دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە ساڵی ٢٠١٨عەفرینیان داگیرکرد، زیاتر لە ٢٠٠هەزار عەفرینی ناچاربوون ڕوو لە شەهبا بکەن. کۆچبەرانی شەهبا کە لە سێ لاوە لەلایەن چەتەکانەوە گەمارۆدرابوون و لە لایەکیشەوە لەلایەن دولەتی دیمەشقەوە گەمارۆدرابوون، هەم بۆ ژیانی خۆیان شەڕیان کرد و هەم لە دژی هێرشی چەتەکانی داگیرکەر بەرخۆدانیان کرد. دوای ئەوەی لە ٢٧ی تشرینی دووەم حەڵەب و ئیدلب لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە داگیرکران، ئەمجارە شەهبا لە هەر چوار لاوە گەمارۆدرا. لە ئەنجامدا لە ٢ی کانوونی یەکەم هێرشەکانی سەر تل ڕفعەت و شەهبا چڕبوونەوە و ناوچەکە داگیرکرا، گەلی عەفرین بۆ جاری دووەم ناچار بوون کۆچبەر بن.
گەلی عەفرین کە لە شەهباوە گەیشتنە شاری ڕەقە لەگەڵ ئاژانسەکەمان قسەیانکرد و ڕایانگەیاند؛ هیوایان بە تێکۆشانی ئازادی و ناسنامەی خۆیان هەیە و قەد تەسلیم نابن.
'چەکێک نەما کە لە دژی گەلەکەمان بەکار نەهێنرێت'
مستەفا محەمەد سەبارەت بەو عەفرینیانەی کە ناچار بوون لە شەهباوە کۆچبەر بن، وتی: "دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٨ عەفرینی داگیرکرد، ناچار بووین بچینە شەهبا. بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێ بەرخۆدانمان کرد، دیسان بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکە و چەتەکانیەوە ناچار بووین کۆچبەر بین، هێرشەکانی سەر شەهبا لە دژی گەلەکەمان زۆر چڕ بووەوە، چەکێک نەما لەدژی گەلەکەمان بەکارنەهێنرێت."
'دەوڵەتی تورک هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسلامەوە نییە'
مستەفا محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕەقاوە پێشوازییەکی باشیان لێکرا و وتی: "ئەوەی خاوەنداری لە گەلی عەفرینی کرد، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بە هەموو توانایەوە، وەڵامی داواکاری و پێداویستییەکانی گەلی عەفرینی دایەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە نییە. تەنیا بۆ ئەوەی زوڵم لە گەل بکەن هەن. ئێمە زوڵممان لە کەس نەکردووە و بە کەرامەتی خۆمانەوە دەژین، بە سەدان ساڵە گەلی کورد تەنها یەک داواکاری هەیە، ئەوەیش ئەوەیە بە ناسنامە و زمانی خۆیەوە بژیت، پێویستە هەموو کەسێک ئەم دڕندەییە ببینن."
'هێرشێکی قورسیان کردە سەر گەل'
ئیبراهیم کۆسە یەکێکی دیکە لە هاوڵاتیانی عەفرینە وتی: "ئەمە دووەمجارە ئاوارە دەبین، زۆر ئازارمان چەشت، تووشی سەخت و زەحمەتی زۆر بووین، لەو کاتەوە چووینە شەهبا زیاتر لە ٦ ساڵە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەرمان بەردەوامی هەبووە، بەساڵانە ئێمە لە ڕەوشێکی بەوشێوەدا ژیانمان بەسەر بردووە، ئیتر بە هۆی چڕبوونەوەی هێرشەکان ناچار بووین جارێکی تر کۆچبەر بین."
'عەفرین بۆ دەوڵەتی تورک نامێنێ'
هەروەها مەحەمەد حەنان لەو بارەوە وتی: "هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد دڕندەیییەکی گەورەیە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ٧٢ فڕۆکەی شەڕ بە هەزاران گەلی ئێمەی کۆمەڵکوژ کرد، خاکەکەمانی داگیر کرد. ماڵ و مڵکی ئێمەیان تاڵان کرد و دار زەیتونەکانمانی وێران کرد. ٦ساڵە لە شەهبا دەژین، بە هیوای ئەوەی بگەڕینەوە بۆ زێدمان بەڵام دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بەدرێژایی ئەم چەن ساڵە بوردومانمان دەکەن، کاتێک باس لە گەلی کورد دەکرێت، دوژمنانی گەلی کورد هەموو یەکدەگرن، ئێمە جارێکی تر لە شەهباوە ئاوارە بووین، لە ڕێگادا چەتەکان سووکایەتییان پێکردین، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی باش بزانن عەفرین بۆ ئەوان نامێنێ، ئێمە بەهیواین و دەگەڕێینەوە عەفرین."