هه‌ورامی له ساده‌ترین ناساندنیدا زمانی دایكیمانه، زمانێكه له بێشكه‌وه له دایكه‌وه هه‌ر له لایهلایهوه پێی گۆشكراوین. زمانی بیركردنه‌وه و درككردنمانه به دنیای ده‌وروبه‌ر. زمانی ئافراندن و بنیاتنانی كه‌سایه‌تیمانه. زمانێكه له نه‌ستماندا ریشه‌ی داكووتاوه و به سیاچه‌مانه و ئه‌ده‌بیاته باڵاكه‌ی هه‌ورامان دێراوكراوه.
هه‌لومه‌رجی سیاسی، مێژوویی، ئابووری، دوو سه‌ده‌ی رابردوو، كارێكی كردووه، كه ئه‌و فه‌رهه‌نگ و كولتوور و پێگه‌یشتنه شارستانییه‌ته‌ی له هه‌ورامان و ئه‌و ئه‌ده‌بیاته باڵایه‌ی له خانه‌قا و كۆڕی ههورامییهكاندا هه‌بووه، روو له كزی بكات، به‌ڵام چراكه‌ی خامۆش نه‌بووه، ده‌كرێت به هێنانه ئارای میدیاییه‌كی تایبه‌تمه‌ند رووحییه‌تی پاراستنی ئه‌و زمانه دایكییه به زیندوویی بهێڵرێته‌وه و نه‌شونما به لق و پۆپه‌كانی ئه‌و شارستانییه‌ته بدرێت كه له‌سه‌رزه‌مینی ههوراماناتدا ریشه‌ی داكوتاوه.
ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌ورامان بكرێت، هه‌ر له سیستمی ئاودێرییه‌وه، تا ده‌گات به‌و قهواڵانهی دۆزراونه‌ته‌وه و مێژووییان بۆ پێش له‌دایكبوونی مه‌سیح ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ر له ئه‌ندازیاری و دیزاینی گوند و ئاواییه‌كانی تا ده‌گات به سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ر له كتێبه پیرۆزه‌كانی ئاینه‌كانی ناوچه‌كه‌وه بگره تا ده‌گات به ره‌وتی ته‌ریقه‌ت و بڕینی كاڵای ته‌ریقه‌تی نه‌رم و نیانی ته‌سه‌وفی نه‌قشبه‌ندی به باڵای هه‌وراماندا، هه‌ر له پاراستنی ژینگه و سرووشته‌وه بگره تا ده‌گات به پاراستنی ئافره‌ت و به‌شداری ئافره‌ت له كایه‌كانی ژیاندا، هه‌ر له پشتكردنه سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی دواكه‌وتووانه‌ی خێڵ و عه‌شیره‌ته‌وه تا ده‌گات به ناساندنی خه‌ڵك له‌سه‌ر بنه‌مای پیشه و توێژی به‌هره‌دار، ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌یه كه هه‌ورامان ده‌كرێت وه‌ك قیبله‌گایه‌ك بۆی بڕوانرێت و چاوی لێ بكرێت. جوانترین چیرۆكی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه ژیان و ئاشتی و ته‌بایی له ناوچه‌كه‌دا هه‌ورامانه.
ئه‌وه‌ی ده‌كرێت خزمه‌ت بكرێت ئه‌و شارستانییه‌ته دێرین و ره‌سه‌ن و رهگداكوتاوهیه، كه گه‌رده‌لوولی سیاسه‌ت و وه‌یشوومه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌یاران هه‌ژموونیان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه و نایانه‌وێت چرۆ بكات و سه‌ر له نوێ نه‌شونما بكاته‌وه.
هه‌موو ئه‌وه‌ی پێویسته بكرێت نا، به‌ڵام ره‌نگه به‌شێكی هه‌ره زۆری ئه‌ركی ئه‌و خۆته‌كاندن و راسانه فه‌رهه‌نگییه به میدیایه‌كی (وێمانه) بكرێت، كه خه‌می راسانی فه‌رهه‌نگی و ژیاری هه‌ورامان بكاته ستراتیژی كاری خۆی و رۆژانه به‌رهه‌می میدیایی پێشكه‌ش بكات.
جا ئێمه پێویستمان به چییه:
یه‌كه‌م: دامه‌زراندنی كه‌ناڵگه‌لێكی میدیایی جیاجیا، كه خزمه‌تی یه‌ك ستراتیژ و ئامانج بكه‌ن.
دووه‌م: بایه‌خدان به میدیای كۆمه‌ڵایه‌تی و وهبازاڕكردنی كۆمه‌ڵایه‌تییانه بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه میدیاییانه‌ی له رێی كه‌ناڵه‌كانه‌وه به‌رهه‌م دێن.
سێیه‌م: دامه‌زراندنی كۆمپانیای هونه‌ری، میدیایی، رۆشنبیری، بۆ به‌رهه‌مهێنانی بابه‌تگه‌لێكی میدیایی و هونه‌ری له پێناو خزمه‌تكردنی ههوراماناتدا و په‌ره‌پێدان به زمانی دایكیی خه‌ڵكی هه‌ورامان. هه‌روه‌ها پشتیوانیكردنی كه‌ناڵه میدیاییه‌كان و به‌رهه‌مهێنان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌و كه‌ناڵانه.
چواره‌م: خۆ ساغكردنه‌وه و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی گیروگازی ئه‌و فۆنت و كیبۆردانهی بۆ ئه‌لیف و بێی هه‌ورامی دانراوون و رێككه‌وتن له‌سه‌ر یه‌كێكیان و ناساندنی بۆ ئه‌وه‌ی ئاخێوه‌رانی هه‌ورامی بتوانن له به‌كارهێناندا پشتی پێ ببه‌ستن.
پێنجه‌م: درووستكردن و دامه‌زراندنی ناوه‌ند و گرووپ و سه‌نته‌ری میدیایی و رۆشنبیری و هونه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له چوارچێوه‌ی ستراتیژه میدیاییه‌كه‌دا به‌رهه‌میان هه‌بێت و ببنه سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌م بۆ كه‌ناڵه‌كان.
ستراتیژی میدیایی كه‌ناڵی هه‌ورامی زمان گرنگه ره‌چاوی ئه‌م چه‌ند خاڵه بكات:
یه‌كه‌م: بایه‌خدان به زمان و فه‌رهه‌نگ و كولتووری هه‌ورامان ئه‌ركی سه‌ره‌كی بێت.
دووه‌م: ئاوڕدانه‌وه له مێژوو و رابردووی هه‌ورامان و خزمه‌تكردنی ئه‌و مێژووه و روونكردنه‌وه‌ی شوێنگه‌ی هه‌ورامان له بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و رۆڵی له رووداوه‌كانی ئێران‌دا هه‌ر له كۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆ.
سێیه‌م: خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی هه‌ورامان، خزمه‌تكردنی ژینگه و ئابووری و ژیان و شكۆیان.
چواره‌م: درووستكردنی پردی په‌یوه‌ندی كولتووری و رۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه و جیهاندا.
پێنجه‌م: گێڕانه‌وه‌ی ناسنامه‌ی راسته‌قینه بۆ هه‌موو ئه‌و بابه‌ته ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری و ژیاریانه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا مۆركی هه‌ورامانیان پێوه‌یه و به درێژایی مێژوو براوون و به ره‌نگی تر رهنگكراوون.
شه‌شه‌م: درووستكردنی فشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و یاسادانان بۆ ئه‌وه‌ی لانیكه‌م وانه‌ی ئه‌لیف و بێی هه‌ورامی بخرێته پڕۆگرامی خوێندنی منداڵانی هه‌ورامانه‌وه. لانیكه‌م بكرێته وانه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه. له ته‌واوی وانه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی قۆناغه‌كانی خوێندندا بایه‌خی زیاتر به زمان و ئه‌ده‌بی هه‌ورامی بدرێت. لانیكه‌م له به‌شه‌كانی زمانی كوردی له زانكۆكاندا وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كی جیا بكرێته‌وه.