دادگای باڵای تورک سەرلەنوێ دۆسیەی عەبدوڵا زەیدان دەکاتەوە

دادگای باڵای دەوڵەتی تورک بڕیاری دادگای خۆجێیی لەبارەی گەڕاندنەوەی مافەکانی بۆ عەبدوڵا زەیدان هاوسەرۆکی شارەوانی وان رەتکردەوە و بڕیاریدا سەرلەنوێ دۆسیەکە بکرێتەوە.

دادگای باڵای تورک لە سەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای خۆجێیی ئامەد بۆ گێڕانەوە مافەکانی عەبدوڵا زەیدان و هەڵوەشاندنەوەی قەدەغە لەسەر ئەو، سەرلەنوێ دۆسیەکەی رەوانەی لقی پێنجی دادگای تاوانە قورسەکانی ئامەد کردەوە.

بڕیارەکە پێش ئەوەی بە فەرمی لەلایەن دادگای باڵاوە رابگەیەندرێت، لە میدیای سەر بە دەسەڵات بڵاوکرابووەوە.

لە بڕیارەکەی دادگای باڵای تورکدا هاتووە، کە بڕیاری دادگای خۆجێیی ئامەد لە بارەی عەبدوڵا زەیدانەوە، "پێشێلکارییە و بێ بنەمایە" و پێویستە زەیدان سەرلەنوێ دادگایی بکرێتەوە.

پێشتر و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە لە میدیای دەسەڵات عەبدوڵا زەیدان هاوسەرۆکی شارەوانی وان داوای لەگەل کردبوو بەرامبەر بەم گەمە نوێیەی دەسەڵات وریا بن و خۆڕاگری بکەن و لەوبارەوە رایگەیاند: "پێویستە گەلەکەمان بە دەوری ئیرادەیانەوە کۆببنەوە و ئەم گەمە نوێیە تێکبشکێنن".