دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رۆژ لە دوای رۆژ بە شێوەیەکی نایاسایی هێرشەکانی دژوارتر دەکات، باشوری کوردستان و عێراقی وەک هەرێمێکی داگیرکراو بە کاردەهێنێت.
جموجۆڵی سەربازی دەوڵەتی تورک لە رۆژانی رابردوودا زیادی کردووە. لە چوارچێوەی پلانەکانی داگیرکەریدا لە ٢٢ی مانگدا کاروانێکی سەربازی دەوڵەتی تورک بەرەو سنووری کانی ماسی لە شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک پەڕیەوە.
هەمان جموجۆڵی سەربازی رۆژی دواتر واتە لە شەوی ٢٣ی مانگیشدا بەردەوام بوو، لە ٢٣ی مانگدا لە نیوەشەودا کاروانێکی سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر کە چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی تێدابوو، بەرەو سنوری شارۆچکەی ئامێدی سەر بە دهۆک کەوتە جوڵەوە.
دوایین جار درەنگانی شەوی رابردووش کاروانێکی سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر، بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و چەکی قورس بەرەو سنوری شارۆچکەی ئامێدی سەر بە دهۆک چوو.
نازانرێت کە ئەو سەربازانە لە رێگەی وشکانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە یاخود لە رێگەی فرۆکەخانەی هەولێر هاتوونەتە ناو باشووری کوردستان! لەبەر ئەوەی ئێستا لە رووبەرێکی فراوانی باشوری کوردستاندا لە ناو گوند و شارەکانیشدا سەربازانی تورک دەبینرێن. هەربۆیە داگیرکەری گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بێگومان کە بە گڵۆپی سەوز و هاوکاری پەدەکە نەبێت، سوپای تورک بەو ئۆتۆمبێلە زریپۆشانەوە ناتوانێت بپەڕێتەوە بۆ ناو خاکی باشوری کوردستان.
سەرباری هەموو ئەو جموجۆڵە ئاشکرایانە، کە روویان لە زیادبوون کردوە، تائێستا هەردوو حکومەتی بەغدا و هەولێر بێدەنگن و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە.
هـ. ب