بانگەوازی کۆن-مەد بۆ ١٥ی شوبات: ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ

کۆن-مەد، بانگەوازی سەفەربەری بۆ سەرجەم ئەنجومەنەکان، شاندەکانی فیدراسیۆن، بزووتنەوەکانی گەنجان و ئەندامانی خۆی کرد؛ کە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری چالاکییەکەی ١٥ی شوباتی ستراسبۆرگ بن کە بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت.

کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی ئەڵمانیا (کۆن-مەد) ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٥ شوبات لە ستراسبۆرگ چالاکییەکی مەزن  بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و مافی ئازادی بۆ ستراتیژییەکی ئاشتیانە ئەنجام دەدەن.

کۆن-مەد، داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا و بەتایبەت پارلمانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد؛ دەبێت بزانن بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کوردستان ناشکێت. کۆن مەد جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانی سیاسەتی نێونەتەوەیی لە راگەیاندنی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ی ڕێبەر ئاپۆ کە وتوویەتی "ئەگەر مەرج بڕەخسێندرێت، توانای تیۆری و پراکتیکی ئەوەم هەیە پرۆسەکە لە دۆخی شەڕەوە بگۆڕم بۆ دەرفەتی یاسایی و سیاسی" بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە تورکیادا زۆر گرنگە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، چیتر حکومەتی تورکیا ناتوانێت بە رێگەی ڕژێمی ئاکەپە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغانەوە بەردەوام بێت و ئەم ڕژێمە بە سیاسەی "عوسمانی نوێ" بە تایبەت لە سوریا و عێراق ڕێبازێکی دوژمنکارانەی پەیڕەو کردەووە و ئالۆزییەکانی ناوچەکەی زیاتر کردووە. کۆن مەد ئاماژەی بەوەشدا کە تاکە هێزێک کە بتوانێت تورکیا بەرەو ستراتیژییەکی ئاشتیانە ببات، ئەو نەخشەڕێگایەیە کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری پێشکەشی کردووە.

لەو چوارچێوەیەدا باس لەوە کرا کە داواکارییەکانی ١٥ی شوبات، هاتنە دەرەوەی ڕێبەر ئاپۆیە لە دوورگەی ئیمرالی بۆ ستراتیژییەکی ئاشتیانە. هەروەها کۆن مەد ڕایگەیاندووە کە حکومەتی نوێی ئەڵمانیا کە لە مانگی ئاداردا پێکدەهێنرێت، نابێت سیاسەتی دژە کورد پەیڕەو بکات، وەکوو قەدەغەکردنی پەکەکە، کە لە ساڵی ١٩٩٣بەدواوە لە ئارادایە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە دیداری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکی گرووپی تیرۆریستی و جیهادی تەحریر شام (هەتەشە) کراوە و پرسیار کراوە کە چۆن بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز سکۆلار و پاڵپشتی ژنان وەک پەکەکە بە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو نیشانی کۆمەڵگا دەدەن.

لە کۆتاییدا کۆن مەد داوای لە سەرجەم ئەنجومەنەکان، شاندەکانی فیدراسیۆن و بزووتنەوەکانی گەنجان و ئەندامانی خۆی کرد؛ کە پێویستە هەمووان بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری چالاکیی ١٥ی شوباتی ستراسبۆرگ بکەن.