ترەمپ: هیچ شتێک پێشکەشی ئێران ناکەم، گفتوگۆشیان لەگەڵ ناکەم
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە "هیچ شتێکی پێشکەشی ئێران نەکردووە" و "گفتوگۆشی نەکردووە".
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە "هیچ شتێکی پێشکەشی ئێران نەکردووە" و "گفتوگۆشی نەکردووە".
ترەمپ لە پلاتفۆرمی (Truth Social)، نووسی: "پێچەوانەی ئۆباما کە ساڵی ٢٠١٥ ملیاران دۆلاری بۆ ڕێککەوتنێک بە ناوی JCPOA (پلانی چالاکیی هاوبەشی بەرفراوان) بەخشی بە ئێران، من هیچ شتێک پێشکەش بە ئێران ناکەم".
لە درێژەدا گوتی: "لەبەرئەوەی من بنکە ئەتۆمییەکانی ئەوانم بەتەواوەتی لەناوبرد، هەرگیز لەگەڵیان گفتوگۆ ناکەم".
ئەمریکا لە شەوی ٢١_٢٢ی حوزەیران، ٣ بنکەی ئەتۆمی ئێرانی بۆردوومان کرد و بەشداربوو لە هێرشەکانی ئیسرائیلی هاوپەیمانی.
پاش ئەو بۆردوومانەی ١٢ ڕۆژ بەردەوام بوو، ئەو ئاگربەستەی لەلایەن ترەمپەوە سەپێنرابوو، لە ٢٤ی حوزەیران کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕۆژی هەینی، ترەمپ هۆشداری دا، گەر ئێران یۆرانیۆمی بگەیەنێت بە ئاستی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، ئەوا ئەمریکا هێرشی نوێ دەست پێ دەکات.
ئێران: دەبێت ئەمریکا بەڵێن بدات کە هێرش ناکاتەوە
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، مەجید تەخترەوانچی بە (بی بی سی) ڕایگەیاند ئەگەر ئەمریکا بەڵێن بدات هێرش ناکاتەوە سەر ئێران، ئەوکات ڕەنگە دانوستانی دیپلۆماتیک لەگەڵ ئەمریکا دەست پێ بکاتەوە.
بەرپرسەکەی ئێران ڕایگەیاند دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە ئایا لە پرۆسەی دیالۆگدا هێرش دەکەنەوە یان نا، گوتی: "هێشتا ئەمریکا هەڵوێستی خۆی ڕوون نەکردووەتەوە".