بە دیمەن

تەڤ-چاند: بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان بەرپرسیارین

تەڤ-چاندی کانتۆنی فورات دژی هێرشەکان لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "پێشەنگایەتی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی دەکەین. چۆن بە قەڵەم و هونەرەکەمان خزمەتی کۆمەڵگەی خۆمانمان کرد، ئەمڕۆش بە هەموو هێز و ڕێبازی خۆمان بەرخۆدان دەکەین".

تەڤ-چاندی کانتۆنی فورات لەبەردەم ناوەندی چاند و هونەری باقی خەدۆ لە دژی هێرشەکان لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕاگەیاندراوێکی بڵاوی کردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن نەجلا ئەل بۆزان خوێنرایەوە و بەمجۆرەیە:

"دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و فاشیست دووژمنی گەلی کوردە. هەبوونی خۆی لە نەبوونی کوردا دەبینێت. بۆ ئەوەی قڕکردنی گەلی کورد بگاتە ئامانج هەموو شێوازێکی خراپ و بێ ئەخلاقانە بەکاردێنێت. هێرشی دژە مرۆڤانە و نا یاسایی دەرهەق بە گەلەکەمان دەکات. لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا هەموو هێزە جیهانییەکان بێدەنگن و هاوکاری دەوڵەتی تورکی فاشیستن.

ئێستا دەوڵەتی تورکی فاشیست لە چوارچێوەی هەمان سیاسەتی داگیرکاری و قڕکردن لە شەهبا و حەلەب دەستی پێکردوە. ئامانجی لەو هێرشانە تەنها شەهبا و حەلەب نییە، بەڵکو خواستی ئەوەی هەیە تەواوی خاکی سووریا داگیربکات، بەتایبەتی خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەو چەتانەی کە لە دەوری خۆی کۆیکردۆتەوە هەموویان تاڵنکار و کۆیلەی دەوڵەتی تورکن. دووژمنی سروشت و ژن و کۆمەڵگەن. بڕۆنە هەر شوێنێک وێرانی دەکەن، و دەستی بەسەردادەگرن و تاڵانکاری دەکەن. دەوڵەتی تورک دوژمنی مرۆڤایەتییە.

لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا گەلەکەمان بەرخۆدان دەکات. هێزی پاراستنمان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە شەڕ دەکات و گەلەکەمان لە بەرانبەر ئەم هێرشانە دەپارێزێت. هێزە سەربازییەکانمان وگەلەکەمان پێکەوە بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی بەرخۆدان دەکەن. وڵاتی خۆمان، خاکەکەمان، کۆمەڵگاکەمان دەپارێزین. دەست لە ئازادی و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریمان هەڵناگرین.

وەک هونەرمەند و ڕۆشنبیر، ئەندامانی چاند و هونەر و ئەدەب لە بەرانبەر ئەم هێرش و داگیرکارییە تاوەکو کۆتایی بەرخۆدان دەکەین. پێشەنگایەتی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ دەکەین. چۆن بە قەڵەم و هونەرەکەمان خزمەتمان بە کۆمەڵگاکەمان کرد، ئەمڕۆ بە هەموو هێز و ڕێبازێک تێکۆشان دەکەین. پاراستنی خاک، وڵات، کەلتوور و زمانمان ئەم بەرپرسیارێتییە دەخاتە ئەستۆمان.

پیرۆزبایی لە شەڕڤانەکانمان دەکەین کە لە بەرەکانی شەڕدان و بە دڵ و بە گیان لەگەڵیانداین. بەرخۆدانی گەلەکەمان لە شەهبا و حەلەب پیرۆز دەکەین و هەر شتێک بکەوێتە ئەستۆمان ئامادەین. بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین بەبێ دوودڵی بەشداری پاراستنی وڵات بکەن. سەرەڕای مەترسییەکان دەرفەتمان هەیە وا بکەین جیهان وەک وڵاتێکی ئازاد قبووڵمان بکات.

وەک نەتەوەی دیموکراتیک؛ کورد، عەرەب، ئاشوور، سریانی و ئەرمەنی و چەرکەسی و هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە پێکەوە بەرخۆدانەکەمان بە سەرکەوتووی بکەین بە ئامانج. جارێکی تر بانگەواز لە هەموو گەلی جیهان دەکەین کە پشتیوانیمان بکەن. بە تایبەتی بانگەواز لە هەموو هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی جیهان دەکەین کە بێدەنگ نەبن. سەرکەوتنی گەلەکەمان سەرکەوتنی مرۆڤایەتی ئازاد و دیموکراتیکە. ئەم شۆڕشە کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستبووە، نوێنەرایەتی بەهاکانی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی دەکات.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەفەربەری ڕاگەیاندووە. بە هەموو هێزمانەوە بەشداری ئەم سەفەربەرییە دەبین و دەڵێین؛ بە ساز و بەڵێنی خۆتان، بە دەنگ و ڕەنگی خۆتان، بە قەڵەم و فیکرتان، بە کۆشش و چالاکییەکانتان بەشداری ئەم بەرخۆدانە بکەن.  ڕۆژ ڕۆژی خاوەندارێتییە لە کەرامەت و ڕۆژی پاراستنی گەل و خاکە".