ئاتالای: بە بەشداریمان لە کۆڵن دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێزتر دەکەین

نەجدەت ئاتالای وتەبێژی کۆمیتەی سویسرای ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان وتی، "لە کۆڵن وەڵامی سڵاوەکەی ڕێبەر ئاپۆ بدەینەوە. چەندە بەهێزبین ئەوەندە دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز دەکەین."

هەڵـمەتی ئازادی

سیاسەتمەداری کورد، هاوکات وتەبێژی کۆمیتەی سویسرای ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، نەجدەت ئاتالای بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و  باسی لە گرنگی ڕێپێوانی ١٦ی تشرینی دووەمی کۆڵن کرد و وتی: "بۆ دابینکردنی خواستی ئازادی هەموومان لە کۆڵن گردبینەوە."

نەجدەت ئاتالای ئاماژەی بەوەکرد هەموو کارێک دەکەن بۆ بەشداریکردنێکی بەهێز لە ڕێپوانەکەدا و وتی، "باوەڕمان بە سەرکەوتننە. گەلی کورد مافی ڕەوای خۆیەتی هەوڵی سەرکەوتن بدات و سەریش دەکەوێت، دەزانین ئەم تێکۆشانە قوربانییەکی زۆری دەوێت بەڵام مافی خۆمانە و چاومان لە ماڵی کەس نیە. داوای ئەوە دەکەین کە لێمان وەرگیراوە. دەمانەوێت بڵێین؛ بە کلتوور و بەهاکانی خۆمانەوە بە ئازادی لە وڵاتی خۆماندا بژیین."

گەلی سویسرا لە کۆڵن دەبن

ئاتالای باسی لەوەکرد لە سویسرا کۆبوونەوەی زۆر ئەنجام دەدن، سەردانی ماڵان دەکەن و چاوپێکەوتن لەگەڵ دامەزراوە دۆستەکاندا دەکەن و وتی، "بڵاوکراوە بۆ بانگەوازی بەشداربوون لە ڕێپێوانی ١٦ی تشرینی دووەمی لە هەموو سندوقەکانی پۆستەدا دانراون. هەروەها ئۆتۆمبیل دابینکراوە بۆ بەشداربوون و ڕۆشتن بۆ کۆڵن. ئێستا قۆناغێکی زۆر گرنگە بۆ گەلی کورد و چاوەڕانین هەمووان بەرپرسیارێتی هەڵگرن و بەشداری ڕێپێوانەکە ببن. لەو باوەڕەداین لە سویسراوە بەشدارییەکی زۆر لە کۆڵن دەبێت."

بۆ بەهێزکردنی دەستی ڕێبەر ئاپۆ

ئاتالای دەستنیشانیکرد بەشداری بەهێزی ڕێپێوانی کۆڵن، هێندەی تر دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز دەکا و گوتی، "گەلی کورد لە مێژە دەڵێت موخاتەبی کێشەکانی کورد دانوستاندنی ڕێبەر ئاپۆیە. بۆیە بە ڕێپێوانی کۆڵن دووپاتێکەینەوە کە ڕێبەر ئاپۆ موخاتەبمانە. بۆ بە‌هێزکردنی دەستی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت لە کۆڵن هەوڵوێستمان نیشان بدەین." ئاتالای سەرنجی خستەسەر پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ و جەختیکردەوە لەوەی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پەیامە پێویستە بانگەوازی لە هەموو کەسێک بکەین لە گردبوونەوەی کۆڵن ئامادەبێت. ئاماژەی بەوەشدا چەندە لە کۆڵن بەهێزبن ئەوەندە دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز دەکەن.