یڵماز: لە ئیمراڵی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بوونی هەیە
یاساناس محەمەد جەواد یەڵماز ئەوەی خستەڕوو کە وێڕای لێدوانی کاربەدەستانیش گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ بەردەوامە و وتی، تورکیا لە دژی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەجوڵێتەوە.
یاساناس محەمەد جەواد یەڵماز ئەوەی خستەڕوو کە وێڕای لێدوانی کاربەدەستانیش گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ بەردەوامە و وتی، تورکیا لە دژی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەجوڵێتەوە.
پارێزەر و یاساناس محەمەد جەواد یڵماز سەبارەت بە مافی هیوا و بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پەیوەست بە رێبەر ئاپۆ قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.
'مافی هیوا پەیوەست بە یاسای جێبەجێکردنی سزا، بابەتێکی گرنگە'
محەمەد جەواد یڵماز ئەوەی خستەڕوو کە پارێزگاری لە هیوا یەک لە گرنگترین مافەکانی هیوایە لە زیندان و وتی، "بە گوێرەی یاسای سزادانی تورکیا قورسترین سزایەک کە بەسەر هەر مرۆڤێکدا دەسەپێندرێت، سزای زیندانی هەتاهەتایی توندکراوە. پێشتر قورسترین سزا، لەسێدارەدان بوو. بەڵام بە گوێرەی یاسا کەسێک کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، دەتوانێت دوای ٣٠ ساڵ سود لە مافی ئازادبونی مەرجدار وەربگرێت، بەڵام بە گوێرەی ماددەی ١٠٧/١٦ لە چوارچێوەی 'تاوانەکان لە دژی یەکپارچەیی دەوڵەت و دەستوری هەمیشەیی' سزادراوان ناتوانن سود لەو ئازادبوونە مەرجدارە وەربگرن. واتە ئەوانەی تاوانی بەو جۆرەیان کردبێت ناتوانن سود لە ئازادبوونی مەرجدار وەربگرن. ئەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی ئەو کەسە تا کۆتایی ژیانی لە زینداندا بمێنێتەوە."
'دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جەخت لە کارکردن بە مافی هیوا بۆ سەرجەم سزادراوان دەکاتەوە'
لەبارەی بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر مافی هیوا یڵماز وتی، "بە گوێرەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا زیندانیان و سزادراوان دەبێت بەردەوام هیوای ئازادبوونیان هەبێت و چەسپاندنی ئەو مافی هیواش پێویستی بە گرتنەبەری رێکارە. هەربۆیە بڕیارەکانی دادگاکە لە بارەی تورکیاوە زۆر گرنگن. یەکەم بڕیاری پەیوەستبوو بە بەڕێز ئۆجالان. ئەو بڕیارە لە بارەی هەلومەرجی ناو زیندانەکانی تورکیا هۆشدارییەکی توند و جددی بوو. دادگای مافەکانی مرۆڤ لەرێگەی ئەو بڕیارەوە رایگەیاند، کە دەبێت مرۆڤەکان هیوای ئازادبوونیان لەدەست نەدەن'.
'بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ نەکراوە'
یاساناس و پارێزەر یڵماز رایگەیاند، کە تورکیا تائێستا بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای جێبەجێ نەکردووە و تائێستاش یاسای سزادان ئەو خاڵ و بڕگانەی تێدا ماون کە مافی هیوا لەبەرچاوناگرن وتی: "سەرباری تێپەڕبوونی ١١ ساڵ بە سەر بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، تائێستا تورکیا هیچ گۆڕانکارییەکی لە یاسای سزاداندا ئەنجام نەداوە. دیارە ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە تورکیا لە یاساکانیدا جیاکاری لەنێوان جۆرەکانی تاوان دەکات. بۆ نمونەی مافی ئازادبوونی مەرجدار لە ئەوانەی تۆمەتی دژایەتیکردن لە بەرامبەر یەکپارچەیی دەوڵەتیان ئاراستە کراوە زەوت دەکرێت، بەڵام ئەگەر کەسێک بە تۆمەتی کوشتن سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕابێتەوە، دەتوانێت سود لە ئازادبوونی مەرجدار وەربگرێت. ئەو دۆخە بە پێچەوانەی پێودانگی یەکسانی یاساکانی سزادانە".
'گۆشەگیری لە دژی شکۆی مرۆڤایەتیە'
سەبارەت بە گۆشەگیری لە ئیمراڵی یڵماز وتی، "گۆشەگیری بە دڵنیاییەوە لە دژی یاسایە، لە دژی شکۆی مرۆڤایەتیە. دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاند کە راگرتنی ئۆجالان بە تەنیایی لە زیندانێکدا شێوەیەکە لە ئەشکەنجە. بەتەنیا راگرتن و دابڕاندن دژوارترین جۆری گۆشەگیرییە. بەتەنیا هێشتنەوەی مرۆڤێک لە زیندان و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی بە جیهانی دەرەوە، بە واتای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و رێگری لە بڵاوکردنەوەی فکرەکانیشی لە دەرەوە بە گوێرەی ماددەی ٣ی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشێلکردنی قەدەغەی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپە. دەبێت لە بەرامبەر کردەوەی لەو جۆرە تێکۆشان بکرێت.
'دەبێت دەستبەجێ گۆڕانکاری و هەموارکردنەوەی یاساکان بە گوێرەی مافی هیوای دەستوبردی تێدا بکرێت'
یڵماز ئەوەی خستەڕوو کە هەموارکردنەوەی یاسای سزادان بە گوێرەی مافی هیوا دەبێت دەستوبرد و پەلەی تیابکرێت و وتی، "دەبێت یاسا مەرجدار نەکرێت و لەکاتی پێداچوونەوە بە دۆسیەی هەر سزادراوێک، دەبێت مافی هیوای کەسەکە لەبەرچاوبگیرێت".