گۆڕەپانەکان جێگەیی دیموکراسیین

ئاخۆ کاتی ئەوە نەهاتووە گۆڕەپانەکان پڕ لە جوڵە بکرێن و باس لە خواستەکانی ئاشتی و دیموکراسی بکرێت؟ گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هێزییەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدایە. کاتی ئەوە هاتووە ئەمە بە تەواوی سوریادا بڵاوبێتەوە.

حکومەتی سوریا لە پێناو چارەسەرکردنی پرسەکاندا هیچ هەنگاوێکی کاریگەری نەناوە. لە ڕاستییدا ئیدی توانایی ئەوەیشی نەماوە. بەزۆر بە پشتیوانییەکانی ڕووسیا و ئێرانەوە خۆی ڕاگرتووە. ئەمریکا و هێزەکانی دیکە کێشەکانی سوریا وەک کێشەی سەرەکی خۆیان نابینن. شەڕی پاوانخوازی و دەسەڵاتداری نێوان ئەو هێزانە کاریگەری نەرێنی لەسەر گەل دادەنێت. تورکیا لە پێناو لەناوبردنی کورداندا ئاژاوەگێڕی دروستدەکات و پلان بۆ داگیرکاری نوێ دادەڕێژێت. ناکۆکی و پێکدادانی دەوڵەت بە ئاشکرا و شاراوەییەوە بەردەوامە.

مرۆڤ دەتوانێت بڵێت گەلی سوریا هیچ چاوەڕوانی و هیوایەکی بۆ ئایندە نەماوە. حکومەتی دیمەشق هەموو دەرفەتەکانی دەوڵەتی خستۆتە خزمەتی خۆیەوە. ڕاگەیاندیش بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵێدایە. ڕاستییەکان بە گەل ناگوترێت. حکومەت ڕۆژەڤ و ڕاستی خۆی وەک ڕۆژەڤ و ڕاستی گەل نیشان دەدات. لە سوریادا هیچ ڕوونبوونەوە و سیستەمێکی دیموکراتیک بوونی نیە. کۆمەڵێک شت لە پشتی پەردەوە و بە دیبلۆماسی بەڕێوەدەچێت. گەل بە تەواوی دابڕێنراوە لە سیاسەت و لێگەڕینی چارەسەری.

باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە نێو ئەم تاریکستانەدا وەک مەشخەڵێک دەدروشێتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم رووناکیەش بکوژێننەوە لە چەندین لایەنەوە هێرشی دژبەری لە ئارادایە. حکومەتی دیمەشق بۆ لەباربردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەڕێکی بەفراوان بەڕێوەدەبات. لەسەر کوردانی  شەهبا و حەلەب لە گەمارۆدانەوە بیگرە تا بێ کاریگەرکردنی سیسەمی پەروەردە، لە هەموو گۆڕەپانەکەندا لە بەڕێوەبردنی مەرامی دژبەرییدایە. هەوڵدەدات لە نێوان کورد و عەرەبدا کە لە پێکەوە ژیاندان ناکۆکی و ئاژاوە بنێتەوە. وە لە ڕێگەی هەواڵگرییەوە هەندێک هێرشی بچووک دەکات و هەوڵدەدات بە پاساوی ئەوانەوە گرژی و ئاڵۆزی دروستبکات.

هەر خۆی تورکیا وەک تارماییەک بەسەر سوریاوەیە، هەر خراپەکارییەک هەبێت دەستی تێدەخات. بە چەتەکانییەوە ژیانی لە گەل حەرامکردووە. ئەو چەتانە هەم بۆ لەباربردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هەمیش لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت حکومەتی دیمەشق ملکەچ بە خواستەکانی خۆی بکات. گەلی کردووە بە ڕەگەزێکی داگیرکاری. گەل ناڕێکخراوە و بۆیە ناتوانێت دەنگی خواستەکانی هەڵبڕێت. سەبارەت بە سوریا هەمووکەسێک قسەدەکات، چەندین هەوڵ و کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت. بەڵام ئەوەی قسەناکات و گوێی لێناگیرێت گەلە. سیاسەتی ئاشکرا و لە پێناو گەلەدا ئەنجام نادرێت. گەر ئیرادە و خواستی خۆی پیشان نەدات، ئەوا ڕوونە چارەسەرییەکی ڕوون نایەتەئاراوە. هۆشیارییەکی دیموکراسی بوونی نیە و دەرفەت بە ڕێکخستنکاری گەل نادرێت. لە دۆخێکی ئاوادا بەرژەوەندی و ئیرادەی کەسانێکی دیکە دەسەپێندرێن.

حکومەتی دیمەشق گوێی خۆی لە هەوڵدانی هەنگاوەکانی چارەسەری و ئاشتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داخستووە. گفتوگۆ و چاوپێکەوتن هەیە بەڵام چارەسەری ئەنجام نادرێت. گەلی سوریا نازانێت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری چیە، داوای چی دەکات. دەسەڵاتداری ڕاستی گەل دەشارێتەوە. لە دژیاندا پروپاگەندەی لایەنگری و هێزە سیخورەکانیان دەربارە دەکات. هانی ناڕەزایەتی گەل دەدات بە رووی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری. ئەمەش لەگەڵ خۆیدا پێش-داوەریی و نامۆبوون دێنێت. بەرژەوەندی یەکگرتووی گەل، ریکخستنبوون و بوون بە هێز لەباردەبات. دەسەڵاتداریش لە پێناو بێهێزکردنی گەل و تێکدانی یەکڕزی دەیەوێت یەکگرتووی گەل نەهێڵێت و ڕێکخستبوونیان لەباربەرێت.

بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات و گەل وەک یەک نین. بەڵام دەسەڵاتداری ڕاستییەکان پێچەوانەدەکاتەوە و دەیەوێت گەل بخاتە خزمەتی خۆیەوە. عەقڵێتی حکومەتی دیمەشق ئەوەیە تاک حزبی و دەوڵەت-نەتەوە لە بەرانبەر دیموکراتیکبووندا وەک پۆڵا ڕابگرێت. گۆڕانکارییەکان وەک مەترسییەک لەسەر خۆی دەبینێت. هەرێمەکە بکوڵێ و جیهان بگۆڕێت ئەو بیر لە گۆڕانکاری ناکاتەوە. هێشتاش دەیەوێت هەموو شتێک وەک پیش ٢٠١١ بەردەوام بێت.

پێویستە عەقڵیەت چۆن بگۆڕێت، هۆشیاری و ڕێکخستنی گەل چۆن پێکبهێندرێت؟ تاکەی چارەنووسی گەل بۆ هێزی دەسەڵاتداری جێبهێڵدرێت. ئەوانە پرسیارگەلێکی گرنگن. ئەو هێزانەی لە سوریادان دەڵێن ئێمە لایەنگری دیموکراسین دەبێت دەستبەجێ هەنگاوبنێن. ڕووناککردنەوەی گەل ئەرکی سەرەکی ئەوانە. ئاخۆ گەلی سوریا ئاوا دەست و پێ گرێدراوە، سەیری یاریی هێزەکانی دەرەوە و حکومەتی شام بکات؟

گەلی سوریا خواستی دیموکراسی و ئاشتی هەیە. سوریا چەندە دیموکراتیک ببێت ئەوەندە کێشەکانی چارەسەر دەکات و یەکێتی ناوخۆی دێنێتەئاراوە. بە قەدەغە و نکۆڵێکردنی کێشەکانەوە سەرکەوتن دروست نابێت. وێڕای هەموو شتەکان لە جیهاندا، هێشتاش تەڤگەری گەل هەیە و گەل لە کۆڵانەکاندا نەکشاوەتەوە و دواکاری مافە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەیە. سوریاش بەشێکی ئەم جیهانەیە و وڵاتێکە پێویستییەکی زۆری بە دیموکراسی و ئاشتی هەیە. لەبەر ئەمە دەبێت گەل و ڕۆشنبیرانی سوریا ئەو خۆڵە مردووە لەسەر ڕووی خۆیان لابەرن، خاوەنداری لە وڵات و ئایندەی وڵاتەکەیان بکەن. مەگەر کاتی پڕکردنەوەی کۆڵانەکان بە جوڵە و داواکردنی ئاشتی و دیموکراسی نەهاتووە؟ لە دەرەوەی ئەمە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا گەل بەشێوەیەکی کاریگەر لە گۆرەپانی سیاسیدایە و گۆڕەپانەکان وەک پێویست لە جوڵەدایە. کاتی گشتاندی ئەمە بە هەموو سوریادا هاتووە.

سەرچاوە: رۆژنامەی رۆناهی