چالاکی ژنان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان

لە دژی هێرشی داگیرکاری لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، گەل بەرەو سنوری کۆبانێ ڕێپێوانیان ئەنجامدا. پشتێنە و بازنەیەک لە بەرگری پێکهێنرا و پەیامی بەرخۆدان درا.

چالاکی شەرمەزارکردنی داگیرکاری

هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ناوچەی پرسوسی ڕحا لەسەر سنوری کۆبانێ شەرمەزارکرا.

چالاکییەکە بە پێشەنگایەتی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) ئەنجامدرا.

لەچالاکییەکەدا هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) مەراڵ دانش بەشتاش، هاوسەرۆکانی گشتی دەبەپە چیدەم کلچگون مێرال ئوچار و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و گەلێک کەس بەشدار بوون.

'بەرخۆدانمان لە پێناو ڕۆژئاوادایە'

جەماوەری ڕێپێوانەکە لەسەر ڕێگای پرسوس- کۆبانێ لە نزیک سنوور ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. ئەو ژنانەی بەشداری چالاکییەکە بوون و بازنە و پشتێنەیەکی ژیانیان درووستکردبوو، گەلێک جار دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"یان بەرزدەکردەوە.

ژنانی بەشداربوو لە دژی هەڵوێستی پۆلیس وەستانەوە و وتییان: "بەرخۆدانمان لە پێناو ڕۆژئاوا بەردەوام دەبێت و ناتوانن ڕێگریمان لێبکەن" ڕێپيوانەکە دەستی پێکرد و دروشمی “لە هەموو شوێنک ڕۆژئاوا، لە هەموو شوێنک بەرخۆدان"یان بەرزکردەوە.

پەرلەمانتاری دەم پارتی عەلی بۆزان لە پاش ڕێپێوانەکە قسەی کرد و وتی: "تا هێرشەکان بەردەوام بن، ڕێپێوانەکانمان بەردەوام دەبێت."