کۆمیتەی دیالۆگی کوردی (PYNK) بە درووشمی "بە یەکڕیزی و هەڵویستی کوردی بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکانی گەلی کورد لە سوریا" لە هۆڵی پارکی ئازادی شاری قامیشلۆ کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ڕێکخست. گەلێک ڕێکخراوی سیاسی کوردی و پارتەکانی دەرەوەی (PYNK) و چالاکوانان و رێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە ئایینییەکان و ڕۆشنبیران و ڕێکخراوە هونەریەکان و نووسەر و کەسێتییە سەربەخۆکان بەشداربوون.
سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتیکی کورد لە سوریا (پارتی) نەسڕەدین ئیبراهیم گوتی: "پێویستە بزووتنەوە سیاسییەکا یەکڕیزبن، بۆ بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک و فرەڕەنگ و لامەرکەزی، دەبێت بزووتنەوەیەکی کوردی دابمەزرێت. تاوەکو مافی گەلی کورد لە دەستووری سوریای ئایندەدا مسۆگەر بکرێت".
ئیبراهیم تیشکی خستەسەر هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گوتی: "ئێستە ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر کۆبانێ".
پێویستە هەموو ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان وەلا بنرێن
سکرتێری گشتی پارتی چەپی دیموکراتیکی کورد لە سوریا، ساڵەح گەدۆ ڕایگەیاند بۆ یەکڕیزی کورد ئامادەن و گوتی: "بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی دەبێت مەرج و بەربەست و ناکۆکییەکان بخەینەلاوە، تاوەکو ئامانجەکەمان بۆ یەکڕیزی کوردی سەربکەوێت".
پاشان بەشداران سەرنجی خۆیان خستەڕوو، داوایان لە ئەنەکەسە کرد لە هاوپەیمانی سوریا بکشێتەوە، چونکە هاوپەیمانییەکە نوێنەرایەتی ئەو چەتانە دەکات کە ئێستە هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و کۆبانێ، ئەو چەتانەی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپیان داگیر کرد.
دەربارەی خواستی یەکێتی پارتە سیاسییەکان، بەشداربووییەک گوتی: "پێویستە بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کوردان، ڕەشنووسێک ئامادەبکرێت و واژۆ بکرێت. ئەنەکەسە چی دەوێت، با لەو ڕەشنووسە بینووسێت و ئەگەر گەلی کورد قبووڵی کرد، ئێمە واژۆی لەسەر دەکەین و لەسەر ڕێک دەکەوین. با داواکارییەکانیان بنووسن، چی فیدراڵی بێت یان مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد. شتەکە ئاسانە و ئەوەندە زەحمەت نییە".
"ئەگەر نەبینە دەیەک دەبینە پارووی گورگەکان"
بەشداران جەختیان کردەوە کاتی یەکڕیزییە و یەکڕیزی بابەتی سەرەکییە لەم قۆناغەدا، گوترا: "کارتی بەهێزمان هەیە، سەرچاوەی مرۆیی و ئابوور و سەربازیمان هەیە. ئەمانە لە دانوستانەکان دەبنە خاڵی هێز و پاڵپشت بۆ ئێمە".
بەشداربووان جەختیان کردەوە پێویستە ئەنەکەسە بەشداربێت لە شاندی کوردی و کاغەزی سیاسی هاوبەشی لایەنەکان ئامادە بکرێت.
دایکی شەهید هەڤرین خەڵەف، سوعاد موستەفا، گوتی: "ئەگەر نەبینە یەک دەبینە پارووی گورگەکان. ئێمە لەگەڵ یەکڕیزی کوردین. لە ٢٠١٢ ـەوە بۆ ئازادی و یەکڕیزی گەلی کورد خوێنمان دەڕژێت، ئەگەر نەبینە یەک زیان بە گەلی کورد دەگەیەنین. خوێنی شەهیدان بۆ ئێمە هێڵی سوورە".
سوعاد موستەفا داوای لە پارتە سیاسییەکان کرد یەکڕیزی پێک بهێنن.
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) پەروین یوسف ڕایگەیاند بۆ دیالۆگی کوردی ئامادەن و خاوەنی ڕێکخستن و دەسکەوتن.
ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ئاڵدار خەلیل، گوتی: " لە ساڵی ٢٠٢٠ هەڵەمان کرد. دان بەو هەڵەیەمان دەنێین. هەڵەکە ئەوە بوو کە هەندێک لایەن و ڕێکخراو و تاکی کاریگەر لە دەرەوەی دیالۆگ مانەوە. سەرکەوتنی دیالۆگ بە دروشم نابێت. ئەم دیالۆگە تەنها لە چوارچێوەی (PYNK) و ئەنەکەسەدا سنوردار نابێت، بەڵکو پێویستە هەموو لایەنەکان بەشداربن لەو دیالۆگەدا. بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەر، ئەم نابێت هەڵەیە بەردەوام بێت ".