پەرلەمانتارانی دەم پارتی، لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆ داگیرکاریی و دەستبەسەرداگرتنەکانیان شەرمەزار کرد

هاوسەرۆکانی فراکسیونی دەم پارتی و پەرلەمانتارانی پارتەکە، لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆ هێرشە داگیرکاریی و دەستبەسەرداگرتنەکانیان شەرمەزار کرد.

هاوسەرۆکانی فراکسیونی دەم پارتی، گوڵستان کلچ کۆچیگیت و سەزای تەمەلی و پەرلەمانتارانی دەم پارتی، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانیان لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆ ئیدانە کرد.

گوڵستان کلچ کۆچیگیت وتی: "وەزارەتێک کە دەست بەسەر ئیرادەی گەل و مافی دەنگدان دەگرێت. تا سیاسەتی قەیوم بەردەوام بێت، و ئەو چەمکە لە وڵاتدا بڵاوبێتەوە، بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان و ئەگەر پێویست بکات هەموو ڕۆژێک دێینە بەر وەزارەتی ناوخۆ و نادادپەروەری و کودەتای دیمۆکراسی شەرمەزار دەکەین."

'ئایا تورکیا دەیەوێت سوریا داگیر بکات؟'

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، " ٧ لە هەڤاڵانمان کە لە ئیستەنبوڵ کۆمەڵکوژی چەتەکانیان لە سوریا شەرمەزار دەکرد، دەستگیرکران. بەدەیان هاوڕێمان دەستگیرکران، لەنێویاندا جێگری هاوسەرۆکی گشتیمان و هاوسەرۆکی شارەوانی پەیاسێ هەن. دەیانەوێت ئۆپۆزسیۆن پارچەبکەن و لەلایەکی ترەوە تێکۆشانی گەلی کورد لەناوببەن. ئێمە ئەو کەسانەی بانگەوازی بۆ ئاشتی دەکەن لێیان دەپرسین بە دانانی قەیوم و پشتیوانی لە چەتەکان لە سوریا و ڕێگە بە کۆمەڵکوژی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرامبەر کورد و گەلانی دیکە چۆن ئاشتی لە تورکیا بەدەست دەهێنن؟

ھەندێک لایەن دڵخۆشن بەوەی ئاڵای تورکیا لە حەڵەب ھەڵکراوە. حەڵەب خاکی کێیە؟ شاری کێیە؟ ئایا تورکیا دەیەوێت شاری حەلەبی سوریا داگیر بکات؟ بۆ ڕێز لە ئیرادەی گەلی کورد وگەلانی ئەوێ ناگرن؟ بۆچی سیاسەتێکی ئاشتیانخوازانە بۆ گەلانی سوریا پەیڕەو ناکەن و ئەم چەتە بکوژانە ڕاناگرن؟

بە هەزاران هاوڵاتی عەفرین بەساڵانە لە هەرێمەکانی شەهبا لە ژێر تۆپباراندا لە خراپترین بارودۆخدا دەژیان. ئێستا بەهۆی هەڕەشەی کۆمەڵکوژییەوە شەهبا بەجێدەهێڵن و دەچنە شوێنێکی تر. ئەمە بەسایەی سیاسەتی ئاکەپەوە هەیە.

'ئاشتی بەو شێوەیە ناکرێت'

ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک دەرفەتی ئاشتی زیاترە لە سوریا و لە تورکیا. بەڵام نیەتی ئێوە ئاشتی نییە. ئێوە بە وتنی ئاشتی شەڕ پەرە پێدەدەن. بە دانانی قەیوم ئیرادەی گەل پێشێل دەکەن. ئایا ئاشتی بەم شێوەیە؟ لە باسی ئاشتی دەکەن، گۆشەگیری قورستر دەبێت، هێرشی سەر گەل پەرە پێدەدەن. بەو شێوەیە شتێک نییە بە ناوی ئاشتیەوە."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا پێداگری بە درێژەدان بە تێکۆشانی دیموکراتیک درا.