کەجەکە: لەگەڵ پەکەکە سەردەمێکی مێژوویی نوێ دەستیپێکرد

کەجەکە رایگەیاند، رابوون و دەرکەوتنی پەکەکە لە کوردستان کۆتایی بە سەردەمی کۆیلایەتی، کۆلۆنیالیزم و قڕکاری هێنا و ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر بنەمای ئازادی سەردەمێکی نوێی مێژووی دەستیپێکرد.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بە بۆنەی ساڵیادی ٤٦ەمینی دامەزراندنی پەکەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. راگەیەندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە:

"لە ٤٦ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەمان پەکەکەداین کە لە سەرەتاوە تائێستا بەرەوپێشچوونی گەورەی ئافراند. دوای ئەوەی پەکەکە دەرکەوت لە کوردستان سەردەمی قڕکردن، کۆلۆنیالیزم و کۆیلایەتی کۆتاییهات، لە سەر بنەمای ئازادی سەردەمێکی نوێی مێژوویی دەستیپێکرد. لەبەر ئەوە، ئێمە ئەو هەنگاوە واتادارە بە هەستی شۆڕشگێڕییەوە سڵاوی ئاراستە دەکەین و لە سەرەتاوە لە رێبەر ئاپۆ، لە شەهیدان، گەلی وڵاتپارێزی کوردستان، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، جەنگاوەرانی پەکەکە و پاژک، ئەو هاوڕێیانەی لە زینداندا خۆڕاگری دەکەن، لە ژنان، گەنجان، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لەو شۆڕشگێڕانەی لەپێناو یەکسانی، ئازادی و دیموکراسیدا تێدەکۆشن، لە جیهانی دیموکراتیک، سۆسیالیست و لە مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز پیرۆز دەکەین.

لە رێگەی پیرۆز کردنی ئەم هەنگاوە مێژووییەوە ئێمە شەهیدانی دیموکراسی و شۆڕش کە ئافرێنەری هەموو بەرەوپێشچوونەکانن، جارێکی دیکە بە پێزانینەوە یاددەکەینەوە، رێز، خۆشەویستی و تامەزرۆیی خۆمانیان پێشکەش دەکەین و بە رێزەوە بەژنی خۆمان لەبەردەم یادی ئەوان دادەنەوێنین. بەڵێنی وەفاداری و سەرکەوتن کە بە شەهیدانمان داوە دووپاتدەکەینەوە و دەڵێین، ئێمە بە دڵنیاییەوە یادیان بە زیندوویی رادەگرین.

گەل لە ژێر گوشار و ستەمی قڕکردن و جینۆسایددا بوو

ئەو تێکۆشانەی پەکەکە تیایدا پێشەنگایەتی کرد، نەک هەر گەلی کوردی ژیاندەوە، لە هەمان کاتدا پایەکانی سیستمی هەنوکەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەژاند. هێزەکای مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەسەرەتای سەدەی ٢٠ەمدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان دیزاینێکی نوێیان ئەنجامدا کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتی بە نەتەوە دەوڵەتەکان دەبەست. لە رێگەی نەتەوە دەوڵەتە سەپێندراوەکانەوە، سەرچاوە و سامانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دزران و داگیر کران، گەلانی هەرێمەکە لەسەر دەستی هەمان ئەو دەوڵەتانەوە تاڵان و قڕکران، گوشاری نەژادپەرستی و فاشیستییان کرایە سەر و لەلایەکە لە ئازادی بێبەش کران لە لایەکی دیکەوە کرانە دوژمنی یەکتر.

نامەردانەترین مامەڵە و رەفتاری مێژووی مرۆڤایەتیە

گەلی کورد لەو گەلانەیە کە بە تەواوەتی لە ئازادی بێبەشکرا، دابەشکرا، نکۆڵی لێکرا و بە نەبوو دانرا. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزەکانی نەتەوە دەوڵەتی فاشیستی کۆلۆنیالیست و قڕکەر ئەوەی بۆ گەلی کوردیان بە رەوا بینی مامەڵەیەکی زۆر نادادپەروەرانە، بێ بەزەییانە و نامەردی مێژوویی بوو. گەلی کورد نەک هەر بە وڵاتەکەی خۆی گەمارۆ درا، لە هەمان کاتدا نکۆڵی لە هەبوونیشی کرا، لە ئاستی نەبووندا دانرا. وەستانەوەی رەوا لەبەردەم ئەوەشدا هەموو جارێک بە هێشی هاوبەشی ئەو هێزانە سەرکوت دەکرا. بەڵام ئەو سیستمەی لەلایەن سیستمی جیهانی سەرمایەدارییەوە دامەزرا و پارێزگاری لێکرا، بە تێکۆشان بە پێشەنگایەتی پەکەکە جارێکی دیکە کەوتە ناو قەیران، گێژاو و چەقین. دەرکەوتنی قەیرانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پشت بە مێشکی نەتەوە دەوڵەت دەبەستێت، لە بنەڕەتدا ئەنجامێکی تێکۆشان بە پێشەنگایەتی پەکەکەیە.

بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سەردەم، جددیترین چارەسەرییە

بێگومان کاتێک واتا و میراتی پەکەکە دەبێتە بابەتی باس، گەورەترین رۆڵ وکاریگەری کە لە سەر مرۆڤایەتی داینا، سیستمی ژیانی ئازاد و جێگرەوە بوو کە رێبەر ئاپۆ ئافراندی. رێبەر ئاپۆ لە دژی ژیانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە کەسایەتی، کۆمەڵگە و ژینگە دەخاتە ژێر سەروەری خۆیەوە و تاڵانی دەکات، پاڕادایمی کۆمەڵگەی ئازادیپارێزی ژنان، دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیکی ئافراند، بۆ چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە وەک گرێکوێرەیان لێهاتووە، پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی دەستنیشان کرد و بۆ ئەوە تێکۆشانی سۆسیالیست دیموکراتیک لە دۆخی چەقین و بە بنبەست گەیشتن قوتار بکات، سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی ئافراند، بەو جۆرە نیشانیدا کە بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەم سەردەمە خاوەن جددیترین چارەسەرییە. لەبەر ئەوە لە جیهاندا هەموو رۆژێک زیاتر خاوەنداری لە ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ دەکرێت و لە هەمان کاتدا لە چوار لای جیهانەوە پشتیوانی بۆ گەلی کورد گەورە دەبێت. هەڵمەتی ئازادیی نێونەتەوەییش نیشانەی بەجێگەیاند و رێکخستنبوونی ئەو پێشوازیەیە. هەربۆیە مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی بڵێت کە پەکەکە سیاسەت و مێشکی باڵادەستی پیاو، کۆلۆنیالیزم و قڕکەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری خستەناو قەیران و بووە بزوتنەوەیەکی بەو جۆرە کە کەسایەتی، کۆمەڵگە، ژینگە و ژن ئازاد بکات، بەم جۆرە مۆدێلی چارەسەری ئافراند. لەبەر ئەوەش دەرکەوتن و رابوونی پەکەکە مێژووییە، ستراتیژیکە، ئایدۆلۆژیکە و سیاسییە.

پێشەنگایەتی بە دروشمی ژن، ژیان، ئازاد

یەک لە هەڵمەتە بنچینەییەکانی جەوهەری پەکەکە بێگومان بەها و بایەخدانە بە ژن و ئازادی ژن. رێبەر ئاپۆ تا کۆتایی دەرگای پەکەکەی بۆ ژنان کردەوە و لێرەدا بەرەوپێشچوونی بنچینەیی مێژوویی بە ئەنجام گەیاند. ئەوە پێودانگی بنچینەیی پەکەکە لەم سەردەمەدایە، کە بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان رێبەرایەتی بۆ ژنان دەکات.

لە کۆتاییدا یەک لە بابەتە سەرەکییەکان هەڵسەنگاندنی ئەوەیە تێبگەین کە پەکەکە لەسەر چ بناغەیەک دەرکەوتە سەر شانۆی مێژوو، پشتی بە چ داینەمیکێکی تێکۆشان بەست، ئەو هەموو بەرەوپێشچوونەی بە چ شێوەیەکی بەدەستهێنا، سەرباری هێرشی دژواری هەرێمایەتی و نێونەتەوەیی چۆن لەسەر پێ خۆی رایگرت و گەشەسەندنی ئافراند. هەربۆیە پەکەکە یەک لەو بابەتانەیە کە زیاتر دەبێت لە رووی زانستییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی نێونەتەوەییدا دەبێت تێکۆشان زیاتر پەرەی پێبدرێت

ئێمە جارێکی دیکە ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەمان پەکەکە لە سەرەتادا لە گەلی کورد و هەروەها لەسەرجەم گەلان، لە ژنان، دۆستان و چەوساوەکان پیرۆز دەکەین. لە ٤٧ەمین ساڵی تێکۆشانی پەکەکەدا سڵاو و خۆشەویستمان ئاراستەی هەموو ئەوانە دەکەین کە لەپێناو جیهانێکی یەکسان و ئازاد تێدەکۆشن و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادیی نێونەتەوەییدا داوا لە هەمووان دەکەین کە لەپێناو بونیادنانی ژیانێکی دیموکراتیکی کۆمۆن و کەسایەتیە ئازادەکان زیاتر خەبات بکەن و تێبکۆشن".