سوپای میسر کوژرانی ١٢٦ تیرۆرست و ١٥ سەربازی راگەیاند

سوپای وڵاتی میسر رایگەیاند، لەو ئۆپراسیۆنە سەربازییی لە ناوچەکانى باکوور و ناوەڕاستی ناوچەی سینادا بەڕێوەچوون ١٢٦ کەس لە تیرۆریستە تەکفیریەکان کوژراون. راشیگەیاندووە، لەو ناوچەیەدا جموجۆڵی لقێکی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش زۆرە.

لە ڕاگەیاندنەکەی سوپای میسردا هاتووە، لەو هەڵمەتە سەربازیەدا دەستیش گیراوە بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆردا و ژمارەیەک پشتێنی تایبەت بە خۆتەقاندنەوە.

لەو ڕاگەیاندراوەی سوپای میسردا، کە ئاماژە بە کاتی کردە سەربازییەکە نەکراوە ئەوەى تیادا خراوەتەڕوو، کە ٢٦٦ کەس دەستگیرکراون و  ١٥ سەرباز ئەو ووڵاتەش لەو ئۆپراسێۆنە کوژراون.

لە مانگی ٢ ی ساڵی ٢٠١٨وە هێزە ئاسایشییەکانی میسر هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە دژی ڕێکخراوە توندڕەوەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا و بە تایبەتیش لە باکوری ناوچەی سینا.

بەپێی ئامارەکانی سوپای میسر لە سەرەتای ئەو هێرشەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی یەک هەزار کەس لە توندڕەوان کوژراون و نزیکەی ٨٠ سەربازیش کوژراون.

ژ.ت