گوڵستان و هێرۆ لە لیستی رۆژنامەوانە تیرۆرکراوەکانی یونسکۆدا ناویان تۆمارکرا

گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە تیرۆرکران، لە لیستی رۆژنامەوانە تیرۆرکراوەکانی یونسکۆدا ناویان تۆمار کرا.

رۆژنامەوان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە ٢٣ی ئاب لە ناوچەی سەید سادقی سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە درۆنی هێرشبەر تیرۆرکران، لەلایەن ئونسکۆ (دامەزراوەی کولتوری، زانسی و پەروەردەیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان) ناویان لە لیستی رۆژنامەوانە تیرۆرکراوەکان تۆمارکرا.

لیستە ئاماژە بۆکراوەکە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە ناو و زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەوانانە بڵاودەکاتەوە کە لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا تیرۆر دەکرێن.

لە لیستەکەدا زانیارییەکانی وەک شوێنی تیرۆرکران، ئەو دەزگا راگەیاندنەی کاریان تێداکردووە، ئاماژەی پێدراوە. سەرباری ئەوەی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ناوچەیەکی مەدەنی نشین و دوور لە شەڕ کرانە ئامانج، بەڵام لە لیستەکەدا بەو جۆرە نیشاندراوە، لە ناوچەیەک کە شەڕی تێدابێت هێرشیان کراوەتەسەر.

رێکخەری گشتیی یونسکۆ ئۆدری ئازۆلای لەبارەی بابەتەکەوە لە ماڵپەڕی فەرمی یونسکۆدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تیرۆرکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی شەرمەزارکردووە.

ئۆدری ئازۆلای بڕیاری ژمارەی ٢٢٢٢/٢٠١٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە بیرهێناوەتەوە و دەستنیسانی کردووە کە دەبێت رۆژنامەوانان و خەباتکارانی میدیا وەک مەدەنییەکان پاڕێزگارییان لێبکرێت.

ئۆدری ئازۆلای هێمای بۆ ئەوەشکردووە کە گوڵستان و هێرۆ لە کۆمپانیا چەتر پرۆدێکشن کاریان دەکرد، کاتێک بۆ بابەتێکی رۆژنامەوانی بەڕێکەوتبوون لە رێگەی درۆنێکەوە تیرۆرکران. هاوکات داواشی کردووە لێپرسینەوەیەکی ورد و بەهێز لەسەر بابەتەکە ئەنجام بدرێت.

بەپێی ئاماری یونسکۆ ، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٢٤ زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون و لەو ژمارەیەش ٩٠٪ـی ئەم کوشتنانە نەتواندراوە بە شێوەیەکی یاسایی چارەسەر بکرێن یاخود بکوژان بە سزا بگەیەندرێن، یونسکۆ بە ئاماژەدان بەوەی کە بێ سزایی دەبێتە هۆی کوشتنی زیاتر، رایگەیاندووە: "ئەم دۆخە زۆرجار نیشانەی خراپتربوونی ململانێ و داڕمانی سیستەمی یاسایی و دادوەرییە".