاوازی خۆپیشاندانەکانی ئێستا و رابردوو پەیمان ڤیان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار ئاماژەی بەوەکرد، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداریان لە شۆڕشدا کردووە و و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا. جیاوازیەکی گەورە هەیە، گەلی کورد و گەلانی ئێران خاوەن کەلتور و رۆحێکی شۆڕشگێرین. ژنان و گەل هیچ کاتێک ئەم رژێمەیان قبوڵ نەکردووە و هەڵوێستی شۆڕشگێری خۆیان لەدژی رژێم بەردەوامی پێداوە. لە هەموو دەرفەتێکدا ئاشکرایان کرد چۆن لەدژی رژێمی شان، بە هەمان شێوەش لەدژی رژێمی مەلان و قبوڵی ناکەن و لەگەڵ ئەم رژێمە هیچ کاتێک یەکناگرن. رژێمی شا لە ساڵی ١٩٧٩دا بە پێشەنگایەتی ژنان هەڵوەشێنرا. ئەو کاتەش ژنان و گەلان داوای یەکسانی و دیموکراسیان کرد و بەم هیوایە پێشەنگایەتیان بۆ شۆڕشی ١٩٧٩ کرد. بەڵام دواتر هیوا و داواکاریەکانی گەلان و ژنان بێوڵام  هێڵرانەوە. لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا ڕژێمی مەلای ئێران هەوڵی داوە راستی ژن بشارێتەوە و کۆمەڵگایەکی کۆیلە دروست بکات کە بە داگیرکاری و ئەشکەنجە و زوڵم و لە سێدارەدان لەبەردەمیاندا کڕنۆش ببات. بەڵام گەل لە ماوەی ٤٣ ساڵدا چەندین جار دژی دەسەڵاتی مەلا ڕاپەڕین. گەل و ژنان هەرگیز سیستەمی ئێستایان قبوڵ نەکردووە و ملکەچی ئەو سیستەمە نابن. لە ٨-٩ ساڵدا گەل بەردەوام لەنێو راپەریندایە. بۆ نموونە مامۆستایان و کرێکاران و ژنان هەمیشە لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە ناڕەزایی خۆیان نیشان دەدا. ئەگەر مرۆڤەکان بە ڕوونی جیاوازیەکە نیشان بدەن؛ ئەو خەڵکەی لە دەوری ژینا کۆبوونەتەوە بە یەک دەنگ داوای ئازادی دەکەن. ئارەزووی ئازادی لە کوردستان پەرەی سەندووە. بەلوچستانیش بەم داواکارییەوە هاتە نێو گۆڕەپانەکان و گوتی 'دەنگی کوردستان دەنگی منە'. ئەهواز، تەبرێزیش بە هەمان شێوە بە دروشمی ئازادی کوردستانەوە رژانە نێو گۆڕەپانەکان. داواکاریەکەیان بە هی خۆیان بینی و بەپەلە رژانە نێو گۆڕەپانەکان. دروشمی ' کوردستان، تۆ سەرچاوەی ڕووناکی بۆ ئێرانیت' لە تارانەوە بەرزکرایەوە. بۆ یەکەمجار داینامیکی کۆمەڵایەتی هەموویان لە دەوری هەمان داواکارییەکان کۆبوونەوە. دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بۆتە هێمای ژیانی هاوبەشی گەلان. ئەو قۆناغی شۆڕشگێڕییەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە، شۆڕشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ خۆی دەهێنێت و دەبێتە شۆڕشی ئازادی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەگەر رژێم وڵامی داواکاری ژنان و گەلان نەداتەوە دەڕوخێت

پەیمان ڤیان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار لەبارەی توندوتیژی رژێم و داهاتووی دەسەڵاتیش ئەوەی خستەڕوو، " رژێمی ئێران گوێ بە داخوازییەکان نادات. بە شێوازی جیاوازی توندوتیژی وەڵامی داواکاری ئازادی ژنان و گەلان دەداتەوە. هەوڵ دەدات بە توندوتیژی، گەلان و ژنان بچەوسێنێتەوە. بە چەک، گازی فرمێسکڕێژ، هێرش دەکات، خۆپیشاندەران دەستگیر دەکات. بە شێوازی دڕندانە ژن و گەنج دەکوژێت. بەڵام ژنان و گەل ئەم باجە لەبەرچاو دەگرن و لە گۆڕەپانەکان ناکشێنەوە. لە کوردستان دەیان کەس شەهید کران، لە بەلوچستان کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا. هەموو ئەو شارانەی بەشدارییان لە راپەریندا کرد، شەهیدیاندا. بەڵام گەل و ژنان هەنگاوێکیان بۆ دواوە نەناوە. ڕژیم ئەم ئیرادەیەی گەل دەبینێت و لەم ئیرادەیە دەترسێت. دەزانێت ئەگەر نەگۆڕێت دەڕووخێت. بۆیە هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکان. سوپا و بەسیج لەسەر شەقامەکان ئازاد کراون و بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکەنە سەر گەل. گەلی ئێران ٤٣ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا دەژی و ئێدی ناتوانێت هەناسە بدات. بەم هەنگاوە شۆڕشگێڕانەیە، دەیەوێت هەناسە بدات، بە شێوەیەکی ئازاد بژی. ئەگەر رژێمی ئێران گۆڕانکاری جددی نەکات، ئەگەر چاوپۆشی لە داخوازییەکانی گەل بۆ ئازادی بکات و وڵام نەداتەوە، دەڕووخێت. ڕژیم خۆی بۆ هێرشی قورستر ئامادە دەکات. تا دەسەڵات زیاتر هەڕەشە بکات، خەڵک زیاتر دەڕژێتە نێو گۆڕەپانەکان و راپەرین گەشتر دەکات.

پەیمان ڤیان لەبارەی چارەسەری دۆخەکەش قسەی کرد و گوتی، " ئێمە وەک کەژار لە ساڵی ٢٠١٨دا پرۆژەیەکمان پێشکەش کرد کە لە ١٣ خاڵ پێکهاتبوو. ئەم پرۆژەیەمان ئامادە کرد لەبەرئەوەی بینیمان گەل و ژنان چیتر قبوڵ ناکەن لەگەڵ راستی ئەم دەسەڵاتەدا بژین. لەو پرۆژەیەدا بانگەوازیمان لە رژێمی ئێران کرد کە گۆڕانکاری ریشەیی لە یاساکانیدا بکات و یاساکان لە بەرژەوەندی ژنان و گەلدا دیموکراتیزە بکات. چونکە هەموو یاساکانی ئێران رەگەزپەرستی و دژە دیموکراسین. بۆیە یاساکان دژ بە ژنان و ئازادی گەلە. لە پرۆژەکەماندا هاتبوو کە هەموو مرۆڤەکان مافی پەروەردە و فێرکردنیان بە زمانی دایکی هەیە. پێویستە ژنان خۆیان بڕیار بدەن چی لەبەر بکەن و چۆن بژین و چی بکەن. نابێت هیچ یاسایەکی دژی ژنان بەسەر ژناندا بسەپێندرێت. بەڵام ڕژێمی ئێران ئەم مافەی لە ژنان و گەل سەندووە. رژێم بڕیار دەدات ژن و مرۆڤەکان چۆن بژین. بۆیە ئێمە پێداگیری لەسەر پڕۆژەی ساڵی ٢٠١٨دا دەکەین. نموونەی ڕۆژئاوا هەیە. بێگومان ڕۆژهەڵات ڕۆژئاوا بە نمونە وەردەگرێت. دەیەوێت سیستمێکی ئازاد و دیموکرات لەسەر بنەمای پرۆژەی دیموکراسی نەتەوەیی هەبێت کە لە ڕۆژئاوا بووەتە سیستمێکی ژیانی. لە شاری قوم کە ناوەندی ئایدۆلۆژی رژێمی ئێرانە، بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' داوای ئازادی کرا. ئەمەش دەریدەخات کە سیستەمەکە گەیشتووەتە چ ئاستێک.

پەیمان ڤیان ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، "لە ڕێگەی ئێوەوە جارێکی تر داوا لە ژنان و هەموو گەلی ئێران دەکەم کە لە دەوری دروشمی هەڵمەتەکەیان کۆببنەوە و یەکبگرن و خۆیان ڕێکبخەن و خەبات بەرز بکەنەوە. بانگەوازی لە ژنانی بەسیج دەکەین کە بەرگری لە ئەندام و نوێنەری شورا دەکەن و بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە خزمەت بە عەقڵیەتی رەگەزی، ئایینی و نەژادپەرستی ئێران دەکەن؛ لە دەوری خواستی گەل و ژنان کۆببینەوە."

ف.ق