هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی پێشهاتەکانی هەڵسەنگاند. ئەندامانی شاندی نێونەتەوەیی کە بە داوای دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ داواکارییان پێشکەشی وەزارەتی داد کردبوو، بەشداربوون.
تولای حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەت پشێوییەکان لە سوریا بەهۆی هێرشی چەتەکانی هەیئەی تەحریر ئەل شام و سوپای نیشتیمانی سوریا بۆ سەر ناوچەکانی سوریا و کۆچبەربوونی دەیان هەزار کەس، گوتی: " هەیئەی تەحریر ئەل شام کە لە تەواوی جیهان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی قبووڵ دەکرێت، هاوشانی سوپای نیشتیمانی سوریا هێرشیان کردە سەر چەند شوێنێک. ئەگەر بیرتان بێت، سوپای نیشتیمانی سوریا ئەو ڕێکخراوەیە کە تورکیا هاوکاری لۆجیستی و مووچە و هەموو شتێکیان بۆ دابین دەکات. دەپرسین، هەیئەی تەحریر ئەل شام و سوپای نیشتیمانی سوریا و ئەل قاعیدە و داعش، شەڕی بە وەکالەت بۆ کێ دەکەن؟ چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارەین. ئەمانە چوونە نێو شاری حەلەب، کە یەکێک لە شارە گرنگەکانی سوریایە. ئەم چەتانە شەڕی بە وەکالەت دەکەن، هەوڵدەدەن بەزۆرەملێ شارەکان تاڵان بکەن".
ڕایگەیاند ئەمەی ئێستە ڕوودەدات هەمان سیناریۆی ساڵی ٢٠١١ ـەیە، لە ٢٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ـەوە هاوکێشەی شەڕ گۆراوە بۆ ڕەوشێکی پڕ لە پشێویی، ئەمە بۆ هەموو وڵاتەکان جێگەی مەترسییە.
داوای لە دەسەڵات کرد وانە لە ساڵی ٢٠١١ وەربگرن و دەستوەردان لەم شەڕە نەکەن، تاوەکو زیاتر وڵات بەرەو داڕووخان نەبەن، دەست لە خەونی عوسمانی نوێ بەردەن، گوتی: "لەم پرۆسە ئاڵۆزەدا هەوڵمەدەن دەسکەوتی کوردان لە ڕۆژئاوا بسڕنەوە".
جەختی کردەوە ئەم چەتانەی ئێستە هێرش دەکەن هەمان زیهنیەتی داعشیان هەیە و نەوەک هەر بۆ سوریا بۆ تورکیا و هەموو جیهان مەترسیین.
حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند تەشەنەکردنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ هەموو وڵاتانی هەرێمەکە و تورکیاش کارەساتە. بۆیە دەبێت جیۆپۆڵەتیکی ئاشتی لە هەرێمەکەدا جێبەجێ بکرێت، گوتی: "بە هیچ جۆرێک ئەم هێرشانە قبووڵ ناکەین. تێکۆشانی دەم پارتی بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی کوردە. ئێمە لەگەڵ بنیاتنانی ڕۆژهەڵاتی ناوینێکی دیموکراتیکین. لەکاتێکدا هەڕەشەی شەڕی ئەتۆمی لە جیهاندا هەیە، تاکە چارە، ئاشتییە. لێرەوە دیسان دەڵێین، چەتەکان و پشتیوانەکانیان شکست دەهێنن".
تولای حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر وتەکانی سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی لە ١ ی تشرینی یەکەم و گفتوگۆکان دەربارەی پرسی کورد، جەختی کردەوە پێویستە مردنی هەزاران و شەڕ و هەژاری لەم وڵاتە کۆتایی بێت، گوتی: "ئێمە زمانی ئاشتی خۆمان پاراست. هەندێک لایەنی بێشەرم دەڵێن "هاوسەرۆکانی دەم پارتی چارەسەریان ناوێت" ئەمانە درۆ و هەڵبەستراون.
دەم پارتی هیوای ئاشتییەکی شکۆدارە. ئایا سەرۆککۆمار چی پرۆژەیەکی هەیە کە دەیگوت هیوام نییە؟ نەک هەر ئێمە، هەمووان مەراقیانە. ئێمە چاوەڕێین لەم ڕووەوە لێدوان بدەن".
تیشکی خستەسەر داواکاری هاوسەرۆکی دەم پارتی تونجەر باقرخان بۆ دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، گوتی: "هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە. ئێمە چاودێری ڕەوشەکە دەکەین. چەند ڕۆژێک پێش ئێستە ئەردۆگان گوتی "پێویستە بوێر بین و هەنگاوی نوێ بنێین". ئێمە دەڵێین، وەک بوێرییەک، دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە و با دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دیدار ئەنجام بدەین.
سەرۆکی گشتی مەهەپە ئەمڕۆ پرسیاری کرد "دەم پارتی لەکوێیە". سەرەتا دەڵێین، دەست لە زمانی هەڕەشە بەردەن. بە هەڕەشە دیالۆگ نابێت. سەرەتا تێبگەن. دیسان دەڵێین، دەم پارتی لەگەڵ چارەسەر و دیموکراسییە".