ئەڵمانییەکان جارێکی دیکە ڕوویان لە بەکارهێنانی خەڵوز کرد

دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا نرخی غاز بەرزبووەوە، جارێکی دیکە ئەڵمانییەکان دەستیان کردەوە بە بەکارهێنانی خەڵوز، کە ژینگە زۆر پیس دەکات.

لە مانگی شوباتدا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا نرخی غاز بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە. زۆرێک لە دانیشتوانی ئەڵمانیا کە نیگەرانن لە وەرزی زستان، دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی خەڵوز.

بەپێی میدیاکانی ئەڵمانیا، لە ناوچەیەکی پیشەسازی باشووری بەرلینی پایتەخت، خواست لەسەر کڕینی خەڵوز بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لە بەرلینی پایتەخت، لە کۆی ١ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بینا لە دوای جەنگەوە تا ئێستا پێنج بۆ شەش هەزار بینا نۆژەن نەکراونەتەوە و بە خەڵوز گەرم دەکرێن.

٣٠ ساڵ لەمەوبەر هەموو دانیشتوانی پایتەخت بێبەش بوون لە ئامێری گەرمکەرەوەی مۆدێرن. بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم زستانە جارێکی دیکە ئەو سۆبە خەڵوزی کە وەک پاشماوەی جەنگ پێناسە دەکرێت، بەکاربهێنرێتەوە. ژینگەپارێزان زۆر جار داوایان کردبوو ئەم مادەیە قەدەغە بکرێت کە ژینگە پیس دەکات.

ف.ق