بانگەوازی دەم پارتی: بەرامبەر عەقڵیەتی کودەتاچی ناڕەوادا ڕاپەڕن

دەم پارتی بەرامبەر بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕایگەیاند: "هەموو کەس دەبێ لە بەرزترین ئاستدا دەنگی خۆیان لە دژی ئەم کودەتا ناڕەوایەی دەسەڵات بەرز بکەنەوە."

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان دەم پارتی راگەیەندراوێکی سەبارەت بە دانانی قەیوم بۆ شارەوانیەکانی مێردین، ئێلیح و خەلفەتی روحا و گەمارۆدانی شارەوانییەکان بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە لە دوای جۆلەمێرگ و ئەسەنیورت بەردەوامە لە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان.

دەم پارتی، دانانی قەیومی بە کودەتا پێناسە کرد و ڕایگەیاند: "جێگای سەرنجە کە لە ساڵیادی کودەتاکەی پەرلەمان لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ دژی ئیرادەی گەلی کورد کودتا دەکرێت. هێرشەکان بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە سیاسەتی دیموکراتیکی گەلی کورد بەڕێوە دەچن. لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە ئەم سیاسەتانە بەردەوامن و سەرکەوتوو نەبوون. ئەوەی کراوە تەنها دووبارەبوونەوەی هەمان عەقڵیەتی ٣٠ ساڵەیە. ئێمە جارێکی تر دەڵێین ئەم هێرشانە کودتایەکی ئاشکرایە لە دژی ئیرادەی گەل. لە ڕابردوودا کودەتای قەیومەکان لەلایەن گەلەوە ڕەتکرایەوە وسیاسەتەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا شکستێکی گەورەی لێکەوتەوە و گەلەکەمان دەم پارتیی وەک ئیرادەی خۆی هەڵبژارد.

 کودتا نیشانەی شکستی سیاسییە، حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە لە ڕێگەی دادگا و هێزە ئەمنییەکانەوە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەو شارەوانیانە دەدەن کە نەیانتوانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بە ڕێبازێکی یاسایی بەدەستی بهێنن. ئەم هێرشە، هێرشە لە دژی مافی دەنگدانی گەلی کورد. هەروەها دەسەڵاتی سیاسی ئێستا شەرعیەتی دیموکراسی خۆی لە هەموو روویەکەوە لەدەست داوە.

هیچ دەسەڵاتێک نەیتوانیوە لەم وڵاتەدا بە چەوساندنەوە و زۆرداری سەرکەوتوو بێت و ناشبێت. گەلانی تورکیا چیتر ملکەچی ستەم و چەوساندنەوە نابن. کودەتای قەیوم کێشەی دیموکراسی و ئازادیی ٨٥ ملیۆن هاوڵاتی تورکیایە و ئەگەر ڕێگری لێ نەکرێت، تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی شارەوانییە کوردییەکانەوە سنووردار نابێت، بەڵکوو لە هەموو شوێنکی تورکیا ئەم عەقڵیەتە دەسەپێنن.

ئەم شێواز و هێرشانە هەموو هەووڵدان و نزیکبوونەوەکان بۆ چارەسەر تێکدەدەن و گومانێکی گەورە لەسەر ڕاستی حکومەت دروست کردووە. ئێمە چاوەڕێی بووین دەستیان بۆ ئاشتی و چارەسەری درێژ بکەن، بەڵام دەستیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل درێژ کرد. هەروەها چاوەڕێ ئەوە بووین ئەم پرسە بە دیالۆگ و دانوستان چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوان تەڵەیان بۆ ئیرادەی گەل داناوە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک تەسلیمیەت قبووڵ ناکەین و لە تێکۆشانی خۆمان پاشەکشە ناکەین. حکومەت ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەتەوە و بەمشێوازە لە قەیرانەکان ڕزگاری نابێت. هاوکات دەبێت گەلەکەمان لە هەموو هەلو مەرجێکدا خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی بکات."