بەریتانیا گەمارۆ دەخاتە سەرڕژیمی ئێران

ڕۆژنامەیەکی بەریتانی ئاشکرای کردووە کە بەریتانیا بەنیازە گەمارۆ بخاتە سەر ڕژیمی ئێران،ئەم هەوڵەی بەریتانیا دوابەدوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوت هەڵگری بەریتانیی لەلایەن تارانەوە دێت.

ڕۆژنامەی "دەیلی تەلگراف"ی بەریتانی هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە دەربارەی ئەوەی کە حکومەتی بەریتانیا بەنیازە لە کاردانەوەی نیشان بدات لەهەمبەردەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوت هەڵگرەکەی لەلایەن ئێرانەوە و بە نیازە سزای ئەو وڵاتە بدات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەگەری زۆر هەیە ئەمڕۆ جرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەو گەمارۆ ئابوورییە و کردەوە دیپلۆماتیانە دژی ئێران ڕابگەیەنێت.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە پێدەچێت بەریتانیا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا بکات، کە گەمارۆکانی سەرڕژیمی ئێران لە پێش ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە جارێکتر بگەڕێنێتەوە و بیانخاتەوە گەڕ.

بەریتانیا دوێنێ سکاڵای دژی ڕژیمی ئێران پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە و لەسکاڵاکەیدا جەختی لەوەکردووەتەوە کە کەشتییە نەوتبەرەکەی لە ئاوە نیشتمانیەکانی وڵاتی عومان دەستی بەسەردا گیراوە و ئەم کارەی ئێران بە 'دەستێوەردانی نایاسایی' ناوبردووە.

هەر دوێنێ ڕێکخراوی هاوپەیمانیی(ناتۆ)، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییەی ئیدانە کرد و بە پێشلکاری ئازادیی کەشتیوانی نێودەوڵەتی ناوی برد، داواشی لە ئێران کردووە کە هەرچی زووە ئەو کەشتییە ئازاد بکات.

ک.ش