بڕیارە ٣٢ هەزار لاپەڕەییەکە دەربارەی دۆزی کۆبانێ ئاشکرا کرا

بڕیارەکانی پەیوەست بە دۆزی کۆبانێ کە تێیدا ١٠٨ سیاسەتمەدار دادگایی دەکرێن، ڕاگەیاندرا.

بڕیاری کۆتایی پەیوەست بە دۆزی کۆبانێ کە تیایدا هاوسەرۆکی گشتی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش بە ٤٢ ساڵ و هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ بە ٣٠ ساڵ و ٣ مانگ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا، دوای ساڵێک ئامادەکرا. لەو دۆزەکەدا ١٠٨ سیاسەتمەدار دادگایی دەکران و ٢٤ کەسیش سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. بڕیارەکە لە ٣٢ هەزار لاپەڕە پێکدێت.

بڕیارەکە ڕێگە دەکاتەوە بۆ ئەوانەی لەم دۆزەدا دادگایی دەکرێن کە تانەکانیان پێشکەش بە دادگای تێهەڵچوونەوە بکەن.

سزای بەشێک لە سیاسەتمەداران

لە دۆزەکەدا، بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" ١٠ ساڵ سزای زیندانی بەسەر هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین ئەحمەد تورک سەپێنرا، بەهەمان تۆمەت ١٢ ساڵ سزای زیندانی بەسەر گوڵتان کشاناک و سەباحەت تونجەل سەپێنرا. هەروەها بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" ٩ ساڵ و ٩ مانگ سزای زیندانی بەسەر پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە ئایلا ئاکات سەپێنرا، بەهەمان تۆمەت ١٠ ساڵ بەسەر ئەمینە ئاینای سەپێنرا، هەروەها ٩ ساڵ سزای زیندانی بەسەر ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی هەدەپە ئایشە ئاگیج و ٩ ساڵ سزای زیندانی بەسەر ئاینور ئاشان سەپێنرا.