ڕاپۆرتی ئۆهەدە: ئازادکردنی ٩٣ زیندانی ئاستەنگ دەکرێت
لقی ئیستەنبوڵی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی ٦ مانگی ڕابردووی دەربارەی ١٧ زیندانی لە هەرێمەکانی مەڕمەڕە بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.
لقی ئیستەنبوڵی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی ٦ مانگی ڕابردووی دەربارەی ١٧ زیندانی لە هەرێمەکانی مەڕمەڕە بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.
لقی ئیستەنبوڵی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی دەربارەی ١٧ زیندانی لە هەرێمەکانی مەڕمەڕە لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا مانگی حوزەیران بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە لە بینای کۆمەڵەکە لە بیۆغلو ئاشکرا کرا. دەقی ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئەندامی کۆمیسیۆنی زیندانەکانی لقی ئیستەنبوڵی ئۆهەدە، بەدرخان سارسیلماز خوێندرایەوە.
سارسیلماز ڕایگەیاند ڕاپۆرتەکە بەگوێرەی دیدارەکانی زیندان و ئەو نامانەی بۆ کۆمەڵەکە نێردراون و ئەو زانیاریانەی لەڕێگەی فاکسەوە لەلایەن بنەماڵەی زیندانیانەوە نێردراون، ئامادەکراوە.
ئازادکردنی زیندانیان بەشێوەی ئارەزوومەندانە ئاستەنگ دەکرێت
سارسیلماز ڕایگەیاند لەگەڵ گۆشەگیری و پشکنینی دەم و کەلەپچەکردن لەکاتی وەرگرتنی چارەسەر و ڕێگری لە مافی تەندرووستی، چەندین پێشێلکاری تر هەن. خواردنی کەم و خراپ، ڕێگری لە گۆڤار و کتێبەکان، سنووردارکردنی مافی وەرزش، مافە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان، زانیاری وەرگرتن، کێشەی پاکوخاوێنی و بڕینی ئاو، پێشێلکردنی تایبەتمەندی لە ڕێگەی کامێراوە، سیاسەتی گۆشەگیری، سزای دیسپلین، ڕێگریکردنی ئارەزوومەندانە لە ئازادکردن، چارەسەرنەکردنی زیندانییە نەخۆشەکان و ئازادنەکردنیان، وەڵامنەدانەوەی سکاڵاکان، خراپی شوێنی خەوتن و پشوودان.
لە چۆرلو پشکنینی دەم و لە گەبزە فشاری کەلەپچە
هەروەها ڕاگەیاندرا لە زیندانی چۆرلو لەکاتی چوونە نێو زیندان، لێدان و پشکنینی دەم بەسەر زیندانییەکاندا سەپێنرا. لە زیندانی ژنانی گەبزە ئەوکاتەی زیندانیان بۆ چارەسەر براونەتە نەخۆشخانە، کەلەپچەکراون. لەبەر ڕەتکردنەوەی ئەم ڕێکارە، بەبێ چارەسەرکردن گەڕێندراونەتەوە بۆ زیندان. لە زیندانی چۆرلوش بەهەمان هۆکار زیندانییەک بەبێ چارەسەر گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندان.
چاپکراوە کوردی و ئۆپۆزیسیۆنەکان قەدەغەن
هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، گەیاندنی کتێب بە زیندانییەکان سنووردارکراوە، چاپکراوە کوردی و ئۆپۆزیسیۆنەکان بە زیندانیان نادرێت. بەتایبەت چاپکراوەکانی وەک یەنی یاشام و ئەڤرەنسەل و مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و خۆبوون و چاپکراوە کوردی و ئۆپۆزیسیۆنەکانی تر.
لە زیندانەکانی مەڕمەڕە ئازادکردنی ٩٣ زیندانی ئاستەنگ کرا
سارسیلماز دووپاتی کردەوە، ڕایگەیاند زیندانەکان لە ژووری دوور لەیەک دادەنرێن و گۆشەگیرکردنی کۆمەڵایەتی زیاتر بووە، زیندانییەکان ناتوانن یەکتر ببینن. هەروەها ڕایگەیاند بە پاساوی جیاجیا و بێ بنەما ئازادکردنی مەرجداری زیندانیان ئاستەنگ دەکرێت. هەرچەند زیندانییەکان کاتی ئازادکردنیان هاتووە، بەڵام لیژنەی کارگێڕی و چاودێری بە پاساوی جیاواز و ئارەزوومەندانە ڕێگری لە ئازادکردنیان دەکات. لە زیندانەکانی هەرێمی مەڕمەڕە لانی کەم ئازادکردنی مەرجداری ٩٣ زیندانی ئاستەنگ دەکرێت.
٤٧ زیندانیکراوی نەخۆش
سارسیلماز تیشکی خستەسەر ڕەوشی زیندانیانی نەخۆش و ڕایگەیاند ژمارەی زیندانییەکان لە توانای لەخۆگرتنی زیندانەکان زیاترە. لە زیندانەکانی هەرێمی مەڕمەڕە سەدان زیندانیکراوی نەخۆش هەن. بەگشتی لە زیندانەکانی هەرێمی مەڕمەڕە ٤٧ زیندانیکراو هەن کە نەخۆشییەکانیان قورسە.
بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ
سارسیلماز بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆی بیرهێنایەوە، ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازەکەدا پێداگریی خۆی لەسەر چارەسەر پیشانداوە. سارسیلماز دووپاتی کردەوە کە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ تەنها پێشێلکردنی مافێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو ئاستەنگێکی مەزنە لەبەردەم ئاشتی و ئایندەی دیموکراتیکدا. سارسیلماز داوای کرد سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێ و هەلومەرجی کارکردنی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بڕەخسێنرێت.
سارسیلماز دووپاتی کردەوە، لە زیندانەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، پێویستە پرۆسەیەکی ڕیفۆرم لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ دەست پێ بکات. دەبێت جیاکاری و سەپاندنی ئارەزوومەندانە لە زیندانەکان کۆتایی بێت، بەرپرسیارێتییەکان لە یاسادا جێ بکرێنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و پێشێلکاری لە زیندانەکان.