کوردستانیان و دۆستەکانیان دژی داگیرکاری ڕێپێوانیان کرد

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری کاسێلی ئەڵمانیا دژی هێرشەکانی داگیرکاری ڕێپێوانیان کرد.

دەیان کوردستانی و دۆستەکانیان و چەندین گرووپی ئەڵمانی لە شاری کاسێلی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی مەجلیسی گەل لە ڕاتاوس کۆبوونەوە و هێرشی چەتەکانی هەیئەی تەحریر ئەل شامی سەر بە دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر سوریا و ڕۆژئاوا شەرمەزار کرد.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادی کوردستان، هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی کاسێل، گوتی: "دەوڵەتی تورک، کوردەکان وەک گەورەترین دوژمنی خۆی دەبینێت، بۆ لەناوبردنی کورد پەنا بۆ هەموو ڕێ و ڕێبازێک دەبات. بانگەواز لە تەواوی گەلان و بەتایبەت گەلی کورد دەکەین بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ نەبن".

پاشان ڕاگەیاندراوی کۆن_مەد بە ئەڵمانی و کوردی خوێنرایەوە.

هەروەها پۆلیس ڕێگەی ڕێپێوانی چالاکوانیان داخست.

جەماوەر سەرەڕای ڕێگری پۆلیس بەرخۆدانیان کرد، بە پانکارت و ئاڵای یەپەگە و یەپەژە و بەرزکردنەوەی درووشمی "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "بژی بەرخۆدانی یەپەگە/یەپەژە" و "تیرۆریست ئەردۆگان" و "کوردستان دەبێتە گۆڕستانی فاشیزم" تا گۆڕەپانی کاسێل ڕێپێوانیان کرد. جەماوەر وەڵامی هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکانی پۆلیسیان نەدایەوە و بەردەوام بوون، لە گۆڕەپانی کاسێل کۆتاییان بە ڕێپێوانەکەیان هێنا.