سووریا لەسەر کلکی ئەژدیها

زلهێزەکان چاویان لە سەر چییە؟ تورکیا و چەتەکانی لە چی دەگەڕێن؟ سەرەنجامی گێژاوی ئیدلیب و حەڵەب بە کوێ دەگات؟ ڕۆڵی هەسەدە و هێزە کوردییەکان لەم گێژاوەدا چییە؟

جموجووڵەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە حەڵەب و ئیدلب: ئامانجە ستراتیژییەکان و چارەسەر

جووڵە سەربازییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە حەڵەب و گوندەکانی ئیدلیبی سووریا، هەڵکشاون، ئەمە ئاڵۆزیی ڕەوشی سیاسیی و هەرێمی دەنوێنێتەوە. بە تایبەت تورکیا هەوڵ دەدات بەم ئۆپەراسیۆنە دەستکەوتی سیاسیی بچنێتەوە و پەیمان بداتە ئیسرائیڵ و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیا. هەروەها هەوڵ دەدات دژ بە بەڕێوەبەریی خۆسەر واقعێکی نوێ بەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا داسەپێنێت. لە ڕەوشێکی بەم ڕەنگەدا پرسیارێک لای مرۆڤ دەخەمڵێت: چارەسەری گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشانە و وەستاندنی داگیرکردنی خاکی سووریا چییە؟

هەڵکشانی ناکۆکییە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان

ناکۆکیی لەسەر خاکیی سووریا ناکۆکییەک نییە لە نێوان هێزە ناوخۆییەکاندا، بەڵکوو گۆڕەپانی ملشکاندنی هەرێمیی و نێودەوڵەتییە، لە سەرووی هەمووانەوە تورکیا، کە دەیەوێت ئەو ناوچانەی داگیری کردوون، فراوان بکات و کەڵکەڵە عوسمانییەکانی وەدی بهێنێت.

سێ بەرەی تریش هەن: ئەمریکا و ئیسرائیڵ و ڕووسیا، هەروەها تورکیاش بە سەرچڵیی ئەم هێرشانەی دوایی، پێی لێ هەڵدەژەنێت. ئەم سێ بەرەیە هەوڵ دەدەن بەم هێرشانە پەیام بنێرن. لەگەڵ ناکۆکیی و بەرژەوەندیی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی لە هەندێک شوێنی تر، بەڵام بەرژەوندییەکانی هەر سێ بەرەکە لە سەر خاڵێکی دیاری ئاڵۆزییەکانی سووریا پێکدا هەڵدەپژێن. ئەویش ئەوەیە حکومەتی شام ناچار بکەن تا هێزەکانی سووریا لە ئێران دەرپەڕێنێت و کۆتایی بە کاریگەریی ئێران لە سووریا بهێنێت.

پەیامەکەی ئەمریکا: کێشانەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناویین

داگیرکەری تورک سوود لە پێکداپژانی بەرژەوەندیی هەرسێ بەرەکە دەبینێت، هەوڵ دەدات بەم گرووپانە ئاگرەکە خۆش  بکات، جا هێزی ئەوەی هەیە کاریگەریی بخاتە سەر کێشانەوەی نەخشە تازەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم پەیامانە بە تایبەت بۆ ئەمریکا دەنێردرین کە لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، ئامادەکاریی بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسیی دەکات. تورکیا هەوڵ دەدات بەرانبەر کاریگەریی ئێران لە هەرێمەکە، هێزی خۆی نیشان بدات.

گەشەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیڵ

هاوکات داگیرکارییەکانی تورکیا لە سۆنگەی نیشاندانی هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی ئێران لە سووریا، هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیڵ بۆ پێشێ ببات. ئەم هەنگاوەش بە پێودانگی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیڵە، چونکە کشانی ئێران بە مەترسیی سەر بوونی خۆی دەزانێت. جا لەبەر ئەمە ئەنقەرە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تەلئەبیب لەسەر ئەم بنەما نوێیە ئاوا بکاتەوە و ڕۆڵی خۆی بگەیەنێتە ئاستی هێزێکی هەرێمی کە دەتوانێت هاوسانگیی درووست بکات.

لەم قۆناغەدا پەیامی نهێنیی و شاراوەش بۆ ڕووسیا هەن، تا ڕووسیا فشار لە حکومەتی شام بکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە. بە تایبەت پاش ئەوەی بەشار ئەسەد دانیشتنی لەگەڵ ئەردۆگان پەرچ دایەوە. ئەلێکساندەر لاڤرێنتێڤیش وتی: ”با ناو لە شتەکان بنێین؛ تورکەکان وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر دەجووڵێنەوە، بۆ شام دژوارە بەبێ گەرەنتیی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا، گفتوگۆ پەسەند بکات.”

لەم شتانەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گەرەکێتی ئەو لایەنانەی دەستێوەردانیان لە ئاڵۆزییەکانی سووریا کردووە: (ئەمریکا و ڕووسیا) ‘گڵۆپی سەوز’ـی بۆ هەڵ بکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی هاشاوڵێکی پانوپۆڕ بداتە سەر هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتیی سووریای ژێر ڕێوەبەریی خۆسەر.

سەرقاڵیی ئێران و حزبوڵا دەرفەتە

ئەو کات و ساتەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ ئەم هێرشەیان هەڵبژاردووە، بە هەڵکەوت نییە، ئەمە هاوکاتی سەرقاڵیی حزبوڵا و پێڕی لایەنگرانی ئێرانە لەو شەڕە بەردەوامەی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل. ئەم سەرقاڵییە هەلی بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دا تا ئازادانە لەو ناوچانە تەپوتۆز بکەن. ئەمەش بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرەنگاریی توند ببنەوە.

شتێکی هەڵکەوت نییە کاتێك ئەم هێرشانەی دوایی پاش ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان کران. ئەمە پشتڕاستی دەکاتەوە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە وردیی ئەم کاتەی هەڵبژاردووە تا دەستکەوتی زۆری سیاسیی و مەیدانیی بچنێتەوە.

چەتەکان  و قۆستنەوەی هەلەکان

قۆستنەوەی ڕەوشی ئاڵۆزی هەرێمەکە و سەرقاڵی حزبوڵا لە بەرەی لوبنان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە، ئاستی پەیوەندیی نێوان لایەنە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویین دەنوێنێتەوە. هەروەها ئەمە نیشانی دەدات ئەم لایەنانە چۆناهی قەیرانەکان لە گۆڕەپانێکەوە هەڵدەدەنە گۆڕەپانێکی تر.

ستراتیژی فرەلایەن

بە گشتیی جموجووڵەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ڕێی چەتەکانی تەحریری شامەوە، بەشێکە لە ستراتیژیی فرەلایەن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سەربازیی و سیاسیی و ئابووریی. ئەنقەرە بە دەستپێچی ئەم ستراتیژە هەوڵ دەدات کاریگەریی خۆی بەهێز بکات و ڕۆڵی لە هەرێمەکە هاوسەنگ بکاتەوە. سوود لەم هەلومەرجە ببینێت و پەیام بداتە هەموو هێزەکان؛ گوایە تورکیا هێزێک نییە پشتگوێ بخرێت، جا هەوڵ دەدات بەپێی بەرژوەندییەکانی خۆی باندۆر بخاتە سەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویین.ئەم پێشهاتانە نیشانی دەدەن ئەوەی لە گوندەکانی حەڵەب و ئیدلیب ڕوو دەدەن، تەنیا جموجووڵێکی سەربازیی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە گەمەیەکی ئاڵۆزی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی، جا تورکیا هەوڵ دەدات بەم پاساوە پێگەی خۆی لە پاشەڕۆشی هەرێمەکەدا داکوتێت. هەروەها کەڵکەڵەی فراوانکردنی داگیرکارییەکانی لە هەرێمەکە نیشان دەدات. لە حەڵەبەوە تا موسڵی ئێراق و ڕێوەبەریی خۆسەریی دیموکرات بەئامانج دەگرێت.

هەماهەنگیی نێوان حکومەتی شام و ڕێوەبەریی خۆسەر، پێویستییەکی نیشتمانییە

ئەو چارەسەرە گونجاوەی ڕێ لە بەردەم هەڵکشانی داگیرکارییەکانی تورکیا دەگرێت و ناهێڵێت سووریا پارچە ببێت و دەستێوەردانی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان لە کاروباری سووریا سنووردار دەکات، ئەوەیە کە هەماهەنگییەکی سیاسیی لە نێوان حکومەتی شام و ڕێوەبەریی خۆسەریی دیموکراتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێک بێت.

ئەگەر لەم هەماهەنگییەدا ڕێوەبەری خۆسەریی دیموکراتیی لەلایەن شامەوە بە فەرمی بناسێنرێت و مافە سیاسییەکانی ڕێوەبەریی بپەژرێنرێن، ئەوا یەکێتیی خاکی سووریا تۆکمەتر دەبێت و کۆسپ دەخاتە سەر ڕێی دەستێوەردانی تری دەرەوە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات

هەبوونی هێزەکانی سووریا دیموکرات (QSD) کە هێزێکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرش و شەڕی دژی چەتەی توندوتیژی وەک داعشدا خۆیان سەلماندووە، دەتوانن پێکڕا ڕۆڵێکی باڵکێش لە پاراستنی سنوورەکانی سووریا بگێڕن. هەر لەبەر ئەمە پێویستە ئەم هێزە، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی، لە نێو سوپای سووریادا جێ بگرێت.

ئەم هەنگاوە ‌هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی سووریا بەرانبەر دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە پێشەنگێتیی تەحریر شام، بەگوڕ دەکات. ئەمە بەرەیەکی یەکگرتوو مشتوماڵ دەدات و دەتوانێت دژی هەموو هێرشێکی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی بووەستێتەوە. لە سەروو هەمووشیانەوە تورکیا، کە کەڵکەڵەی داگیرکردنی خاکی سووریای لە کەللە دەگەڕێت.جا لەم چوارچێوەیەدا هەماهەنگیی نێوان حکومەتی شام و ڕێوەبەریی خۆسەر کەڵەبازێکی ستراتیژیی سنووردارکردنی کەڵکەڵە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و گەڕانەوەی هاوسەنگیی سیاسیی و سەربازیی سووریایە.

سوودەکانی هەماهەنگیی بۆ حکومەتی شام

ئارێشەی چەشناوچەشن یەخەی حکومەتی شامیان گرتووە، لەوانە: ئارێشەی جڵەوکردنەوەی تێکڕای خاکی سووریا و سڕینەوەی پارچەکردنی وڵات. لەم هەلومەرجەدا بە تەنیا ناتوانێت ناوچەکانی ئیدلیب و حەڵەب لە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بپارێزێت. هەر لەبەر ئەمە هەماهەنگیی لەگەڵ هەسەدە پاڵهێزێکی زۆر دەداتە شام و هێزەکانی و توانای پاراستنی یەکێتیی خاکی سووریا هەڵدەکشێنێت.

 ئەزموونی دیموکراتیی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

ئەو ئەزموونە دیموکراتییەی وا ڕێوەبەریی خۆسەریی دیموکراتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشکەشی دەکات، سەرباری هەندێک لەمپەر، بەڵام نموونەیەکە دەتوانێت پاشەڕۆژێکی هاوبەش بۆ هەموو گەلانی سووریا بنیاد بنێت. پەسەندکردن و پەیڕەوی ئەم ئەزموونە لە سووریایەکی یەکگرتوو و ناناوەندییدا، متمانە دەگەڕێنێتەوە و دەرگا لەسەر چارەسەرێکی سیاسیی فراوان دەخاتە سەر پشت تا مافی هەموو گەلانی سووریا مسۆگەر بکرێت و یەکێتیی وڵات بەهێز بکرێت. بەرانبەر ئاڵۆزییە هەنووکەییەکان، بە تایبەت داگیرکارییەکانی تورکیا، هەماهەنگیی نێوان حکومەتی شام و ڕێوەبەریی خۆسەریی دیموکراتیی کە بۆ ئەمە ئامادەیە، پێویستییەکی هەنووکەییە.

سەرچاوە: ئازادی کۆمەڵگە