ئەمڕۆ بە هەزاران بێریتان لە چیاکانی کوردستانن

گەریلاکانی یەژا ستار ڕایانگەیاند، بێریتان یەکێک لە کادرە پێشەنگەکانی پەکەکە بوو، بە چالاکییەکانی دژ بە خۆفرۆشان، ناسنامەی ژنی ئازادی خولقاند، دەشڵێن، ئەمڕۆ بە هەزاران بێریتان لە چیاکانی کوردستانن.

گەریلاکانی یەژا ستار، بێریتان عەفرین، شیلان ئومێد، ڕوکان کۆچەر، لە ساڵیادی شەهید بوونی بێریتان( گوڵناز کاراتاش)دا بۆ ئاژانسمان قسەیان کرد.

   بێریتان عەفرین، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە شەهید بێریتان لە بە سووپابوونی ژناندا پێشەنگایەتییەکی مەزنی کردووە و بەم شێوەیە قسەکانی کرد: "سەرەتا من لە کەسێتی فەرماندەی مەزن بێریتاندا، یادی هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی بە بیر دەهێنمەوە. هەڤاڵ بێریتان بە هەڵوێست و بەرخۆدانی خۆی زهنیەتی پیاوسالارانەی تێکشکاند، هەڵوێستی هەڤاڵ بێریتان لە دژی خۆفرۆشان و هێڵی خیانەت بۆ ئێمە سەرمەشقە.

   ئێمە ئەمڕۆ لە سەر هەمان هێڵ تێدەکۆشین، هەڤاڵ بێریتان نەک تەنها دژی داگیرکەران، بەڵکو دژی هێڵی خیانەت و پاشکۆیەتی تێدەکۆشا. بە هەڵوێستی خۆی نیشانیدا کە ژنی ئازاد کۆمەڵگای ئازادە. لەساڵی ١٩٩٢ کاتێک سووپای داگیرکەری تورک  لەگەڵ کوردانی نۆکەر هێرشیان کردە سەر تەڤگەری ئێمە، بێریتان خۆی کرد بە قەڵغان و گورزی قورسی لە دوژمن وەشاند. ئەمڕۆ بە هەزارن بێریتان لە چیاکانی کوردستانن. ئێمەش بە هەمان هەڵوێست لە دژی پەدەکە و ماڵباتی بارزانی و دەوڵەتی داگیرکەری تورک تێدەکۆشین.

   ئەمڕۆ گەلێک ژنی لاو، بۆ پاراستی خۆیان، پاراستنی ژن، پاراستنی گەل و ڕێبەرایەتی خۆیان، پەیوەندیان بە ڕیزەکانی گەریلاوە کردووە.پەیوەندیان بە یەژا ستارەوە کردووە، پەیوەندیان بە هێڵی بێریتانەوە کردووە. ئێمە سەربەرزین بە دامەزرانی یەژا ستار.لە لایەنی سەربازی و هزریشەوە ئێمە پەرە بە خۆمان دەدەین. ئەمەش لە سایەی بە سووپا بوونی ژن و یەژا ستاردا دەکرێت.دەسەڵاتداری لە تۆقیوە لە بە سووپابوونی ژنان. بەو هۆیەشەوە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر بەهاکانی ئێمە. بەڵام هەرچەند هێرش هەبێت، ئێمە لەسەر هێڵی خۆمان، لەسەر هێڵی ئازادی، بە ئەخلاقەوە دەجنگین وبەردەوام دەبین. نموونەی دیاری ئەمەش شەڕی تونێلەکانە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە هەموو چەکێکی تاکتیکی و کیمایی پەلاماری ئێمە دەدات. بەڵام تێکۆشانی ئێمە لە دژی ئەو هێرشانە لەسەر هێڵی بەرخۆدانی بێریتان بەردەوامە و بێگومان سەریش دەکەوین."

'بێریتان شوناسێکی ئازدای درووستکرد'

گەریلای یەژا ستار شیلان ئۆمێد، لە کەسێتی بێریتاندا هەموو شەهیدانی شۆڕشی بە بیر هێنایە و وتی: "لە کەسێتی هەڤاڵ بێریتاندا، ژن توانی ناسنامەی خۆی، هێزی خۆی و بوێری خۆی بناسێتەوە. هەڤاڵ بێریتان نوێنەری ناسنامەی بەرخۆدانە. هەڤاڵ بێریتان بۆ من واتای باوەڕبەخۆ بوون، بوێری وهێزی هەنگاونانە. ئێستا گەلێک منداڵی کورد هەڵگری ناوی بێریتانن، ئەو ناوەیان لە هەڤاڵ بێریتانەوە وەرگرتووە، چونکە هەڤاڵ بێریتان چالاکییەکەی بۆ گەلی کورد و ژنی کورد ناسنامەیەکی ئازادی درووستکرد. بەو هۆیەشەوە هەرگیز لە بیر ناکرێت.

    ئەمڕۆ یەژا ستار لە هەموو جیهاندا ناسراوە، لە جیهاندا چەندین ڕێکخستن هەیە، بەڵام یەژا ستار جیاوازە، شەڕڤانی ژنی هەیە، بەهۆی بە سووپا بوونی ژنەوە ئێمە دەتوانین جیهانێکی ئازاد و کوردستانێکی ئازاد بونیاد بنێین. ئەگەر ئێمە بە تەمای ئازادیی بین بەبێ سووپا دەستەبەر نابێت. ئێمە ڕۆژانە دەبینین ژنان دەکوژرێن. تەمەنی ژن گرنگ نییە، سیستەم هەمیشە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر خۆی. هەر بۆیە هەمیشە ژنان دەکرێنە ئامانج. سیستەم هەمیشە بە سووپا بوونی ژنان وەک مەترسی بۆسەر خۆی تەماشا دەکات. بۆیە دەیەوێت ژنان بکوژێت و لە ناویان ببات. چون سیستەم دەزانێت گەر ژن خۆی بناسێت و ئاشنای ناسنامەی خۆی بێت چیتر کۆیلایەتی قبووڵ ناکات. لەبەر ئەمە دەبێت ئێمە لە ئایدیۆلۆژیای ڕێبەرایەتیدا قووڵ ببینەوە. ڕێکخستنی خۆمان فراون بکەین و بە سووپا بوونی خۆمان بەهێز بکەین. ئازادی ژن لە فەلسەفەی ڕێبەرایەتیدا حەشار دراوە. لە شاخەکاندا شاراوەتەوە.  ئێمە دەتوانین کوردستانێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی ئازاد درووست بکەین. هەر ژنێک کە دەیەوێت خۆی پێش بخات دەبێت لە ناو سووپادا شوێنی خۆی بدۆزێتەوە. چونکە ناسنامەی ژنی ئازاد لێرەدا حەشار دراوە. هەر ژنێک کە بەدوای ئازادیدا دەگەڕێت دەبێت ڕوو لە فەلسەفەی ژنی ئازاد بکات، دەبێت ڕوو لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بکات."

'ئەرکی ئێمە بریتییە لە پەرەدان بە هێڵی بەرخۆدان و پاراستنی'

گەریلای یەژا ستار ڕوکەن کۆچەر، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بێریتان وەڵامی هاواری خۆڕادەستکردنی لە لایەن خۆفرۆشانەوە بە درووشمی بژی سەرۆک ئاپۆ دایەوە و وتی: "ئەم چالاکییەی هەڤاڵ بێریتان بانگەوازە بۆ بە سووپا بوونی ژن. هەڤاڵ بێریتان ڕیبەر ئاپۆی نەدیبوو بەڵام لەسەر ئەو هێڵە دەڕۆیشت کە ڕێبەرایەتی بونیادی نابو، بەو شێوەیەش نیشانی دا کە هەڤاڵێتی ڕاستەقینە چییە، درکی بە حەقیقەتی ڕێبەرایەتی کرد و بڕیاری بە سووپا بوونی ژنیدا. بەم شێوەیەش هەر ژنێک دەیەوێت ئازاد بێت دەبێت لەسەر هێڵی هەڤاڵ بێریتان بێت. ئەوەی دەکەوێتە سەر ئێمە فراوانکردنی ئەم هێڵە و پاراستنییەتی، پێویستە هەموو ژنێک بەم شێوەیە لە پڕۆسەکە بڕوانێت و بێریتان بکاتە سەرمەشقی سەرکەوتنی خۆی."